مامۆستا دلێر عەبدوڵا یاریدهدهری بهڕێوهبهری گشتی پهروهردهی ههولێر بۆ گوڵان: پڕۆسەی خوێندن بۆ ساڵی(2026-2027)بە بەشداری(1700000)قوتابی لە(7000) بالەخانە لە20-9-2026 دەستی پێكرد
لە(110)پەڕتووك لە تەواوی قۆناغەكانی پڕۆسەی خوێندن بۆ ئەمساڵ گۆڕانكاری لە پڕۆگرامەكانی خوێندنكراوە
پڕۆسەی خوێندن یەكێكە لەو كەرت و سێكتەرانەی كاریگەری زۆر و راستەوخۆی لەسەر ژیان و بەرەوەپێشەوەچوونی كۆمەڵگاوە هەیە، لێرەو لەوێ بەهۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و زیادبوونی قوتابیان كێشەو كەموكوڕی و گرفت بەدی دەكرێت، لەمبارەیەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی مامۆستا دلێر عەبدوڵا حەسەن یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر ئەنجامدا.
· ڕێوڕیسمی پڕۆسەی خوێندن بۆ ساڵی(2026-2027) چەند قوتابی تێدا بەشداری خوێندنیان كردووە؟
- رۆژی یهكشهممه 20/9/2026 له رێوڕەسمێکدا رێزدار مسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و به ئامادهبوونی د. ئالان حهمهسعید وهزیری پهروهرده زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی (2026-2027)ـی لێدا كهوا زیاتر له 1700000 قوتابی دهستیان به خوێندن كرد له 7000 باڵهخانه . .
بێگومان گرنگیی لێدانی زەنگ لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە نیشانهی گرنگیی باڵا بۆ کەرتی پەروەردە و فێركردنه ، هاوكات پاڵپشتی و بەهێزکردنی ورەی مامۆستایان دهرخهری ڕێزلێنانی فهرمی و حکومییە بۆ ڕۆڵی پیرۆزی مامۆستایان کە کۆڵهگهی سەرەکیی بنیاتنانی کۆمەڵگەن و هاندانی قوتابیان بۆ دەستپێکی ساڵێکی نوێی پڕ لە هیوا و کۆششی زانستی و نیشاندانی ئەوەی کە داهاتووی ئەوان جێگەی بایەخی تایبەتی دەوڵەت و حکومەتە .
· ئایا لەم ساڵی خوێندندا هیچ گۆڕانكارییەك لە پڕۆگرامەكانی خوێندن كراوە؟
- بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧)، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی گەورەی ناوە و گۆڕانکاریی ڕیشەیی و فراوانی لە پرۆگرامەکانی خوێندن ئەنجام داوە ، گۆڕانکاری لە(110)کتێبی خوێندن لە سەرجەم قۆناغەکاندا (بنهڕهتی و ئامادەیی)دەستکاری کراون یان نوێ کراونەتەوە به دیزاینن و كۆالیتی نوێ . بە تەئكید بابەتی سەرەکی گۆڕانکارییەکان ئەو بابەتی زانستی و سەرەکییانە دەگرنەوە کە بریتین لە (بیرکاری، زانست، زمانی کوردی، زمانی عەرەبی و چەند بابەتێکی هونەری و پیشەیی و زیادكردنی وانهی شهترهنج له پرۆگرامی خوێندندا )، بە ئامانجی هاوسەنگکردنی پرۆگرامەکان لەگەڵ پێشکەوتنە سەردەمییەکان و کەمکردنەوەی باری دەروونی و زانیاریی زۆر لەسەر قوتابیان و لە پرۆسەی پۆلینکردنی زانستیی مۆدێرندا بگونجێن .
· ئایا كێشەیی میلاكاتی مامۆستایان بەتایبەتی پاش خانەنشین بوونی ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایان هەیە و چۆن چارەسەرتان كردوە؟
- ڕێکخستنەوەی میلاکات و پڕکردنەوەی کورتهێنانی مامۆستایان به هۆی خانەنشینبوونی ڕێژەیەکی زۆر لە مامۆستایانی خاوەن ئەزموون یەکێکە لە ئاستەنگ و ئەرکە هەرە گرنگەکانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە و بهڕێوهبهرایهتی پهروهردهی قهزاكانه. هەر بۆیه وهزارهتی پهروهرده فهرمانی به پهروهردهی قهزاكان كردووه میکانزمی کارگێڕی بۆ ڕێکخستن و پڕکردنەوەی کورتهێنانی میلاک دارشتووه به دابەشکردنەوەی دادپەروەرانەی مامۆستایان له ناوەندەکانی خوێندن بەمەبەستی دەستنیشانکردنی ئەو شوێنانەی کە زێدەمیلاکیان تێدایە و گواستنەوەی بۆ ئەو قوتابخانانەی کە کورتهێنانیان هەیە. هەر له ههمان كاتدا ڕێکخستنی میلاک لەسەر بنەمای بهشه وانه و پێداچوونەوە بە خشتەی وانەی مامۆستایان بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەموو مامۆستایەک بەپێی پشک و تایبەتمەندیی زانستیی خۆی وانەکانی بە تەواوی پێدراوە بە بێ ئەوەی باری سەر شانیان قورس بكرێت یان کێشەی کەمتەرخەمی لە دابەشکردندا هەبێت وه سوود وەرگرتن لە میلاکی گرێبەست بە ڕێکخستنی شوێنی نیشتەجێبوون و دەستبەکاربوونی مامۆستایانی گرێبەست لە سهنتهری شار و ئهو ناوچە و گوندانەی کە كهمی میلاكیان بۆ دروست بووه، هەروەها کۆنترۆڵکردنی پرۆسەی گواستنەوەیان بۆ ئەوەی ناوەندەکانی خوێندن تووشی پەککەوتن نەبن .
