بۆ زانیاریت، مێشك ناوەندی بڕیاردان نییە
مێشك ڕەنگە خاوەنی ناوەندێكی دیاریكراو نەبێت بۆ بڕیاردان، وەك ئەوەی پێشتر وامان دەزانی، توێژینەوە نوێیەكانی بواری دەمارناسی ئاماژە بەوە دەكەن كە مێشك هیچ ناوچە یان «ناوەندێكی بڕیاردان»ـی جیاكراوەی تێدا نییە كە ئەركی هەڵبژاردن و بڕیاردان لە ئەستۆ بگرێت بەر لەوەی كردەكان جێبەجێ بكرێن. بۆ ماوەیەكی زۆر، مۆدێلە باوەكان وایان دەخەمڵاند كە بڕیاردان بە ڕیزبەندییەكی ڕووندا تێدەپەڕێت: سەرەتا زانیارییە هەستییەكان وەردەگرین، پاشان بڕیارێكی هۆشمەندانە دەدەین، لە كۆتاییشدا جەستە ئەو كارە ئەنجام دەدات. ئەم تێڕوانینە بە «مۆدێلی ساندویچ» ناسراوە، چونكە پرۆسەی بڕیاردان وەك ئەڵقەیەكی ناوەڕاست لە نێوان هەستكردن و جووڵەدا دادەنێت، بەڵام توێژینەوەیەك كە لەلایەن توێژەر «تۆم جەیمس»، مامۆستای زانكۆی «ئیندیانا» ئەنجام دراوە، تێڕوانینێكی جیاواز پێشكەش دەكات، جەیمس پێی وایە لە جیاتی بوونی «بڕیاردەرێكی» ناوەندی لە نێو مێشكدا، ڕەفتار لە ئەنجامی كارلێكی بەردەوام و خولاوەیی نێوان مێشك و جەستە و ژینگە دروست دەبێت. ئەم تێڕوانینە ناو لەم پرۆسەیە دەنێت «هەڵبژاردنی كردە»؛ بەو پێیەی زانیارییە هەستییەكان، باری جەستە و دەوروبەر بەردەوام كارلێك دەكەن، تا لە كۆتاییدا ڕەفتارەكان بە شێوەیەك دەردەكەون كە وەك بڕیارێكی هۆشمەندانەی جیاواز دەبینرێن. بەو پێیە، «بڕیاردان» ڕەنگە ڕووداوێكی دیاریكراو نەبێت كە لە یەك ناوەندی مێشكدا ڕوو بدات، بەڵكو دەكرێت وەسفێكی كورتكراوە بێت بۆ پرۆسەیەكی ئاڵۆز و بەردەوام لە كارلێكی نێوان هەست و جووڵە و ژینگە. ئەگەر ئەم تێڕوانینە ڕاست بێت، ڕەنگە توێژەران ناچار بكات پێداچوونەوە بكەن بەو شێوازەی كە ئێمە لە هۆش، ئیرادە و بڕیاردان تێدەگەین، هەروەها ڕەنگە ببێتە هۆی گۆڕینی تێگەیشتنمان بۆ پەیوەندیی نێوان مێشك و ڕەفتار.
