پ.د. نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: هەر ڕەوەندێك پارێزەری ناسنامە و كولتووری نەتەوەكەی خۆی بێت، دەبێتە سەرمایەیەكی ناسیونالیستی

پ.د. نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:  هەر ڕەوەندێك پارێزەری ناسنامە و كولتووری نەتەوەكەی خۆی بێت، دەبێتە سەرمایەیەكی ناسیونالیستی

 

 

پ.د.نەزاكەت حسێن، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ «دا (ڕۆڵی دیاسپۆرای كوردی لە فەزای دەرەوەی نیشتمان بۆ باڵاكردنی ناسیۆنالیزم)، بەم جۆرە دید و تێڕوانینەكانی خۆی خستەڕوو:

ئاشكرایە ئێستا سەردەمی تێكەڵبوون و بەیەكداچوون و تێكچڕژانی نێوان گەل و نەتەوە جیاوازەكانە، بەهۆی كۆچی سیاسی، ئابووری، زانستی، یان گەشتیاری بێت، زیاتر لە هەموو سەردەمێك میللەتەكان تێكەڵ دەبن و جووڵە و هاتوچۆ دروست و ئاسان بووە، ئەمە جگە لە بوونی میدیای دیجتاڵی و جیهانی، كە تەواوی نەتەوەكانی بە یەكتر ناساندووە. ئەمڕۆ میلەتی كورد لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا دەژین و بوونەتە هاووڵاتی و ئەندامی ئەو وڵات و كۆمەڵگەیانە، ئەگەرچی كورد بە هۆی نەبوونی دەوڵەت و ژێردەستیی سیاسی، بەتایبەتی لە ڕابردوودا درەنگتر لە میللەتەكانی دیكە چووەتە دەرەوە، بەڵام دیاسپۆرا بەتایبەتی لەو وڵاتانەی یاسای دایڤێرسیتی كەڵچەریان هەیە، كە ڕێگە دەدەن بەهەر نەتەوەیەك نمایشی كولتووری خۆی بكات، دەرفەتێكی باشە بۆ ناساندنی خۆیان و نەتەوەكەیان و كولتووریان، نەك تەنیا بە جلوبەرگ و زمان، بەڵكو بە ئەنجامدانی چالاكیی جۆراوجۆری وەك ڕۆژی نیشتمانی، جەژنی نەتەوەیی و سازدانی ڤیستڤاڵ و مەراسیم و كردنەوەی پێشانگە و كردنەوەی كۆمەڵگەیەكی تایبەت بە خۆیان بۆ گەشەدان بە پرۆسەی خۆناساندن.

ئەگەر سەرنج لە دیاسپۆرای كوردی بدەین بزانین چەندە توانیویەتی ئەمە ئەنجام بدات، بەندە وەك ئەوەی ساڵانێك لە تاراوگە ژیاوم و سەرنجم لە ڕەوەندەكان داوە، كورد كەمتر لە هەندێك لە میللەتان توانیویەتی كولتوور و فەرهەنگی خۆی دەربخات، ناڵێم هەرنەیكردووە، بەڵكو بۆ كۆمەڵێك هۆكاری ناخودی نەك خودی، لەمەدا بەراورد بە هەندێك نەتەوەی دیكەی وەك عەرەب كە چی دەكەن بۆ كێشەی فەلەستین، پاكستانییەكان چی دەكەن بۆ ناساندنی جلوبەرگ و خواردن و ناسنامەی خۆیان، ئەویش بە هۆی ئەوەی ئەو چوارپارچەیی و دابەشبوونەی كورد لە كوردستان ڕەنگی داوەتەوە، لەوێش لە یەكبوونیان كوردی هەر پارچەیەك زۆرتر لەگەڵ كوردی پارچەكەی خۆی پەیوەندیی هەیە، لەگەڵ یەكتریش بەهۆی ئەوەی كە هەر پارچەیەك بە هۆی داگیركراوی بە دەوڵەتی فارس تورك و عەرەب هەندێك لە كولتووری ئەو دەوڵەتە داگیركەرەی هەڵگرتووە، بۆیە جیاوازی دەدات بە كوردی پارچەكانی دیكە.

