ئەنجوومەنی ئاسایش بارودۆخی یەمەن تاووتوێ دەكا

ئەنجوومەنی ئاسایش بارودۆخی یەمەن تاووتوێ دەكا
ئەنجوومەنی تەناهیی نەتەوە یەكگرتووەكان بەنیازە لە یەكەم هەڵوێستی رەسمیدا لەسەر تەنگژەى یەمەن كۆبوونەوەیەكی تایبەت ئەنجام بدا كە ئاڵۆزییە ناوەخۆیییەكانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆی وڵاتان دەستی پێ كردووە.

ماڵپەڕی (ڤی ئۆ ئەى)ی ئەمەریكایی شەوی رابردوو بڵاوی كردەوە، وڵاتانی بەهێزی ئەنجوومەنی ئاسایش و بەتایبەت ئەڵمانیا لەبارەى سازدانی كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەن لەبارەى دۆخی یەمەن كۆكن و بەنیازن لەو رێگەوە هانی گفتوگۆ و تێگەیشتنی لایەنەكانی ئەو پرسە بكەن تا دۆخەكە هێور بێتەوە.

سەرچاوە رەسمییەكانی UN ئاماژە دەكەن كە رووسیا و چین رێگە نادەن رەشنووسێكی تایبەت لەبارەى یەمەن بگاتە ئەنجوومەنی ئاسایش تا وەك لیبیا بڕیاری لەبارەوە بدرێ.

سەرچاوەكە باسی لە كاتی ئەو كۆبوونە رەسمییە نەكردووە و تەنیا وەك لێكگەیشتنێكی لایەنەكان بۆ ئەو دانیشتنە ئاماژەی پێ دەكا كە تا ئێستە تەنیا باسی لەسەرە.

زیاتر لە مانگێكە زنجیرە خۆپێشاندانی جەماوەری یەمەنی گرتووەتەوە كە نیوەی دانیشتوانی 23 ملیۆنی ئەو وڵاتە چەكی هەیە، خۆپێشاندەران داوای چاكسازیی بنەڕەتی و لاچوونی سەركۆمار دەكەن، بەڵام دەسەڵات لەسەر چاكسازیی بنەڕەتی رازی بووە، ئەو دۆخە بەرەو تێكهەڵچوونی تەناهی رۆیشت كە زیاتر بەسەنعای پایەتەختەوە دیارە، تا ئێستە كوژرانی زیاتر لە 120 خۆپێشاندەر و برینداربوونی سەدانی تر تۆمار كراوە.
Top