یەكەمین مونازەرەی تەلەڤزیۆنی نێوان (ئۆباما) و (رۆمنی) بەڕێوە دەچێت

یەكەمین مونازەرەی تەلەڤزیۆنی نێوان (ئۆباما) و (رۆمنی) بەڕێوە دەچێت
3 ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)– ئەمرۆ ڕكابەرایەتیی نێوان پاڵێوراوی پارتی دیموكراتەكان بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا (باراك ئۆباما) و پاڵێوراوی پارتی كۆمارییەكان بۆ ئەو پۆستە (میت ڕۆمنی) دەچێتە قۆناغێكی نوێ و زۆر گرنگەوە، چونكە یەكەمین مونازەرەی تەلەڤزیۆنی لە نێوان هەردوو پاڵێوراودا بەڕێوە دەچێت.

كاتی بەڕێوەچوونی مونازەرە تەلەڤزیۆنییەكە
مونازەرە تەلەڤزیۆنییەكە لە كاتژمێر 9ی شەو بە كاتی ئەمەریكا دەست پێدەكات و تاكو كاتژمێر 10:30 بەردەوام دەبێت. پێشكەشكاری مونازەرەكە ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگ و بەئەزموونی ئەمەریكی (جیم لیهرەر)ە. (لیهرەر) تاكو ئێستا چەندین جار پێشكەشكاری مونازەرەی تەلەڤزیۆنی پاڵێوراوەكانی پۆستی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا بووە.

ئەم مونازەرەیە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لە كەناڵەكانی \"ئەی بی سی\"" و \""سی بی ئێس\"" و \""فۆكس\"" و\""ئێن بی سی\"" و \""سی ئێن ئێن\"" و \""فۆكس نیوز\"" و چەندین كەناڵی دیكەوە پەخش دەكرێت.

بابەتی سەرەكیی مونازەرە تەلەڤزیۆنییەكە
ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە تایبەتە بە سیاسەتی ناوخۆی ئەمەریكا و پێشبینیش دەكرێت بواری ئابووری بابەتی سەركیی مونازەرەكە بێت، چونكە ئێستا ئیش و كار لای دەنگدەری ئەمەریكا گرنگترین بابەتە.

مونازەرەكە بە سەر 6 بەشدا دابەش دەكرێت و ماوەی هەریەكەیان 15 خولەكە. لە سەرەتای هەر بەشێكدا پێشكەشكاری پرۆگرامەكە پرسیارێك دەكات و هەریەكە لە (ئۆباما) و (رۆمنی)ـیش تەنیا 2 خولەك ماوەیان هەیە بۆ ئەوەی وەڵامی بدەنەوە. (لیهرەر) گوێ بۆ قسەی ئەم 2 پاڵێوراوە دەگرێت و هەر لەم قسانەیشەوە پرسیار دروست دەكات و ئاراستەی پاڵێوراوەكانی دەكات.

ئامادەكاری بۆ مونازەرەكە
ماڵپەڕی \""سی ئێن ئێن\""ی ئەمەریكی چەند زانیارییەكی دەربارەی ستراتیژیەتیی ئەم دوو پاڵێوراوە بۆ ئەم مونازەرە تەلەڤزیۆنییە بڵاو كردووەتەوە. \""

سی ئێن ئێن\"" دەڵێت: (رۆمنی) خاڵە لاوازەكانی سیاسەتی ناوخۆی (ئۆباما) باس دەكات و لەو ڕێگایەیشەوە هێرش دەكاتە سەر ناوبراو.

هەرچی (ئۆباما)یشە \""بە جۆرێك وەڵام دەداتەوە وەكو ئەوەی قسە بۆ خەڵكی ئەمەریكا بكات\""، واتە ناوبراو باس لەو بەربەستانە دەكات، كە وایان كردووە نەتوانێت كێشەكانی ئەمەریكا چارەسەر بكات، بە تایبەتی قەیرانی ئابووریی وڵاتەكەی.

سەركەوتن و شكستی پاڵێوراوەكان
(ئۆباما) بەهرەیەكی تایبەتی لە قسەكردندا هەیە، بەڵام بەردەوامی كێشەكانی ناوخۆی ئەمەریكاش وا دەكات ناوبراو نەتوانێت هاوشێوەی 4 ساڵ پێش ئێستا قسە بكات، ئەوەیش كاتێك لە مونازەرە تەلەڤزیۆنییەكاندا ڕووبەڕووی ڕكابەرەكەی واتە ( جۆن مەككین) دەبووەوە.

ئەگەر بێت و (ئۆباما) نەتوانێت بە سەركەوتوویی لەم مونازەرە تەلەڤزیۆنییەدا بێتە دەرەوە، ئەوا ڕووبەڕووی كێشەیەكی گەورە دەبێتەوە و جەماوەرێكی زۆر لەدەست دەدات.