 كێشەكانی پارچەكانی كوردستان لێرە، بەشێكی لە تاراوگەش لە ناو كوردا ڕەنگی داوەتەوە، چونكە لە یەك دەوڵەتەوە كۆچمان نەكردووە وەك ڕەوەندی میللەتەكانی دیكە، كولتوور كە خزمەت بە ناسیۆنالیستی دەكات، دەبێ وەك زمان و جلوبەرگ و ئایین و دابونەریت و خواردن و ستایلی ژیان و...هتد بپارێزرێت. ئەوەندەی پاكستانی، هندۆسەكان، یان عەرەبێك دەبینی بە جلوبەرگی خۆیانەوە، كورد نابینی بە جلوبەرگی خۆیەوە. ماوەیەكە مزگەوت و سەنتەر و خواردنگە و چەند شوێنی دیكەی كوردی لە زۆربەی وڵاتاندا هەیە، ئەمەش هەنگاوێكی باشە بۆ خۆناساندن. هەرچەندە لە هەندێك وڵات و شار، كۆمەڵگەیەكیان كردووەتەوە وەك قوتابخانەیەكی كوردی بۆ ئەوەی منداڵەكانیان زمانی دایكیان لەبیر نەچێتەوە، بەڵام هێشتا لەو ئاستەدا نییە كە نەوەكانمان زمانی دایكیان زمانی ئاخاوتنیان بێت تەنانەت لە ماڵەكانی خۆیشیاندا، بەڵام لە ڕووی كۆدەنگی لەسەر هەر زوڵم و چەوساندنەوەیەك بەرانبەر پارچەیەكی كوردستان، لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەو وڵاتانەی كە كوردی تیایە، توانراوە كۆدەنگییەك دروست بكرێت، ناڕەزایەتییەك ئەنجام بدرێت كە كەس جیای نەكردووەتەوە كام كورد هی كام پارچەیە، لە ئەنجامدانی چالاكیی بۆنە نەتەوەییەكانی وەك نەورۆز كورد پێشەنگە، بەڵام لە پەیداكردنی پشتیوانی بۆ پرسی كورد و كێشەكانی كورد، نەمانتوانیوە وەك عەرەبێكی فەلەستینی، یان عەرب بە گشتی، دەنگ و پشتیوانی نەتەوەی دیكە پەیدا بكەین.

ئەڵبەتە سرووشتی كۆچ و بارودۆخی كورد جیاوازە لە نەتەوەكانی دیكە، كورد لە هەڵاتن و گرفتی سیاسی و بەشێكیش بە هۆی ئابوورییەوە كۆچی كردووە و كاتی دەوێت تا ئەو بوارانەی خۆی ڕاست دەكاتەوە، ئەوەشمان لە یاد نەچێت، بەرژوەندەیی هاوبەشی وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریكی ڕۆڵ دەبینێت بۆ پشتیوانیی ڕەوەندێك كە خاوەن دەوڵەت بێت و بەرژەوەندییەكی هەبێت لەگەڵی، وەك لە نەتەوەیەكی وەكو كورد، كە خاوەن دەوڵەت نییە و زۆر جار دەبێتە قوربانیی بەرژەوەندەییەكانی وڵاتانی دیكە. بەگشتی ڕۆڵی دیاسپۆرای كوردی بە هەموو ئەو بارودۆخانەی باسمان كرد لە خزمەت بە ناسیۆنالیستی كوردیدا دیارە. بیرمان نەچێت نوێنەرایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و پارتە سیاسییەكان بە پلەی یەكەم پارتی دیموكراتی كوردستان كە پارێزەری سەرەكیی پرسە نەتەوەییەكەیە، كەم نییە لە خزمەت بە پرسی كوردی و ناسیۆنالیستی كوردیدا.

 

Top