بۆتان ئەحمەد ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار: گۆڕینی چوار ملیۆن كوردی تاراوگە بۆ هێزێكی ڕێكخراو، كلیلی كاریگەریی ستراتیژییە لەسەر ناوەندەكانی بڕیاردان لە ڕۆژئاوادا
بۆتان ئەحمەد، یەكیكە لە ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدارەكانی باكووری كوردستان. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (ڕۆڵی دیاسپۆرای كوردی لە دەرەوەی فەزای نیشتمان بۆ باڵاكردنی ناسیۆنالیزم)، بەم جۆرە دید و تێڕوانین و پێشنیارەكانی خۆی خستەڕوو:
دەستخۆشی لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم كە لەم هۆڵەدا نوێنەرانی هەر چوار پارچەی كوردستانی پێكەوە كۆكردووەتەوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر «ڕۆڵی دیاسپۆرای كوردی لە فەزای دەرەوەی نیشتمان بۆ باڵاكردنی ناسیۆنالیزم» بكەین. بۆیە من لەم دەرفەتەدا دەخوازم زیاتر لەسەر دیاسپۆرای كوردی باكوور هەڵوەستە بكەم.
كاتێك باس لە مێژووی سەرهەڵدان و گەشەسەندنی دیاسپۆرای كوردی باكووری كوردستان لە كیشوەری ئەورووپا دەكرێت، پێویستە وەك پرۆسەیەكی فرەڕەهەندی كۆمەڵایەتی، سیاسی و كولتووری لێی بڕوانین، كە كاریگەرییەكی بنەڕەتیی لەسەر شێوازی بیركردنەوە و ناسنامەی نەتەوەیی كورد لە ناوخۆ و دەرەوە جێهێشتووە. ئەم ڕەوتە مێژووییە لە سەرەتای ساڵانی شەستەكانەوە وەك بزووتنەوەیەكی ئابووری دەستی پێكرد، كاتێك شەپۆلێكی فراوانی خەڵكی باكووری كوردستان بە مەبەستی دابینكردنی بژێوی ژیان و كاركردن لە كارگە پیشەسازییەكانی ئەڵمانیا و وڵاتانی دیكەی ئەورووپا، نیشتمانیان جێهێشت. لەو سەردەمەدا كە بە ساڵانی ١٩٦٠ بۆ ١٩٧٠ دەناسرێت، ژمارەی كۆچبەران گەیشتە ئاستێكی بەرچاو، كە مەزەندە دەكرێت لە نێوان پێنج سەد هەزار بۆ دوو ملیۆن كەسدا بووبێت، كە ئەمەش بناغەی یەكەمین كۆمەڵگەی كوردی لە هەندەران داڕشت. لێرەوە كورد لە دۆخێكی گوندنشینی و كشتوكاڵییەوە فڕێ درایە ناو جەرگەی مۆدێرنیتەی ئەورووپایی، كە دواتر بووە هەوێنێك بۆ گۆڕینی دیدگای سیاسیی تاكی كورد بۆ مافەكانی.
لەگەڵ هاتنی ساڵانی حەفتاكان، ڕەهەندی كۆچ لە ئابوورییەوە بەرەو سیاسی گۆڕدا، بەتایبەت دوای ئەو كودەتا سەربازییانەی كە لە توركیا ڕوویان دا و بوونە هۆی سەركوتكردنی بزووتنەوە چەپ و نەتەوەییەكان. لەم قۆناغەدا بژاردەیەكی ڕووناكبیر و ئەندامانی حزبە كوردییەكان كە لەژێر گوشارێكی توندی دەسەڵاتدا بوون، بۆیە ڕێگەی هەندەرانیان گرتەبەر و وڵاتی سوید بووە ناوەندێكی زێڕین بۆ كۆبوونەوەی ئەم بژاردە دەستەبژێرە. ئەگەرچی لەو كاتەدا پەیوەندییەكی ئەوتۆی جەماوەری لە نێوان ئەم ڕووناكبیرانە و تەواوی میللەتدا نەبوو، بەڵام ڕۆڵێكی مێژووییان لە پاراستن و بووژاندنەوەی زمان و ئەدەبی كوردیدا گێڕا. ئەوان توانییان بە كەڵكوەرگرتن لەو ئازادییە سیاسییەی لە ئەورووپا هەبوو، سیستمی ئەلفوبێی كوردی بە پیتی لاتینی جێگیر بكەن و لە ڕێگەی بڵاوكراوە و گۆڤارەكانەوە زمان بكەنە سەنگەری یەكەمی پاراستنی ناسنامە. كۆنفڕانس و جڤینە نێودەوڵەتییەكانیان دەربارەی زمان و كولتوور، ڕێگەی خۆش كرد بۆ ئەوەی پرسی كورد لە ڕەهەندە مرۆیی و فەرهەنگییەكەیەوە بە جیهان بناسێنرێت، هەرچەندە تا پێش ساڵی ١٩٨٠، ڕێكخستنی سیاسیی بەرفراوان، كە بتوانێت جەماوەرێكی زۆر لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە، هێشتا لە ئاستێكی سەرەتاییدا بوو.
