میری قەتەر دەسەڵاتی سپارد بە كوڕەكەی
لە وتەیەكیشدا حەمەد بن خەلیفە ئال سانی رایگەیاند:\"دەسەڵاتم رادەستی شێخ تەمیم كرد و بڕوام پێیەتی و جێی متمانەیە و لە ئاست بەرپرسیارێتیشدایە\"".
پرۆفایلی ئەمیر و جێنشینی قەتەر
شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی
حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، لەساڵی ١٩٥٢ لە دەوحە لە دایك بووە و قۆناخەكانی خوێندنی لە قەتەڕ تەواو كردووە. لە ساڵی ١٩٧١ ئەكادیمیای سەربازی ساندێرست –ی شاهانە تەواوكردووە، دواتر چووەتە ریزی هێزەكانی قەتەر.
حەمەد چەند پلەیەكی سەربازی بڕیووە و بووە بە فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی قەتەر و گۆڕانكاری زۆری لە ریزی سوپادا كردووە.
حەمەد بن ئال سانی، لە سالێ ١٩٧٧ بووە بە وەلی عەهد و هاوكات پۆستی وەزیری بەرگری وڵاتیشی وەرگرتووە.
دوای ئەوەش لە ساڵی ١٩٩٥، بە ئەنجامدانی كودەتایەكی سپی بەسەرخەلیفە حەمەد-ی باوكی، بوو بە میری قەتەر.
لە سەردەمی خۆیدا چەند هەنگاوێكی دیموكراسیانەی ناوە لە وڵات. دوای دەنگدانی گشتی، یەكەم دەستووری وڵاتی پەسەند كرد، لەسەردەمی ئەودا هەڵبژاردنی شارەوانی، ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەنجامدران، ئامادەسازی كردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و وەزارەتی راگەیاندنی هەڵوەشاندەوە و رێگای بۆ ئازادی رۆژنامەگەری كردەوە.
لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا گەورەترین بنكەی سەربازی ئەمریكی لە قەتەر كردووەتەوە.
شێخ تەمیم بن حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، وەلی عەهدی قەتەر
وەلی عەهد تەمیم حەمەد بن ئال سانی، لە ساڵی ١٩٨٠لە دایك بووە و قۆناخی خوێندنی لە قوتابخانەی شێربون-ی بەریتانی خوێندووە.
دواتر ئەكادیمیای سەربازی ساندهێرسیت-ی شاهانەی تەواو كردووە، تەمیم بەوە ناسراوە كە مەیلی ئیخوان موسلیمینی هەیە.
خوێندكاری پرۆفیسۆر و زانای كورد عەلی قەرەداخی بووە لە بواری زانستی ئیسلامی، لە ساڵی ٢٠٠٣ برا گەورەكەی جاسم بن حەمەد دەستبەرداری وەلی عەهد بوو و تەمیم شوێنی گرتەووە.
-رووداو"
