لە ئاكامی شەڕو پێكدادانێكی سەخت لە نێوان هێزەكانی سوپای لوبنان لە گەڵ چەكدارانی سەر بە شێخ ئەحمەد ئەلئەسیر لە باشووری لوبنان، 45 كەس كوژران و برینداربوون. لەم بارەیەوە هێزەكانی سوپای لوبنان لە بەیاننامەیەكدا بڵاویان كردەوە، شەڕو پێكدادانەكە لە شاری سەیدای باشووری لوبنان لە نزیك خاڵێكی پشكنینی هێزەكانی سوپای لوبنان روودا لە كاتێكدا چەكدار و لایەنگرانی شێخ ئەحمەد ئەلئەسیر كە یەكێك لە سەرۆك هۆزە دیارەكانی ئەو ناوچەیە هێرشیان كردە سەر ئەو هێزە سەربازانەی سوپای لوبنان و دواتر شەڕەكە بە شێوەیەكی سەخت لە نێوان هەر دوولا روویدا و لە ئاكامدا دە سەرباز و لەگەڵ دوو چەكدار كوژران و هەروەها سی و دووی سەرباز و سێزدە چەكداریش بە سەختی برینداربوون. بە گوێرەی چەند شاهید حاڵێكیش، بە هۆی شەڕەكە و بەكار هێنانی مووشەك و چەكی قورس لە نێوان سەربازانی سوپای لوبنان و چەكدارانی شێخ ئەحمەد ترس و دڵە راوكێی لە نێو دانیشتووانی شاری سەیدا دروست بوو و بەو هۆیەوە ژمارەیەك لە دانیشتووانی شاری ناوبراو ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشت.