ئێران گەمارۆ دەخاتە سەر 26 بەرپرسى ئەمەریكایی

ئێران گەمارۆ دەخاتە سەر 26 بەرپرسى ئەمەریكایی
وتەبێژی لێژنەى تەناهیی نیشتمانى و سیاسەتیی دەرەوەى پەرلەمانى ئێران راى گەیاند، رۆژى سێشەم پلانى گەمارۆخستنە سەر 26 بەرپرسى ئەمەریكایی بەتۆمەتى پێشێلكردنى مافى مرۆڤ لەم لێژنەیە یەكلا دەكرێتەوە.

بەپێى هەواڵى دەنگوباسى \"ئیرنا\""ى ئێرانى ، كازم جەلالى گوتى \""لە كۆبوونەوەى ئەمڕۆدا گفتوگۆ لەبارەى پلانى گەمارۆخستنە سەر بەرپرسانى ئەمەریكایی دەستى پێ كرد\"".

ناوبراو هەروەها راى گەیاند \""لەم پلانەدا ناوى 26 بەرپرسى ئەمەریكایی كە دەستیان بووە لە پێشێلكردنى مافى مرۆڤ لە عێراق و ئەفغانستان و هەروەها پاڵپشتییان لە تیرۆریستان كردووە و یا لە قاچاخچییەتیكردنى مادەى هۆشبەر دەستیان هەبووە، دەستنیشان كراوە\"".

بەگوتەى جەلالى ئەگەر ئەم پلانە لە پەرلەمانى ئێران دەنگ بهێنێتەوە، ئێران گەمارۆ دەخاتە سەر ئەو كەسانە و سزایان بۆ دەبڕێتەوە.

لەم هەواڵەدا وردەكاریى زیاتر لەبارەى ناو و پۆستى ئەو بەرپرسە ئەمەریكایییانە رانەگەیەنراوە.

بەم دوایییە ئەمەریكا بەتۆمەتى پێشیلكردنى مافى مرۆڤ گەمارۆى خستە سەر چەند بەرپرسى باڵاى ئێران.بڕیار وایە رۆژى سێشەم یەكەتیی ئەوروپا گەمارۆى خۆى بۆ سەر نێزیكەى 100 كۆمپانیا و بانكى ئێرانى رابگەیەنێت. "
Top