زۆرینەی فەرەنسییەكان پشتیوانی لە سیاسەتی سەرۆكی وڵاتەكەیان ناكەن

 زۆرینەی فەرەنسییەكان پشتیوانی لە سیاسەتی سەرۆكی وڵاتەكەیان ناكەن
25 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- زۆرینەی فەرەنسییەكان لەو سیاسەتە نیگەرانن كە سەرۆكی وڵاتەكەیان فرانسوا هۆڵاند پەیڕەوی دەكات.

سەنتەری \"ئیفۆپ\"" ڕاپرسییەكی بڵاو كردووەتەوە و، ئەنجامەكەی ئەوە پێشان دەدات كە تەنیا 26%ی فەرەنسیەكان پشتیوانی لەو سیاسەتە دەكەن سەرۆكی وڵاتەكەیان پەیڕەوی دەكات.

ڕاپرسیەكە ئەوەیش ئاشكرا دەكات 73%ی فەرەنسییەكان پێیان وایە فرانسوا هۆڵاند لە ماوەی 13 مانگی سەرۆكایەتیكردنی وڵاتدا بە تەواوی شكستی هێناوە و، نەیتوانیوە هیچ كام لە كێشەكانی فەرەنسا چارەسەر بكات، لەوانەیش كێشەی ئابووری كە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەورەتر دەبێت.

ئەنجامدانی ئەم ڕاپرسیە لە كاتێكدایە مانگ لە دوای مانگ ژمارەیەكی زیاتر لە هاووڵاتیانی فەرەنسا ئیش و كاری خۆیان لەدەست دەدەن.

ئاژانسی زانیاریی فەرمیی فەرەنسا بڵاوی كردەوە ئێستا ڕێژەی 10.3%ی دانیشتوانی فەرەنسا ئیش و كاریان نیە، ئەو ئاژانسە فەرمییەی فەرەنسا ئەوەیشی ڕوون كردووەتەوە كە قەیرانی ئابووریی وڵات تاكو ساڵی داهاتوویش چارەسەر ناكرێت و، پێشبینی ئەوەیشی كردووە مانگ لە دوای مانگ ئەم ڕێژەییە بەرزتر بێتەوە.

فرانسوا هۆڵاند لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ساڵی ڕابردوودا بەڵێنی بە فەرەنسیەكان دا لە ماوەیەكی كورتدا كێشەی بێكاری لە وڵاتدا چارەسەر بكات، بەڵام 13 مانگ بە سەر سەرۆكایەتیكردنییدا تێپەڕیووە و، تاكو ئێستایش نەیتوانیوە ئەم كێشەیە چارەسەر بكات."
Top