· بەڕێزتان خاوەن ئەزمونێكی زۆری پەروەردەیین، ئایا بیرۆكەی یەكپۆشی لە جلوبەرگی قوتابیان لە چییەوە هاتووە و هۆكارەكەی چییە؟
- وەزارەتی پەروەردەی حكومهتی هەرێمی کوردستان بهر له دوو ساڵ بڕیاری گۆڕینی شێواز و رەنگ و دیزاینی جلوبەرگی یەکپۆشی قوتابیان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢7) راگهیاند ، كه یەکێکە لە بڕیارە گرنگ و دیارە کارگێڕی و کۆمەڵایەتییەکانه . کە تیایدا ڕەنگ و شێوازی جلەکان به پێی قۆناغ و تهمهنی قوتابیان دیاریكراوه و مهرجه لۆگۆی وەزارەتی پهروهردهی لهسهر بێت . ئامانج لهم گۆڕینه نوێگەری و گونجاندنه لەگەڵ سەردەم و هێنانەکایەی دیزاینێکی هاوچەرخ و لەبارتر بۆ قوتابیان کە لەگەڵ تەمەن و پێویستییە جووڵەییەکانیان لە ناوەندەکانی خوێندن بگونجێت و کەمکردنەوەی جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگریکردن لە پێشبڕکێی جلوبەرگی ڕۆژانە و مۆدێلی جۆراوجۆر کە باری ماڵی خێزانەکان قورس دەکات و هەستی جیاوازیی چینایەتی لەناو قوتابخانەکاندا دروست دەکات.
· ئایا بینایەی تازە و نۆژەنكردنەوەی قوتابخانە لە لایەن وەزارەتی پەروەردە كاری لەسەر كراوە، ئەم بوارە گرنگی زۆری بۆ گرنیدان بە پڕۆسەی پەروەردە هەیە و یەكێكە لە لایەنە گرنگەكان؟
- حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە لە ساڵانی ڕابردوودا و لە چوارچێوەی گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە چەندین پڕۆژەیان بۆ دروستکردن و فراوانکردن و نۆژەنکردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن و زیادكردنی پۆل جێبەجێ کردووە . بێگومان ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی زەخت و قەرەباڵغی سەر پۆلەکان و كهمكردنهوهی دەوامی دووانەیە لەیەك بینایەی قوتابخانە ، حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردە و پارێزگاكان و بودجەی وەبەرهێنانەوە و دهزگای خێرخوازی بارزانی و ڕێکخراوەکان و کەرتی تایبەت و كۆمپانیا و خێرخوازان دەیان قوتابخانەی به دیزاینی نوێی مۆدێرن لە شار و شارۆچکەکان و بەتایبەت لە گوندە دابڕاوەکان دروستکردووە و ههر له مینانهی لێدانی زهنگ له لایهن رێزدار مسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خستنهبهر خزمهتی 36 باڵهخانهی نوێی له سهرجهم شارهكانی ههرێمی كوردستان راگهیاند . باڵەخانە نوێیەکان بە شێوازێکی ئەندازیاریی سەردەمیانه دروستکراون کە تێیاندا چهندین پۆلی فراوانی خوێندن و تاقیگە و یاریگا و هۆڵی چالاکی و كۆمیوتهر و یهكهی كارگێری لهخۆ دهگرێت . هەر چەندە راسته هێشتا لە هەندێک ناوچە و بەڕێوەبەرایەتیدا بەهۆی زۆربوونی ڕێژەی قوتابیان و گەشەی دانیشتووانەوە پێویستی بە دروستکردنی قوتابخانەی زیاتر هەیە ، بەڵام پلانی وەزارەت هەمیشە ئەوەیە که سەرنج بخاتە سەر دابەشکردنی دادپەروەرانەی پڕۆژەکان بۆ ئەوەی هیچ ناوچەیەک بە بێ باڵەخانەی گونجاوی خوێندن نەمێنێتەوە .
· ئایا جیاوازی دەكرێت لە نێوان قوتابخانەی ئەهلی و حكومی یاخود كاری سەرەكی وەزارەتی پەروەردە گرنگیدانی زۆر و سەرەكییە بە قوتابخانە حكومییەكان؟
- گرنگیدانی حکومەت و وەزارەتی پەروەردە بە قوتابخانە حکومییەکان وەک چەقی سەرەکیی پرۆسەی پەروەردە ، یەکێکە لە ئامانجە ستراتیژییەکان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی مافی خوێندنی یەکسان بۆ هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە و دابینکردنی خوێندنی بێبەرامبەر . بۆیه قوتابخانە حکومییەکان دەروازەی سەرەکیین بۆ ئەوەی هەموو منداڵێک بێ جیاوازیی باری دارایی خێزانەکەی بتوانێت درێژە بە خوێندن بدات و حکومەت لە ڕێگەی دابینکردنی باڵەخانە و مامۆستا و پرۆگرامەکانەوە ئەم ئەرکە لە ئەستۆ دەگرێت .
هەرچەندە کەرتی ناحکومی (له پاڵ پهروهرده و فێركردن گرنگی به بازرگانی و بزنس دهدات)، بهڵام ڕۆڵی خۆی هەیە لە هاوکاریکردنی کەرتی پەروەردە و پێگهیاندنی بهشێك له نهوهی داهاتووی ووڵات ، بەڵام بەهێزکردن و گەشەپێدانی بەردەوامی قوتابخانە حکومییەکان مەرجی سەرەکییە بۆ پاراستنی یەکسانی و سەرچاوەی سەرەکیی پێگەیاندنی نەوەی نیشتیمانن .
