بێكەس بەرواری، لە دهۆك: فەزای دیجیتاڵ سنوورەكانی تێپەڕاندووە و كوردانی جیهانی لە دەوری یەك شوناس و چارەنووسی نەتەوەیی هاوبەشدا یەكخستووە

بێكەس بەرواری،  لە دهۆك:  فەزای دیجیتاڵ سنوورەكانی تێپەڕاندووە و كوردانی جیهانی لە دەوری یەك شوناس و چارەنووسی نەتەوەیی هاوبەشدا یەكخستووە

 

 

دیاسپۆرای كورد لە سەردەمی نوێدا، لە كۆمەڵە كۆچبەرێكی پەرشوبڵاوەوە گۆڕاوە بۆ هێزێكی ستراتیژیی خاوەن وزەی مەزنی مرۆیی، هزری و ئابووری. ئەمڕۆ كوردانی دەرەوە تەنیا چاودێر نین، بەڵكوو كاراكتەری كاریگەرن لە كایە سیاسی، ئەكادیمی و پیشەییەكانی ئەو وڵاتانەی لێی نیشتەجێن. ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو بە ڕوونی دەریخستووە كە ئەم پێكهاتە زیندووە لە قۆناغی حزبیبوون‌ و ململانێی تەسك و ئایدیۆلۆژی تێپەڕیوە و گەیشتووەتە ئاستێكی باڵا لە شوناسی نیشتمانی‌. ئەمڕۆ هەر ڕووداوێكی سیاسی، یان مرۆیی لە هەر پارچەیەكی كوردستان، دەبێتە خەمێكی گشتگیر و هەڵوێستێكی نەتەوەیی یەكگرتوو لە سەرانسەری جیهاندا، ئەمەش ئەو هێزە شاراوەیەیە كە دەتوانێت مێژوویەكی نوێ بنووسێتەوە.

ئەگەرچی تائێستا لۆبییەكی كوردستانیی ڕێكخراو وەك لۆبییە كاریگەرەكانی دیكەی جیهان بوونی نییە، بەڵام پەرشوبڵاویی پارتە سیاسییەكان نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم دروستبوونی كاردانەوەی ملیۆنی. كوردانی دەرەوە سەلماندوویانە كە لە كاتی تەنگانەدا، سنوورە دەستكردەكان دەبەزێنن و دەبنە دەنگێكی هاوبەش. ئەم هێزە مەزنە ئەگەر بە شێوەیەكی مۆدێرن، زانستی و دامەزراوەیی ڕێكبخرێت، دەبێتە گەورەترین فشاری سیاسی لەسەر كایەی سیاسیی ناوخۆی هەر چوار پارچەی كوردستان، بۆ ئەوەی هێزە ناوخۆییەكان ناچار بە یەكگرتن، هاوئاهەنگی و دروستكردنی هاوسەنگییەكی نەتەوەیی بكەن. بەو پێیەی دیاسپۆرا لە ژینگەیەكی دیموكراتدا گەورە بووە، دەتوانێت مۆدێلێكی سیاسی پێشكەش بكات كە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان بخاتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی دیكەی حزبییەوە.

لە لایەكی دیكەوە، دەرفەتە زانستی و ئەكادیمییەكان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، نەوەیەكی خاوەن پسپۆڕی بەرزی كوردییان بەرهەمهێناوە كە لە پەرلەمانەكان، ناوەندەكانی بڕیار و زانكۆ جیهانییەكاندا خاوەن پێگەی كاریگەرن. لێرەدا ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە نیشتمانییەكانە كە پردێكی پەیوەندیی پتەو لەگەڵ ئەم سەرمایە مرۆییە دروست بكەن. پێویستە ژێرخانی مەعریفیی ناوخۆ لە ڕێگەی گواستنەوەی ئەزموون، تەكنەلۆژیا و سیستەمە پێشكەوتووەكانی ئەو وڵاتانەوە دەوڵەمەند بكرێت. مرۆڤی كورد لە هەر شوێنێك دەرفەتی بۆ بڕەخسێت، تواناكانی بە باشترین شێوە دەردەخات، بۆیە پێویستە ئەم وزە بێپایانەی دیاسپۆرا لە پڕۆژەی پەروەردەیی و گەشەپێدانی نیشتمانیدا بە ڕێگەیەكی ڕێكخراو بەكاربهێنرێت، تا دووریی نێوان ناوخۆ و دەرەوە كەم ببێتەوە و ببێتە یەك یەكەی مەعریفی.

