هه‌واڵی هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر سوریا، مۆسكۆ نیگه‌ران ده‌كات
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا، ئه‌مڕۆ، پێنج شه‌ممه، له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، \"ئه‌گه‌ر ئه‌و زانیارییانه راستبن ئێمه وه‌ك هێرشێكی بێ بیانوو بۆ سه‌ر چه‌ند ئامانجێكی ناو ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین كه ئه‌مه‌ش سه‌رپێچییه‌كی رونه له په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان‌و قبوڵكراو نییه ئه‌گه‌ر پاڵنه‌ری ئه‌نجامدانه‌كه‌ی هه‌ر جۆره بیانویه‌ك بێت\"".
رۆژی، چوارشه‌ممه، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌رۆیته‌رز-یان راگه‌یاندبوو، فرۆكه سه‌ربازییه‌كانی ئیسرائیل كاروانێكیان له‌نزیك سنوره‌كانی سوریا‌و لوبنان بۆردومانكردووه‌و ئه‌وه‌ش كه كراوه‌ته ئامانج پێده‌چێت ئه‌و چه‌كانه بوبێت كه بۆ حزب الله نێردراوه، له هێرشێكدا كه هه‌ندێك له شاره‌زایان وای ده‌بینن ئاگاداركردنه‌وه‌ی دیمه‌شقه له پرچه‌ككردنی گروپه به‌رهه‌ڵسكاره‌كانی ئیسرائیل له لوبنان.
لای خۆشیه‌وه ته‌له‌فزیۆنی حكومی سوریا، ئیسرائیلی تۆمه‌تباركرد به‌بۆردومانكردنی ناوه‌ندی توێژینه‌وه سه‌ربازییه‌كان له، جمرایا، له نێوان دیمه‌شق‌و سنوره‌كان، به‌ڵام چه‌كدارانی به‌رهه‌ڵسكاری سوریا هه‌واڵه‌كه‌یان ره‌تكرده‌وه‌و ئاشكرایانكرد، هێزه‌كانیان هێرشیان كردوه‌ته‌سه‌ر ناوه‌نده‌كه.
روسیا هه‌وڵی پارێزگاریكردن له سه‌رۆكی سوریا، به‌شار ئه‌سه‌د، ده‌دات له فشاره نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ كۆتایی هێنان به‌و جه‌نگه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی به‌رهه‌ڵسكاری وڵاته‌كه‌ی ماوه‌ی 22 مانگه ده‌ستی پێكردووه‌و بوه‌ته هۆی داروخانی ئه‌و وڵاته‌و كوژرانی زیاتر له 60 هه‌زار كه‌س‌و ئاواره‌بوونی زیاتر له 700 هه‌زاری تر.
روسیا چه‌ندین جار دووپاتی كردوه‌ته‌وه، ده‌ستێوه‌ردانی بیانی‌و بۆ سه‌ر سوریا‌و به‌تایبه‌تیش ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی ره‌تده‌كاته‌وه."
