تۆماس بۆنفیلیۆ پڕۆفیسۆری ئەدەبیات و زمانەوانی لە زانكۆی ڕیچمۆند بۆ گوڵان: زمان كاراترین ئامرازە بۆ دروستكردنی شوناسی هاوبەش
زمان تەنیا ئامرازێك نییە بۆ گواستنەوەی بیرۆكە و پەیامەكان، بەڵكو یەكێكە لە كاریگەرترین هێزە كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكان كە مرۆڤ بە هۆیەوە خۆی و ئەوانی دیكەش پێناسە دەكات. زمان دەتوانێت فاكتەری كۆكەرەوە بێت و هەستی ئینتیما و هاوبەشی بەهێز بكات و شوناسێكی هاوبەش دروست بكات، بەڵام لە هەمان كاتدا، دەتوانێت ببێتە ئامرازێك بۆ جیاكردنەوە، پەراوێزخستن و سنووردانان لەنێوان «ئێمە» و «ئەوان». ئەم دوو ڕووەی زمان، بنەمای گفتوگۆی ئەم چاوپێكەوتنەی گۆڤاری (گوڵان)ـە لەگەڵ تۆماس بۆنفیلیۆ، پڕۆفیسۆری ئەدەبیات و زمانەوانی لە زانكۆی ڕیچمۆند.
بۆنفیلیۆ لەم گفتوگۆیەدا باس لەوە دەكات كە شوناسی نەتەوەیی دیاردەیەكی جێگیر و نەگۆڕ نییە، بەڵكو بە درێژایی كات دەگۆڕێت و لە ژێر كاریگەریی زمان، مێژوو، كولتوور و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا دووبارە پێك دەهێنرێتەوە. هەروەها ئەو ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە چۆن بیرۆكەكانی وەك «زمانی دایك» و پەیوەستكردنی زمان بە ڕەچەڵەك و شوێنی جوگرافیایی، لە مێژووی بیركردنەوەی ڕۆژئاوادا پەرەیان سەندووە و دەتوانن كاریگەرییەكی پەراوێزخەریان هەبێت. لەم ڕوانگەیەوە، ئەم گفتوگۆیە هەوڵێكە بۆ تێگەیشتن لە هێزی زمان: چۆن دەتوانێت مرۆڤەكان یەكگرتوو بكات، شوناس دروست بكات و لە هەمان كاتدا سنوور لەنێوانیاندا دابنێت.
• سەرەتا دەمانەوێت پرسیاری ئەوە بكەین كە بۆچی زمان بووەتە ئامرازێكی هێندە بەهێزی شارستانی كە زۆرجار دەبێتە میكانیزمێك بۆ بنیادنان و گەڵاڵەكردنی شوناسەكان؟
- ئەوە ڕوونە كە مرۆڤ توانیویەتی پەرە بە توانایەكی هزری باڵا و كارا بدات، واتە لە نێو بوونەوەرەكانی دیكەدا، ئێمە دەتوانین پەیوەندییەكی باشتر لەگەڵ یەكتریدا دروست بكەین، ئەمە خاڵێكی زۆر گرنگە و بەهۆی ئەم كارامەییەوە ئێمە توانیمانە لە بوونەوەرەكانی دیكە باشتر ئەگەری ڕزگاربوون و درێژەدان بە ڕەگەزی خۆمان بێنینە ئاراوە، واتە لێرەدا زمان بووەتە ئامرازێك بۆ ڕێكخستنی كۆمەڵایەتی و پێداویستییەكی بنەڕەتی بۆ بەرەوپێشچوونی مرۆییمان.
