تۆماس لیندەمان پسپۆر لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی ڤێرسای بۆ گوڵان: چەسپاندنی دەستووریی پێگەی هەرێمی كوردستان و پاراستنی زمان و مافە كولتوورییەكانی، مەرجی بنەڕەتین بۆ دروستكردنی متمانە لە نێوان هەولێر و بەغدا
تۆماس لیندەمان، پڕۆفیسۆری ناسراوی فەڕەنسی-ئەڵمانی لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا، یەكێكە لە بیرمەندە دیار و كارامەكانی قوتابخانەی بونیادگەری لە جیهاندا. ئەو ئێستا لە زانكۆی ڤێرسای و قوتابخانەی ناوداری پۆلیتەكنیك وانە دەڵێتەوە. لیندەمان بەهۆی كارە داهێنەرانەكانی لەسەر «تیۆری دددانپێدانان» ناوبانگی دەركردووە، كە تێیدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە نەبوونی ددانپێدانانی ناسنامەیی هۆكاری سەرەكیی هەڵگیرسانی جەنگەكانە. بۆ قسەكردن سەبارەت بە هۆكارە شاراوەكانی پشت شەڕەكانی ئێستای جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
• تا چەند قەیرانە جیهانییەكان، لەبری بەرژەوەندیی مادی، لە پەراوێزخستنی ناسنامە و شكۆی نەتەوەكانەوە سەرچاوە دەگرن، ئایا «ددانپێدانان» كلیلی سەرەكیی تێگەیشتنە لە ململانێكانی ئەمڕۆ؟
- ئەم ڕەهەندە لە تێگەیشتنی ململانێ هاوچەرخەكاندا، وەك جەنگی ڕووسیا و ئۆكرانیا، گرژییەكانی ئێران و واشنتۆن، یان دەستوەردانی ساڵی ٢٠٢٦ی ئەمریكا لە ڤەنزوێلا، بایەخێكی ستراتیژیی یەكجار گەورەی هەیە، لێكدانەوەی مادیی ڕووت كە تەنیا لەسەر بنەمای هاوكێشەی تێچوو و دەستكەوت بێت، بۆ تێگەیشتن لە ماهییەتی ئەم جەنگانە هەرگیز بەس نییە. بۆ نموونە، تێچووە مرۆیی و ئابوورییە بێشومارەكانی ڕووسیا لە ئاست دەستكەوتە جوگرافییە سنووردارەكانیدا، سەلمێنەری ئەوەن كە «ڕەهەندی ڕەمزی» و شكۆخوازی بزوێنەری سەرەكین.
جەنگ لێرەدا ئامرازێكە بۆ بەرجەستەكردنی پێناسەیەكی نوێی سەروەریی هێزەكان. ڕووسیا دەیەوێت ئەو پێگە جیهانییە بگێڕێتەوە كە پێی وایە دوای هەرەسی سۆڤیەت و فراوانبوونی ناتۆ لەدەستی داوە. وەك لە كتێبەكەمدا «هۆكارەكانی جەنگ» (٢٠١١) ئاماژەم پێ داوە، نوخبە سیاسییەكان ئامادەن باجی مادیی زۆر قورس بدەن تەنیا بۆ نمایشكردنی «ئیرادە» و «بوێری» لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، ئەمە جۆرێكە لە خۆنواندنی پیاوانەی سەركردەكان.
ئەم لۆژیكە بۆ ئیسرائیلیش دوای حەوتی ئۆكتۆبەر ڕاستە، جەنگ تەنیا وەڵامێكی ئەمنی نییە، بەڵكو سەلماندنەوەی توانایەكی ڕەهایە بۆ پاراستنی شكۆ و وێناكردنی هێزێكە كە شكستی پێ نەهێرێت، لە كۆتاییدا ڕەهەندی ڕەمزی و مادی ئاوێتەی یەكتر دەبن، چونكە نیشاندانی هێز لە دەرەوە، دەبێتە هۆی «كۆبوونەوە لە دەوری ئاڵا» لە ناوخۆدا، كەواتە پێویستە پرسەكانی ددانپێدانان، كەرامەت و پێگە بە هەند وەربگیرێن، چونكە دەوڵەتان تەنیا لەپێناو خاك و سامان شەڕ ناكەن، بەڵكو لەپێناو ئەو وێنەیەی لە خۆیان هەیانە و ئەو شكۆیەی دەیانەوێت بەسەر ئەوانی دیكەدا بیسەپێنن، چونكە مرۆڤەكان و دەسەڵاتداران هەمیشە دەیانەوێت لە ڕێگەی هێزەوە پێناسەی بوونی مێژوویی و سیاسیی خۆیان بكەن.