وەرچەرخانە گەورەكە لە دوای كودەتای ١٢ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٠ ڕووی دا، ئەم ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی هەموو حزبە كوردییەكان و چالاكان ناچار بن وڵات بەجێ بهێڵن، لە كاتێكدا بەشێكیان ڕوویان لە لوبنان و سووریا كرد، بەڵام دەستەی سەرەكیی ڕێكخستنەكان و ڕووناكبیرەكان ڕوویان لە ئەورووپا كرد و لێرەوە كار و خەباتی حزبایەتی لە ناو دیاسپۆرادا گەیشتە لووتكە. حزبەكانی وەك كۆمكار، پارتی سۆسیالیستی كوردستان (PSK) بە ڕێبەرایەتیی كەمال بوركای و چەندین ڕێكخراوی دیكە وەك ڕزگاری، دەستیان بە چالاكی كرد، بەڵام لە ناو هەموو ئەمانەدا، پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) توانی بە خێراییەكی سەرسوڕهێنەر پێش بكەوێت و هەژموونی خۆی بسەپێنێت. هۆكاری ئەم سەركەوتنە جەماوەرییەی پەكەكە بۆ چەند خاڵێكی جەوهەری دەگەڕایەوە، یەكەم، دروشمی دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ و یەكگرتوو بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان كە سۆزی نەتەوەیی خەڵكی دەجووڵاند. دووەم، پەكەكە پێیوابوو بێ شەڕی گەریلا و قوربانیدان كوردستان ئازاد نابێت، كە ئەمەش لەگەڵ ئەو تووڕەیی و نائومێدییەدا دەگونجا كە كورد لە ناوخۆی توركیا هەستی پێدەكرد. سێیەم، شێوازی ڕێكخستنی پەكەكە جیاواز بوو، ئەوان تەنیا لە بارەگا و پشت مێزەكان نەدەمانەوە، بەڵكو ئەندامەكانیان ماڵ بە ماڵ و یەك بە یەك پەیوەندییان لەگەڵ مرۆڤەكان دروست دەكرد و سیستمێكی پەیوەندیی مرۆییگەلی چالاكیان داڕشتبوو، كە متمانەیەكی زۆری لای خەڵك دروست كردبوو.
لەلایەكی دیكەوە، پێشەنگایەتیی پەكەكە تەنیا لە ڕێگەی ڕاكێشانی جەماوەرەوە نەبوو، بەڵكو پەنایان بۆ جۆرێك لە توندوتیژی و فشار برد بەرانبەر بە پارتی و ڕێكخراوە كوردییەكانی دیكە، ئەم كارە كە زۆرجار وەك تیرۆری سیاسی و ناوخۆیی وەسف دەكرێت، بووە هۆی ئەوەی ڕێگریی لە كۆنفڕانس و میتینگ و چالاكییەكانی حزبەكانی دیكە بكرێت و بە زەبری هێز و هەڕەشە، گۆڕەپانەكە بۆ پەكەكە چۆڵ بكرێت، ئەمەش وای كرد كە پارتە سیاسییەكانی دیكە پاشەكشە بكەن و پەكەكە ببێتە تاقە هێزی بڕیاردەر لە ناو دیاسپۆرادا. سەرباری ئەم دەسەڵاتە فراوانە، ڕەخنەگری جددی لەسەر شێوازی كاركردنیان هەبوو، زۆرێك پێیانوابوو پەكەكە لە سەرەتادا بزووتنەوەیەكی نەتەوەیی ڕەسەن نەبووە، بەڵكو لاساییكردنەوەی مۆدێلی سۆڤیەتی و ماركسیستی بووە، كە زیاتر جەختی لەسەر ڕێكخستنی چینایەتی و بەرژەوەندیی حزبی دەكردەوە. بە بڕوای هەندێك لە چاودێران، پەكەكە هەموو وزە و توانای مرۆیی و دارایی دیاسپۆرای بۆ خزمەتی مانەوەی خۆی بەكارهێنا، نەك بۆ خزمەتكردنی ستراتیژییەكی نەتەوەیی گشتگیر كە هەمووان تێیدا بەشدار بن. كۆكردنەوەی ملیۆنان دۆلار و هاندانی گەنجان بۆ چوونە ناو شەڕ، زیاتر وەك بەهێزكردنی ئامێری حزبی دەبینرا، نەك بونیادنانی ژێرخانێكی نەتەوەیی بۆ دواڕۆژ.
لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كورددا، دەتوانین بڵێین قۆناغی نێوان ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ٢٠٠٠ وەرچەرخانێكی جەوهەری بوو لە گۆڕینی هاوسەنگییەكانی هێزدا. ئەگەرچی زۆرجار وا دەردەكەوێت كە ئەم گۆڕانكارییانە تەنیا لە ساڵی ٢٠٠٠ بەدواوە بەدیار كەوتبن، بەڵام ڕاستییە مێژووییەكە ئەوەمان پێ دەڵێت كە لەگەڵ ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و دامەزراندنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، مۆدێلێكی نوێ لە خەبات هاتە كایەوە، لێرەوە پەكەكە وەك ڕێكخستنێكی ئایدیۆلۆژی و چەكداری، هێدی هێدی ڕووبەڕووی پاشەكشە بووەوە، چونكە پرسی كورد لە «شۆڕشی بەردەوام»ـەوە گۆڕا بۆ «دەوڵەتداری و دامەزراوەیی». هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی شەرعی، دوور لە لیستی تیرۆر و وەك نوێنەرێكی فەرمیی گەلی كورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ناسێندرا، ئەمەش وای كرد جیهان مامەڵە لەگەڵ حكومەتێكی هەڵبژێردراو بكات، نەك تەنیا پارتێكی سیاسی.
لەو سەردەمەدا، دیپلۆماسیی باشووری كوردستان گەیشتە ئاستێك كە تەنانەت توركیا و وڵاتانی ناوچەكەشی تووشی سەرسوڕمان كرد، زۆرجار بەرپرسانی ئەنقەرە ڕەخنەی ئەوەیان لە دیپلۆماتە نێودەوڵەتییەكان دەگرت كە بۆچی بۆ چارەسەری كێشەكان ڕوو لە هەولێر دەكەن و كەمتر سەردانی ئەنقەرە دەكەن، ئەمە نیشانەی زیندووبوونەوەی ڕێبازی كوردایەتی بوو لە چوارچێوەی دەوڵەتدارییەكی مۆدێرندا. لێ بەدەر لەم سەركەوتنانە، كەلێنێكی گەورە لەو نێوەندەدا هەبوو، ئەویش «لاوازیی ڕێكخستنی جەماوەری و نەتەوەیی» بوو لە دەرەوەی وڵات. ئەگەرچی حكومەت لە ناوخۆدا خاوەندارێتیی لە خاك و نەتەوە دەكرد، بەڵام لە ئەورووپا و وڵاتانی ڕۆژئاوا نەیتوانیبوو ڕێكخستنێكی بەهێزی هاوشێوەی پەكەكە دروست بكات، نوێنەرایەتییەكانی حكومەت تەنیا وەك ئۆفیسی فەرمی مانەوە و نەیانتوانی ئەو وزە مرۆییە گەورەیەی كوردانی تاراوگە بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەكان كۆ بكەنەوە.
نەبوونی ڕێكخستنێكی نەتەوەیی لە تاراوگە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ٢٠٠٠، كە هاوكات بوو لەگەڵ شەڕی ناوخۆ، دەرفەتێكی زێڕینی لە دەست كورد دا. پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ و فراوانبوونی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، كورد بووە خاوەنی دەوڵەتێكی نافەرمی، بەڵام خاوەن بڕیار، پێویست بوو ئەو مۆدێلە ڕێكخستنەی كە پەكەكە لە ئەورووپا دروستی كردبوو، لەلایەن ڕەوتی نەتەوەیی و حكوومەتەوە گەشەی پێ بدرایە. ئەگەر «كۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆرای كوردستان» لە ساڵانی ٢٠٠٥ یان ٢٠١٠دا دابمەزرایە، بێگومان ئەنجامی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەكان بۆ دۆزی كورد زۆر لەوەی بینیمان بەهێزتر دەبوو. تەنیا ئۆفیسی دیپلۆماسی بەس نییە، بەڵكو دەبێت هێزی میللەت لە پشت بڕیارە سیاسییەكانەوە بێت.
