فەرەج حەیدەری: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە عێراق چاودێریی هەڵبژاردنی توركیا دەكات
فەرەج حەیدەری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، دادگەی باڵای توركیا كە سەرپەرشتیی پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتیی ئەو وڵاتە دەكات كە یەكشەمی داهاتوو (12حوزیران/یۆنیۆ) بەڕێوە دەچێ، لە رێگەی باڵیۆزی توركیا لە عێراق داوای لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق كردووە بەشداری لە چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتیی توركیا بكەین.
زیاتر گوتی، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان رەزامەندی بۆ چاودێریكردنی پرۆسەكە پێشان داوە و بۆ ئەو مەبەستەش شاندێك رەوانەی توركیا دەكەین.
حەیدەری روونی كردەوە، شاندی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان 3 شارەزای كۆمسیۆن لە فەرمانگەی رێوشوێنەكان و كردارەكان لە خۆ دەگرێ.
ئاماژەی كرد، بڕیارە شەمووی داهاتوو (11 حوزیران/یۆنیۆ) چاودێرەكان بۆ چاودێریی پرۆسەكە سەردانی توركیا بكەن، ئەوەش بەهۆی بێلایەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق لەو هەڵبژاردنانەی لە ماوەی رابردوودا لە عێراق بەڕێوە چوون.
بڕیارە 12ی ئەم مانگە (حوزیران/یۆنیۆ) زیاتر لە 50 ملیۆن دەنگدەری توركی روو لە سیپەكانی دەنگدان بكەن لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی توركیا و بۆ ئەو مەبەستەش 7 هەزار 492 پاڵاوكی سەر بەپارتەكان و 203 پاڵاوكی سەربەخۆ خۆیان پاڵاوتوە.