• چۆن دەوڵەت دەتوانێت بێ نواندنی لاوازی، ددان بە شكۆ و نیگەرانییەكانی نەیاردا بنێت، ئایا دەكرێت لەناوجەرگەی ململانێدا، هاوسەنگییەك لە نێوان «بەرپەرچدانەوەی ستراتیژی» و «ددانپێدانانی دیپلۆماسی»دا دروست بكرێت؟
- ئەمە پرسێكی جەوهەرییە كە پێشتر لە كتێبی «هۆكارەكانی جەنگ: ململانێ لەپێناو ددانپێدانان»دا بە وردی ئاماژەم پێ داوە. سەرەتا دەبێت بڵێم كە هیچ وەڵامێكی تاقانە و گشتگیر بۆ سەرجەم بارودۆخەكان نییە، پێویستە لە هەنگاوی یەكەمدا لە سرووشتی پاڵنەرە ناوەكییەكانی نەیار بگەین، ئایا كارەكتەرێك تەنیا بۆ پاراستنی ئاسایش و پێگەی ئێستای خۆی دەجەنگێت، یان خاوەنی پڕۆژەیەكی فراوانخوازیی ڕادیكاڵە؟ جیاوازییەكی زۆر ڕوون لە نێوان ئەڵمانیای ساڵی ١٩١٤ و ئەڵمانیای سەردەمی هیتلەردا هەیە. پرسیارە بنەڕەتییەكە ئەوەیە: ئایا ئێمە ڕووبەڕووی نەیارێك بووینەتەوە كە لە ترسی ناسەقامگیری و ناچارییەوە دەجەنگێت، یان نەیارێك كە بە متمانەبەخۆبوونێكی زۆرەوە خەونی داگیركاریی هەیە؟
لە زۆربەی تەنگژە نێودەوڵەتییەكاندا، لایەنەكان لانیكەم بەشێكیان قەناعەتیان وایە كە ئاسایشیان لە مەترسیدایە، لێرەدا «ددانپێدانان» دەبێتە تەواكەرێكی ستراتیژی بۆ چەمكی «پەرچەكردار». نموونەی هەرە كلاسیك جۆن كەنەدییە لە تەنگژەی مووشەكیی كووبای ساڵ ١٩٦٢دا، كەنەدی هەم توندیی نیشاندا و هەم ڕێگەی نەدا یەكێتیی سۆڤیەت تووشی سووكایەتیی گشتی ببێت. پەرچەكرداری كارا بە واتای ڕووبەڕووبوونەوەی نەیار بە ئۆڵتیماتۆمی ڕووت نییە، چونكە شكاندنی شكۆی سیاسیی نەیار، تێچووی پاشەكشە گران دەكات. دەبێت هەمیشە «دەرچەیەكی بەشكۆ» بۆ نەیار بمێنێتەوە تا شەرعییەتی سیاسیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی پارێزراو بێت و دەرگای گفتوگۆ دانەخرێت.
من ئەمە ناوزەد دەكەم بە «پەرچەكردارێكی هاوسۆزانە»، واتە توانای نیشاندانی سووربوون لەگەڵ تێگەیشتن لە ترس، پێگە و كۆتوبەندە سیاسییەكانی نەیار. هەروەها دەبێت وریای «تەڵەی ئاسایش» بین، چونكە ئەوەی ئێمە وەك بەرگری دەیناسێنین، ڕەنگە لای بەرامبەر وەك هەڕەشەیەكی هێرشبەرانە ببینرێت. ددانپێدانان بە واتای تەسلیمبوون نییە، بەڵكو ناسینی نەیارە وەك ئەكتەرێكی شەرعی، تا ڕێگری لە پەككەوتنی دیپلۆماسی بگرێت.
لە پرسی ئۆكرانیادا ڕەنگە تەنیا جەختكردنەوە لەسەر زمانێكی یاسایی و ڕەوشتیی ڕەها، مەودای گفتوگۆی تەسك كردبێتەوە. وەك لە كتێبی «تووندوتیژی بەناوی یاساوە» ئاماژەمان پێ كردووە، ئەگەر یاسا ببێتە تاكە چوارچێوەی لێكدانەوە، تێگەیشتن لە ترس و پاڵنەرە سیاسییەكان ئەستەم دەبێت و ململانێكان بێهودە درێژە دەكێشن، بۆیە پێویستە دیپلۆماسی وەك ئامرازێكی سەرەكی و كاریگەر بۆ كەمكردنەوەی ئاستی گرژییەكان و پاراستنی سەقامگیریی جیهانی بەكار بهێنرێت.
