ئەمڕۆ توركیا پەرلەمانی نوێ هەڵدەبژێرێ
بەپێی دواین ئامار ژمارەی دانیشتوانی توركیا 73 ملیۆن و 722 هەزار كەسە و لەوانە زیاتر لە 50 ملیۆنیان مافی دەنگدانیان هەیە.
بەپێی راپرسییەكان، لە هەڵبژاردنەكەی ئەمڕۆ یەكشەمدا پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار (ئەكەپە) زیاتر لە 40%ی دەنگەكان بەدەست دێنێ، دوای ئەو پارتی گەلی كۆماری دێ بە رێژەی 27%ی دەنگەكان، دوای ئەویش پارتی بزووتنەوەی نەتەوایەتی دێ بە نێزیكەی 11%.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی توركیا ئەمانە رێژەی 10% كە پێویستە بۆ چوونە پەرلەمان، بەدەست دێنن و دەچنە پەرلەمانی داهاتوو.
كوردەكانیش وەك كاندیدی سەربەخۆ بەهاوپەیمانیی نێوان حزبە كوردییەكان و ژمارەیەك لە حزبە چەپە توركییەكان لەژێر ناوی \"بارستەی خەبات و ئاشتی و دیموكراسی\"" بەشداریی هەڵبژاردنەكە دەكەن، تا بتوانن بنمیچی 10% تێپەڕێنن. بەپێی راپرسییەكان ئەو بارستەیە دەتوانێ نێزیكەی 30 كورسی بەدەست بێنێ.
بەگوێرەی زانیارییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا، بڕیارە 50 ملیۆن و 189 هەزار كەس سبەی روو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەن بۆ هەڵبژاردنی خولی 24ەمینی پەرلەمانی توركیا، كە لە 550 كورسی پێك دێ.
لە پەرلەمانی ئێستەدا پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار 335 كورسی، پارتی گەلی كۆماری، 101 كورسی، بزووتنەوەی ناسیونالیستیی توركی 70 كورسی، پارتی ئاشتی و دیموكراسی 20 كورسی، بێلایەنەكان 8 كورسی، پارتی چەپی دیموكراسی 6 كورسی و پارتی توركیا یەك كورسی و 9 كورسیش بەتاڵن.
پارتی داد و گەشەپێدان كە لە ساڵی 2001دا دامەزراوە تا ئێستە دوو جار پلەیی یەكەمی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكانی توركیادا بەدەست هێناوە و حكوومەتی پێك هێناوە. لە دواین هەڵبژاردندا لە 2007، توانی 47%ی دەنگەكان بەدەست بێنێ.
-ئاكانیوز"