• لە توێژینەوەكانتاندا باس لە دەروونشیكاری و ناسیۆنالیزم دەكەن. ئایا دەروونشیكاری ناكۆكیی پشت شوناسەكان ئاشكرا دەكات، لە كاتێكدا ناسیۆنالیزم دەتوانێت شوناسێكی تۆكمەی كۆمەڵایەتی دەستەبەر بكات؟ ئایا دەكرێت ناسیۆنالیزم وەك بەرگرییەكی دەستەجەمعی بێت لە بەرانبەر تەمومژییەكانی شوناسی كۆمەڵایەتی و كەسی؟
- من پێموایە كێشە و گرفتێك نییە لە شوناسی نەتەوەییدا و بگرە زۆر پێویستە، تۆ بڕوانە یاریی تۆپی پێ، كە دەتوانین بڵێین شێوازێكی بێ زیانی گفتوگۆیە لەبارەی شوناسەوە، ئەگەرچی هەندێ جار خەڵكی كاردانەوەی زیاد لە پێویستیان دەبێت. لە یەكێك لە پاڵەوانێتییەكانی ئەوروپا، كاتێك هۆڵەندا لە بەرانبەر ئیسپانیادا تووشی دۆڕان بوو، هەندێ لە خەڵكی تەلەفزیۆنەكانیان لە پەنجەرەكانەوە فڕێ دەدایە خوارەوە، وەك ئەوەی ئۆباڵەكە بخەنە ئەستۆی تەلەفزیۆنەكە! واتە هەمیشە ڕێگەیەك هەیە بۆ ئەوەی ناخی پەنگخواردوی خۆمان بە ئاراستەیەكی دیكەدا بەتاڵ بكەین. ڕوونە كە لایەنی دوژمنكاری لە نێو كولتووری مرۆییدا هەیە، دۆخی ئێستای جیهانی ئەمە بە باشی پشتڕاست دەكاتەوە. دەروونشیكارییش پێمان دەڵێت كە ئێمە لە هەر بوونەوەرێكی دیكە زیاتر دەتوانین كۆنتڕۆڵی خواستە شەڕانگێزییەكانی خۆمان بكەین و لەسەر بنەمای ئەم كۆنتڕۆڵەش دەتوانین شارستانییەت بنیاد بنێین، چونكە ئەگەر وا نەبێت ئەوا شەڕ و ئاژاوە و ناكۆكییەكی زۆر دێنە ئاراوە. كەواتە ناتوانین بڵێین خۆی لە خۆیدا شوناسی ناسیۆنالیستی، یان شانازیی نەتەوەیی خراپ و بێزراوە، بەڵكو زۆر پێویستن، بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە شوناسەكان دەگۆڕدرێن. بۆ نموونە، ئەگەرچی لە ئێستادا زمانی باڵادەستی فەڕەنسا بریتییە لە فەڕەنسییە ستانداردەكەی پاریس، بەڵام لە سەرەتای سەدەی 20دا، زۆرێك لە فەڕەنسییەكان- ڕێژەیەكی زیاتر لە 50% -لە ماڵەوە بە فەڕەنسی قسەیان نەدەكرد، بەڵكو بە دیالۆگی باشووری قسەیان دەكرد، كە دەگەڕێتەوە سەر زمانی ئیسپانی، یان ئیتاڵی، لە بەشی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەكەدا بە دیالێكتە ئەڵمانی و هۆڵەندییەكان قسەیان دەكرد، كەواتە شوناسی نەتەوەیی لە بارێكی جێگیردا نییە. لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، زۆرێك لە منداڵە هاوتەمەنەكانی نەوەكانی من، نازانن مانای ناوی باپیرییان چییە، واتە لە میانەی چوار بۆ پێنج نەوەدا، ئەم پەیوەندییە پچڕاوە، بەڵام پێش سەت ساڵ، ئەم پەیوەندییە زۆر پتەو بوو. خەڵكی خۆیان بە پۆڵەندی، نەك