ئەزموونی جووەكان لە دیاسپۆرادا نموونەیەكی باڵایە، ئەوان لە ڕێگەی سەرمایە و لۆبییەوە دیپلۆماسیی وڵاتەكەیان بەڕێوە دەبەن، كورد لە ئەورووپا خاوەنی نزیكەی چوار ملیۆن دانیشتووانە، كە ئەمە لە ژمارەی دانیشتووانی زۆرێك لە وڵاتانی كەنداو و وڵاتانی عەرەبی زیاترە. ئەمە هێزێكی فیدایی و مرۆیی گەورەیە كە ئەگەر بە شێوەیەكی زانستی ڕێك بخرێت، دەتوانێت گەورەترین كاریگەریی لەسەر بڕیاری سیاسیی دەوڵەتانی ئەورووپا دابنێت. پاشەكشەی پەكەكە لە ئەورووپا دەرفەتێكە بۆ ئەوەی ڕەوتی نەتەوەیی و كوردستانی ئەم بۆشاییە پڕ بكەنەوە و ڕێكخستنێكی سەردەمیانە بنیاد بنێن.
لەم سۆنگەیەوە، دامەزراندنی «كۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆرای كوردستان» هەنگاوێكی ستراتیژی و پیرۆزە، گرنگیی ئەم ناوەندە لەوەدایە كە كارێكی حزبیی تەسك ئەنجام نادات، بەڵكو كار بۆ ناسیۆنالیزم و بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوە دەكات، بەڵام گەورەترین تەحەددا لە بەردەم ئەم پڕۆژەیە، پرسی «كادیر و سەركردایەتی»یە، ئێمە لە تاراوگەدا هێزێكی جەماوەریی گەورەمان هەیە (سەدان هەزار كەس)، بەڵام ئەو كادیرانەی كە بتوانن ئەم هێزە ئاراستە بكەن و لە چوارچێوەی لۆبییەكی كاریگەردا كۆی بكەنەوە، وەك پێویست نین، كادیر دەبێت بتوانێت هێزی جەماوەر لە خزمەت دیپلۆماسییەتدا بەكار بهێنێت.
بۆ سەركەوتنی ئەم پڕۆژە نەتەوەییە، پێویستە چەند هەنگاوێكی بنەڕەتی بنرێت:
یەكەم: هەماهەنگییەكی توندوتۆڵ لە نێوان فیدراسیۆنەكان و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان (وەك پەروەردە و دەرەوە) دروست بكرێت.
دووەم: گرنگیدان بە نەوەی نوێ لە ڕێگەی زانكۆكانەوە. دەبێت گەنجانی كورد لە ئەورووپا هان بدرێن بچنە ناو كایە سیاسی، دیپلۆماسی و ئەكادیمییەكان، تاوەكو نەوەیەكمان هەبێت كە بە زمانی سەردەم و بە لۆژیكی ڕۆژئاوا داكۆكی لە مافەكانمان بكات.
سێیەم: ڕێكخستن و كۆكردنەوەی سەرمایەی كورد لە تاراوگە. سەرمایەی كوردانی ئەورووپا ئەگەر ڕێك بخرێت، لە سەرمایەی جووەكان كەمتر نییە، ئەگەر ئەم داراییە لە چوارچێوەی سندووقێكی نەتەوەییدا بۆ پشتیوانی لە لۆبیگەری خەرج بكرێت، پێگەی كورد لە جیهاندا دەگۆڕێت.
هەرچەندە ئەم هەنگاوانە كەمێك درەنگ كەوتوون، بەڵام دەستپێكردنی كارێكی دامەزراوەیی و نەتەوەیی لە ڕێگەی كۆنفیدراسیۆنی دیاسپۆراوە، تەنیاڕێگەیە بۆ ئەوەی كورد لە «نەتەوەیەكی شەڕكەر»ـەوە ببێتە «نەتەوەیەكی خاوەن بڕیار و كاریگەر» لە ناوەندە سیاسییەكانی جیهاندا. دەبێ ڕێكخستن و كادیرسازی بكرێتە ئەولەوییەت، چونكە بەبێ مرۆڤی ڕێكخراو و سەرمایەی ئاراستەكراو، هیچ قەوارەیەكی سیاسی ناتوانێت لەبەردەم گۆڕانكارییە خێراكانی جیهاندا خۆی ڕابگرێت.
