وشیار زێبارى لە كۆبوونەوەى وەزیرانى دەرەوە لە قاهیرە ئامادە دەبێ
قەیس عەزاوى نوێنەری عێراق لە كۆوەندی عەرەبی جەختى لەسەر ئامادەبوونى زێبارى لەو كۆبوونەوەیە كردەوە و بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، عێراق گرینگی بەپرسی سووریا دەدا، بەتایبەت كە سازكردنى كۆبوونەوەى لووتكەى سەرانى عەرەبی لە بەغدا نێزیك بووەتەوە، بۆ ئەوەى كۆدەنگییەك لەبارەى تەنگژەی سووریا بێتە ئاراوە.
عەزاوى گوتى، هەڵوێستی عێراق لەگەڵ هەر كۆدەنگییەكدایە كە وڵاتانى عەرەبی بڕیارى لەسەر دەدەن، ئەم هەڵوێستەش لەلایەن وەزیری دەرەوەوە جەختى لەسەر كراوەتەوە.
سبەى قاهیرە مێوانداریی چوار كۆبوونەوەى وەزیرانى دەرەوەى وڵاتانى عەرەبی دەكا، سەرەتا وەزیرانى دەرەوەى ئەنجوومەنى هاریكاریی كەنداو بەسەرۆكایەتیی سعوودیە بۆ یەكخستنى هەڵوێستی ئەو وڵاتانە لەهەمبەر تەنگژەى سووریا كۆدەبنەوە، پاشان وەزیرانى دەرەوەى لێژنەى وەزارەتى تایبەت بەو تەنگژە كۆ دەبنەوە، دواتریش ئەنجوومەنى كۆوەندیی عەرەبی بەسەرجەم دەستەكانییەوە كۆ دەبێتەوە، دوایین كۆبوونەوەش كۆبوونەوەى وەزیرانى لێژنەى دەسپێشخەری ئاشتیی عەرەبی تایبەت بەفەلەستین دەبێ كە مەحموود عەباس سەرۆكى فەلەستینی تێیدا ئامادە دەبێ.