ئەمریكی، بە ئیتاڵی، نەك ئەمریكی، و بە ئیسپانی، نەك ئەمریكی دەناساند. نموونەیەكی بەرچاو لەم ڕووەوە، ئەكتەری بە ناوبانگ «لیۆناردۆ دیكاپریۆ»یە، كە ناوی یەكەمی ئیتاڵییە و ناوی كۆتاییشی هەر ئیتاڵییە، بەڵام خۆی هیچ پەیوەندییەكی بە ئیتاڵیاوە نییە. سەت ساڵ پێش ئێستا ئەگەر ناوێكی ئیتاڵیت هەبووایە، ئەوا بە چاوێكی كەمتر لێت دەڕوانرا. بەم شێوەیە دەبینین كە شوناسی نەتەوەیی لە گۆڕاندایە و جیناتەكانمان هاوكارن بۆ ئەم شتە. توێژینەوەكانی پەیوەست بە جینەكان ئەوە دەخەنەڕوو كە ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین جیاوازییە جینایەتییەكان، زۆربەیان ڕووكاری دەرەوە و دەرەكین- ڕەنگی پێست، و ڕەنگی قژ، كە تەنیا لەلایەن ژمارەیەكی كەمی جینەكانەوە كۆنتڕۆڵ كراون و بگرە ئەم توێژینەوانە دەریان خستووە كە دەكرێت لە ڕووی جیناتەوە من لە كەسێكی ڕەشپێست زیاتر نزیك بم، بەراورد بە كەسێكی سپی پێست كە بە هەڕەمەكی دەستنیشانی دەكەین. كەواتە دەبێت هەموو ئەمانەمان لەبەرچاو بێت و دەبێت ئەوە ڕەچاو بكەین كە ئێمە خۆمان دەستمان لە پێكهێنانیاندا هەیە و زەرووری و تەندروستن بۆ پێكهێنانی گرووپ، یانە و ڕەمز و دروشم و تیمەكان.
• ئەگەر دید و تێڕوانینەكانی خۆتان پوخت بكەنەوە لەبارەی پەیوەندیی نێوان زمان و هێز و شوناسی نەتەوەیی، ئایا دەتوانین بڵێین كار و توێژینەوەكانی ئێوە زیاتر هەوڵیان داوە چیمان پێ بڵێن؟
- لێرەدا دەمەوێت ئەوەش بڵێم كە دەكرێت زمان بە شێوەیەكی زیانبەخش بەكار بهێنرێت و بۆ پەراوێزخستن بخرێتەگەڕ، بە چەشنێك لە ڕووكاردا ڕوون و بەرچاو نییە، ئەمە خاڵێكی گرنگە و نابێت لە یادی بكەین، ئەمە لە پەیوەندی بە شوناسی نەتەوەیی و زمانی دایكیشەوە ڕاست و دروستە. ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە ئەوەیە كە بە گوێرەی توێژینەوەكانی من دەستەواژەكانی وەك زمانی دایك، تا ڕادەیەك دیاردەیەكی كۆن نییە، بەڵكو لە ڕۆژئاوا و لە میانەی ڕێنیسانسدا هاتە ئاراوە و ڕاستەوخۆ لە ئیتاڵیاوە سەرچاوەیان گرتووە- زۆر شت لە ئیتاڵیاوە سەریان هەڵداوە. پێش ئەوە شوناس و زمان گرێ نەدرابوون بە جەستەوە، واتە پێش ڕێنیسانس، زمان پەیوەست نەبوو بە ڕەچەڵەكی ئیتنییەوە و وەك حاڵەتێكی كۆمەڵایەتی لێی دەڕوانرا، نەك پەیوەست بە بنەڕەتی ئیتنییەوە. كەواتە پەیوەستكردنەوەیان بە ڕیشەی ئیتنییەوە كارێكی زیانبەخشە لەبەر ئەوەی شوناسی ئیتنی- كە بارێكی دەروونییە- گرێ دەدرێتەوە بە خەسڵەتە جەستەییەكانەوە و ئەو كاتە لەبەریەك