ڕۆڵی میدیا لەم نێوەندەدا نابێت فەرامۆش بكرێت، چونكە لە ساڵانی نەوەدەكاندا، پەكەكە بە دامەزراندنی كەناڵە تەلەفزیۆنییە ئاسمانییەكان توانی شۆڕشێكی ڕاگەیاندن بەرپا بكات. ئەم تەلەفزیۆنانە گەیشتنە ناو قووڵایی ماڵەكان لە ئەورووپا و باكوور و توانییان گوتاری سیاسیی حزبەكە بكەنە گوتاری باڵای كۆمەڵگە. ئەم دۆخی هەژموونە ڕەهایە هەتا ساڵی ٢٠٠٠ بەردەوام بوو، بەڵام دەستگیركردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ڕادەستكردنەوەی بە توركیا، خاڵێكی وەرچەرخانی مێژوویی و شۆكێكی گەورە بوو بۆ دیاسپۆرا. ئۆجەلان لە زیندانەوە ستراتیژیی خۆی گۆڕی و ڕایگەیاند كە پەشیمانە لە هەندێك لە كارەكانی ڕابردوو و ئیدی داوای دەوڵەتی سەربەخۆ و شەڕی چەكداری ناكەن، ئەم گۆڕانكارییە بووە هۆی دروستبوونی دووڕێیانێكی فیكری لە ناو لایەنگرانیاندا، لەو كاتەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات، دیاسپۆرای باكوور لەژێر كاریگەریی پەكەكەدا جۆرێك لە سستی و پاشەكشەی بەخۆیەوە بینیوە. دەتوانرێت بگوترێت كە لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ـەوە، پەكەكە لە ئەورووپا خەریكی بەكارهێنانی ئەو سەرمایە و جەماوەرەیە كە لە ساڵانی زێڕینی خۆیدا (هەشتاكان و نەوەدەكان) كۆی كردبووەوە، بەڵام ئێستا بەرەو جۆرێك لە پەراوێزكەوتنی سیاسی یان مارژیناڵیتی هەنگاو دەنێت.
لە كۆتاییدا، دیاسپۆرای كوردی باكوور چیرۆكی گۆڕانی مرۆڤی كوردە لە كرێكارێكی سادەوە بۆ ئەكتەرێكی سیاسیی كاریگەر لەناو جەرگەی ئەورووپادا، ئەگەرچی لە ڕووی فەرهەنگی و زمانەوانییەوە دەستكەوتی گەورەیان هەبووە و توانیویانە كێشەی كورد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا زیندوو ڕابگرن، بەڵام لە ڕووی ڕێكخستنی سیاسییەوە بەدەست ململانێی ناوخۆیی و پاوانخوازیی حزبییەوە دەیانناڵاند. ئەزموونی پەكەكە لە ئەورووپا نیشانی داین كە چۆن هێزێكی سیاسی دەتوانێت وزەی نەتەوەیی بۆ ئامانجە حزبییەكانی خۆی بەكار بهێنێت و چۆن گۆڕانكارییە كتوپڕە ستراتیژییەكان دەبنە هۆی نائومێدیی جەماوەر. ئێستا دیاسپۆرای كورد لە بەردەم پرسیارێكی گەورەدایە: ئایا دەتوانێت لە ژێر سێبەری ئەو مێژووە ئاڵۆزە دەرباز ببێت و شێوازێكی نوێ لە خەباتی مەدەنی و نەتەوەیی دابڕێژێت كە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەدەی بیست و یەكەمدا بگونجێت، یان هەر لەسەر پاشماوەی شكۆ و سەرمایەی ڕابردوو بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی بە تەواوی ڕەنگ و دەنگی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا كەم دەبێتەوە. ئەم مێژووە پڕە لە وانە بۆ هەر بزووتنەوەیەكی دیكەی كورد كە بیەوێت لە هەندەرانەوە كاریگەری لەسەر چارەنووسی نیشتمانەكەی دابنێت.