ئەگەر هاتوو (رۆمنی)ـش نەیتوانی سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت بۆ ڕوونكردنەوەی پلان و ئایدیاكانی بۆ خەڵكی ئەمەریكا، ئەوا ئاستی جەماوەری زیاتر لە هەرێمەكاندا دادەبەزێت.

مونازەرەكانی دیكە
2 مونازەرەی دیكەی تەلەڤزیۆنی لە نێوان ئەم دوو پاڵێوراوەدا بەڕێوە دەچن. یەكەمیان لە ڕۆژی 16ی مانگدا دەبێت و بابەتی سەرەكیشی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریكا دەبێت.

مونازەرەكەی دیكەش لە ڕۆژی 22ی ئەم مانگەدا بەڕێوە دەچێت و ئەویش تایبەت دەبێت بە سیاسەتی دەرەوە.

هاوكات ڕۆژی 11ی ئەم مانگەش پاڵێوراوی پارتی كۆمارییەكان بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا (پۆڵ ڕایان) و پاڵێوراوی پارتی دیموكراتەكان بۆ ئەو پۆستە (جۆزیڤ بایدن) مونازەرەیەكی تەلەڤزیۆنی ئەنجام دەدەن.

گرنگیی مونازەرە تەلەڤزیۆنییەكە بۆ هەردوو پاڵێوراو
(تۆد گراهام) لە ماڵپەڕی \""سی ئێن ئێن\""ـی ئەمەریكیدا ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و تیایدا هاتووە، (رۆمنی) شارەزاییەكی زۆری لە بواری ئابوورییدا هەیە، هەربۆیەیش دەتوانێت كێشەی گەورە بۆ (ئۆباما) دروست بكات، چونكە تاكو ئێستایش قەیرانی ئابووریی ئەمەریكا بەردەوامە و (ئۆباما)یش نەیتوانیوە ئەم كێشەیە چارەسەر بكات.

(گراهام) هەروەها دەڵێت: (رۆمنی) لە سیاسەتی دەرەوەیشدا كەسێكی زۆر زیرەك و ووردە و لەم بوارەیشدا دەتوانێت دەیان نیشانەی پرسیار لە سەر سیاسەتی دەرەوەی (ئۆباما) دابنێت، بە تایبەتی ئەوەی، كە پەیوەندیی بە پرسی ئەتۆمی كۆماری ئیسلامیی ئێران و قەیرانی ئێستای سوریا و چاوپۆشیكردن لە سیاسەتی هەڵەی ئابووریی چینەوە هەیە.

(گراهام) هەروەها نووسیویەتی (ئۆباما) كەسێكی قسەزانە و لە كاتی ڕەخنەگرتنیشدا لە سیاسەتەكەی تێك ناچێت و ئەمانەیش چەند خاڵێكی زۆر بەهێزی ئەم كەسەن. ئەم نووسەر دەڵێت ڕاپرسییەكان لە كاتی ئێستادا لە بەرژەوەندی (ئۆباما)دان.

هەربۆیەش ئەگەر هاتوو ناوبراو لەم مونازەرە تەلەڤزیۆنیەدا سەركەوتوو بوو، ئەوا زۆر ڕێی تێدەچێت لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی داهاتوودا سەركەوتن بەدەست بهێنێتەوە. ئەوەی كە پەیوەندی بە (رۆمنی)ەوە هەیە بارودۆخەكە جیاوازە، چونكە ئێستا ڕاپرسییەكان لە بەرژەوەندی ئەودا نین.

هەربۆیەش ئەگەر هاتوو ناوبراو نەیتوانی مونازەرە تەلەڤزیۆنییەكە لە بەرژەوەندی خۆی كۆتایی پێ بهێنێت، ئەوا زۆر ڕێی تێدەچێت لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی مانگی داهاتوویشدا شكست بهێنێت.

ڕاپرسییەكان لە بەرژەوەندیی (ئۆباما)دان
زۆربەی هەرێمەكانی ئەمەریكا ڕكابەرایەتیی نێوان ئەم 2 پاڵێوراوەیان تێدا نییە، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی ژمارەیەك لە هەرێمەكان پارتی كۆمارییەكان تیایدا جەماوەری زیاترە و ژمارەیەكی دیكەیشیان پارتی دیموكراتەكان تیایدا زۆرینە پێك دەهێنن.

هەربۆیەیش ئەو هەرێمانەی كە دەمێننەوە و ڕكابەرایەتیی توندیان تێدایە تەنیا چەند هەرێمێكن. ئەم هەرێمانەن بڕیار لە سەر ئەوە دەدەن، سەرۆكی داهاتووی ئەمەریكا كێیە.


-هەولێر"
Top