فەزای دیجیتاڵیش ڕۆڵێكی مێژوویی لەم یەكگرتنەدا دەگێڕێت. چیتر سنوورە جوگرافییەكان و سانسۆرە سیاسییەكان ناتوانن ڕێگر بن لەبەردەم گواستنەوەی هەست و خەمی هاوبەش. جڤاكێكی خەیاڵیی یەكگرتوو‌ لە فەزای ئۆنڵایندا دروست بووە كە تێیدا كوردان لە هەموو جیهانەوە هەست بە یەك چارەنووس دەكەن. نموونەی وەك ژینا ئەمینی و ڕووداوەكانی ڕۆژئاوا، سەلماندیان كە سۆشیال میدیا دەتوانێت دەنگی كورد بگەیەنێتە ناو جەرگەی بڕیارە جیهانییەكان. ئەم ئامرازە ئەگەر بە هۆشیارییەوە بۆ پەروەردە و گوتاری سیاسی بەكاربهێنرێت، دەبێتە چەكێكی نەتەوەیی بەهێز بۆ تێكشكاندنی ئەو گۆشەگیرییە سیاسییەی كە دوژمنان بەسەر كورددا سەپاندوویانە.

سەبارەت بە هاوسەنگی لە نێوان ئینتیمای نەتەوەیی و هاووڵاتیبوونی وڵاتانی خانەخوێ، دیاسپۆرای كورد نموونەیەكی ناوازەی پێشكەش كردووە. بوون بە هاووڵاتییەكی دڵسۆز و سەركەوتوو بۆ وڵاتانی وەك نەرویج، سوید و فەرەنسا، نەك هەر ناتەبا نییە لەگەڵ كوردایەتی، بەڵكوو دەبێتە هۆی ئەوەی كورد لە پێگەیەكی یاسایی، دیموكراسی و بەهێزەوە خزمەتی دۆزی نەتەوەكەی بكات. مرۆڤ كاتێك لە وڵاتێكی دیموكراتدا هەموو مافەكانی دەپارێزرێت، ئینتیمای بۆ مرۆڤایەتی و بۆ نیشتمانە ڕەسەنەكەی قووڵتر و كاریگەرتر دەبێتەوە.

لە كۆتاییدا، پاشەڕۆژی نەتەوەیی كورد بەستراوەتەوە بەوەی تا چەند دەتوانین هێزی ناوخۆ و وزەی مەزنی دیاسپۆرا پێكەوە گرێ بدەین. دیاسپۆرا دەتوانێت ببێتە ئەو چەترە نەتەوەییەی كە كایەی سیاسیی ناوخۆ لە پەرتەوازەیی ڕزگار بكات و بەرەو یەكگرتنێكی گشتگیر هانیان بدات. ئەم هێزە ئەگەر بە دروستی ئاراستە بكرێت، نەك هەر هاوسەنگیی هێز لە ناوخۆ دەگۆڕێت، بەڵكوو كورد وەك نەتەوەیەكی خاوەن ئیرادە و مۆدێرن بە جیهان دەناسێنێت. ئەمە تەنیا خەون نییە، بەڵكوو پێویستییەكی حەتمی و ستراتیژییە بۆ مانەوە و سەركەوتن لە جیهانی گۆڕانكارییە خێراكاندا.

 

Top