هەوەشاندنەوەی كارێكی ئەستەم دەبێت. دانتێ، یەكێك بوو لەو بیرمەندانەی كە گوزارشتی لەمە كرد. كاتێك ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی داڕووخا، دەوڵەت-نەتەوەكان دەستیان بە گەڵاڵەبوون كرد، بەڵام نەریتی نووسراویان نەبوو لەبەر ئەوەی دەقی فەرمی تەنیا لاتینی و یۆنانی بوو، لەبەر ئەوە دەبوو خۆیان نەریت دابهێنن. دانتێ باسی لەوە كرد، زمانی گشتی و باو شتێكە لەگەڵ شیری دایكدا پێی گۆش دەكرێین، پەیامە پەنهانییەكەی ئەوە بوو كە ئەگەر بە شیری هەمان دایك گۆش نەكرێیت، ئەوا بەشێك نابیت لە گرووپەكەی ئێمە. ئەمە یەكێك بوو لە هەنگاوە گەورەكان بە ئاراستەی ڕەگەزپەرستیی هاوچەرخ و ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە شوناسەوە: خێزان، دایك و ئینتیما. لە هەمان كاتدا، زمان گرێ درا بە جوگرافیا و ژینگەوە، وەك ئەو بیرۆكەیەی دەڵێت من شانازی بەو ژینگەیەوە دەكەم كە تێیدا گەورە بووم و گەشەم كرد. ئەم ئایدیۆلۆژیا و تیۆرە ڕەگەزپەرستانەیە كارێكی زۆریان كرد بۆ ئەوەی زمان ببەستنەوە بە خەسڵەتە جەستەییەكان و بە سرووشتە لۆكاڵییەكەوە. لەم ڕوانگەیەوە، لۆژیكەكە ئەوەیە، ئەگەر تۆ هەمان هەوا هەڵنەمژیت و ئەگەر لەژێر كاریگەریی هەمان ژینگەی سرووشتیدا نەبیت، ئەوا ئیتر تۆ بەشێك نیت لە ئێمە، ئەمەش زۆر زیانبەخشە.
• ئایا زمان پێكهاتەیەكی سەرەكی و بنەڕەتییە لە ناسیۆنالیزم و هێنانەئارای هۆشیاریی نەتەوەیی، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئێوە باستان لە بەكارهێنانی زمان كرد بۆ پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی گرووپەكانی دیكە؟ ئایا زمان دەتوانێت لەم ڕووەوە ڕۆڵێكی بنیادنەر و ئەرێنی هەبێت؟
- زمان كاراترین و كاریگەرترین ئامرازە لەم ڕووەوە، بە دڵنیاییەوە دەكرێت ئەمە لە ڕێی ڕەمزەكانیشەوە ڕوو بدات- تۆ پاڵەوانێكی نەتەوەییت هەیە كە شوناسی نەتەوەییت بەرجەستە دەكات، هەروەها دەكرێت وێنا و وێناكاری بێت، بۆ نموونە، سەت ساڵ پێش ئێستا، وێنا تەقلیدییە باوەكەی كەسێكی ئەمریكی بریتی بوو لە پرۆتستانتێكی ئەنگلۆ-سەكسۆنی، كە لە كەسێكی ئینگلیز جیا نەدەكرایەوە، كەواتە وێناكارییش بۆی هەیە شوناسی نەتەوەیی پێی بنیاد بنرێت، بەڵام زمان كاراترین میكانیزمە، لەبەر ئەوەی پێویستمان بەوەیە پەیوەندی بەیەكەوە بكەین لە پێناو دروستكردن و دامەزراندنی شوناسی هاوبەش، ئەمەش تەنیا پەیوەندیكردنی زارەكی ناگرێتەوە، بەڵكو پەیوەندیكردنی ڕەمزییش-ئاماژەكان و ڕەمزە هاوبەشەكان دەگرێتەوە.
