یونسێف: نیو ملیۆن منداڵی یەمەنی لەمەترسی مردندان

یونسێف: نیو ملیۆن منداڵی یەمەنی لەمەترسی مردندان
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ منداڵ (یونسێف) رایگەیاند: زیاتر لە نیو ملیۆن منداڵی یەمەنی لەبەردەم مەترسی مردندان و بەدەست کاریگەرییەکانی برسیەتییەوە دەناڵێنن ئەگەر بە زوویی رێگە چارە بۆ بەرگرتن لەو دیاردەیە بەهۆی ململانێ و هەژاری و وشکەساڵییەوە نەگیرێتە بەر.

ماریا کالیفیسی بەڕێوەبەری هەرێمی لە رێکخراوی یونسێف گوتی بەدخۆراکی دەتوانرێ بەری لێبگیرێ، لەبەرئەوە کەمتەرخەمی نواندن بەرامبەری کارێکی نەشیاوە.

بەرپرسە نێودەوڵەتییەکە دوای سەردانی یەمەن کە ماوەی 2 رۆژی خایاند و چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتەی بەسەر کردەوە ئەو لێدوانەی دا.

هەروەها لە لێدوانی بۆ سەنتەر دەنگوباسی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی ململانێیەکان و هەژاری و وشکەساڵی، جیا لە کێشە و ناکۆکییەکانی ناو وڵات کە لە ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و خۆراک و داڕووخانی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، هەموویان پێکەوە هەڕەشە لە تەندروستی منداڵان دەکەن.
هەروەها یونسێف روونی کردەوە کە یەمەن دووەم وڵاتی جیهانە لە دوای ئەفغانستانەوە لە رووی بەرزی رێژەی بەدخۆراکی لە نێو منداڵان چونکە رێژەکەی دەگاتە 58 لە سەد و نزیکەی 30 لەسەدی منداڵان لە هەندێک ناوچە رووبەڕووی بەدخۆراکی توند بوونەتەوە و ئەوەش هاوتای ئەوەیە کە لە هەندێک ناوچەی باشووری سۆماڵ ئێستا بەخۆیەوە دەیبینێت و ئەوەش لەو سنوورەی تێپەڕاندووە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ برسیەتی دانراوە و پێویستی بە راگەیاندنی حاڵەتی لە ناکاو هەیە.

هەروەها گوتی بەدخۆراکی هەروەها تێکچوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان هۆکاری سەرەکین لە زۆرینەی حاڵەتەکانی مردنی منداڵان کە 74 منداڵ لە نێو 2500 منداڵی توشبوی سوورێژە لە ماوەی رابردوودا مردوون.
هەروەها گوتی یەمەن بەدەست بوونی یەک لە بەرزترین رێژەی مردنی منداڵانەوە دەناڵێنێت لەو منداڵانەدا کە تەمەنیان لە خوار 5 ساڵییەوەیە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا کە لە نێو هەر هەزار منداڵی تازە لەدایکبوودا 77 منداڵیان دەمرن و ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە ساڵانە 69 هەزار منداڵ بەر لە گەیشتنیان بە تەمەنی 5 ساڵی دەمرن.
یونسێف داوای دابینکردنی 50 ملیۆن دۆلار کرد بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە یەمەن لە ساڵی 2012دا.
Top