• ئایا زلهێزەكان لە ستراتیژیی بەرپەرچدانەوەدا، بایەخی پێویست بە ڕەهەندە دەروونی و هێماییەكانی وەك (شكۆ و ناسنامە) دەدەن، یان تەنیا تێچووە ماددییەكان بە بنەمای ڕێگری لە جەنگ و هەڵكشانی گرژییەكان دەزانن؟
- بڕوای من وایە زلهێزە مۆدێرنەكانی ئێستا، بەتایبەت لە ئەورووپا و ئەمریكا، گرنگیی پێویست بە ڕەهەندە دەروونی و سیمبولییەكانی «ڕێگری» (Deterrence) نادەن، چونكە ڕێگرییان تەنیا لە كۆكردنەوە و نیشاندانی هێزدا كورت كردووەتەوە. لە كاتێكدا ڕێگری دوو پەیامی جەوهەری لەخۆ دەگرێت: یەكەم، قەناعەتپێكردنی نەیار بەوەی توانای بەرگریمان هەیە، دووەم، سەلماندنی ئەو بیرۆكەیەی كە «ئەگەر هێرش نەكەیت، ئێمەش هێرش ناكەینە سەرت»، ئەم ڕەهەندە هاوكارییانەی نێو ستراتیژی ڕێگری زۆرجار فەرامۆش دەكرێن. پێویستە لایەنی «دڵنیایی بەخشین» و «ددانپێدانان بە شوناس» بەهێز بكرێن، نەیار دەبێت دڵنیا بێت كە مافی مانەوەی هەیە و ناچار بە تەسلیمبوونی ڕەها یان ڕووبەڕووی سووكایەتیی سیستماتیك نابێتەوە، ئەمە هەمان جەوهەری تیۆری «تەنگژەی ئاسایشە» كە جۆن هێرتز و ڕۆبەرت جێرڤیس باسی دەكەن. هەندێك جار پڕچەكبوون بۆ بەرگری، لەلایەن نەیارەوە وەك هەڕەشە دەبینرێت و دەبێتە هۆی پێشبڕكێیەكی چەكداریی نەخوازراو. نمایشە سەربازییەكان تەنیا هەڕەشەی مادی نین، بەڵكو وەك سووكایەتی بە پێگە و شوناسی لایەنی بەرامبەر لێك دەدرێنەوە. كەواتە سیاسەتێكی توندوتۆڵی ڕێگری دەبێت دوو پەیام بنێرێت: «توانای بەرگریمان هەیە و دەیشیكەین»، لەگەڵ ئەوەی «ئامانجمان سڕینەوە و بێڕێزیكردن بە پێگەی تۆ نییە ئەگەر بژاردەی ئاشتی و پێكەوەژیان بگریتە بەر».
• لەبەردەم چەقبەستوویی سیاسی و هەڵكشانی ناڕەزایەتییەكاندا، كامانەن ئەو گەرەنتییە كردارییانەی كە دەسەڵات بۆ گێڕانەوەی متمانەی گشتی و دەربازبوون لەم تەنگژە گشتگیرە، پەیڕەویان دەكات و دەبنە نەخشەڕێگەی ئاییندە؟
- یەكەمین وانەی جەوهەری كە لە ئەزموونی عێراقەوە هەڵیدەهێنجێنین، بریتییە لە پێویستیی ڕەچاوكردنی چەمكێك كە ناوی دەنێم «هاوسۆزیی ستراتیژی»، كایەی سیاسەتی نێودەوڵەتی تا ڕادەیەكی زۆر لە یاریی شەترەنج دەچێت، هەركاتێك جووڵەیەك ئەنجام دەدەین، دەبێت دەستبەجێ لە خۆمان بپرسین لایەنی بەرامبەر چۆن ئەو جووڵەیە لێك دەداتەوە و پەرچەكرداری چی دەبێت. ئێمە ناتوانین تەنیا لە خەمی پتەوكردنی پایەكانی ئاسایشی خۆماندا بین، بەڵكو پێویستە تێبگەین كە هەنگاوەكانمان چۆن وێنای ئاسایش لە لای لایەنی بەرامبەر دەگۆڕن و دەشێوێنن.
كەیسی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا نموونەیەكی زۆر ڕوونە. دوای هێرشەكانی یازدەی سێپتێمبەر، ئیدارەی بووش تووشی دڵەڕاوكێیەكی ڕاستەقینەی ئاسایش بووبوو، لەو كەشە پڕ لە زەبروزەنگەدا، هەندێك لە لێدوانەكانی سەدام حوسێن و ئەو تەمومژەی ڕژێمەكەی پەیڕەوی دەكرد، وێنەی هەڕەشەكەی لایان قووڵتر كردەوە، بەڵام ئەمریكا تواناكانی عێراقی زۆر گەورەتر لە قەبارەیان خەمڵاند و دواجار هیچ شوێنەوارێكی چەكی كۆكۆژ نەدۆزرایەوە كە پاساوی سەرەكیی شەڕەكە بوو.
لە لایەكی دیكەوە، سەدام حوسێن وا تێگەیشتبوو كە هێشتنەوەی گومان لە بەرژەوەندییەتی، نیشاندانی لاوازیی ڕەها، بۆ ئەو مەترسییەكی گەورە بوو چ لە ئاستی ناوخۆ و چ بەرامبەر نەیارە دەرەكییەكان. ئەوەی سەدام وەك «مانۆڕێكی چاوترسێنكردن» بەكاری دەهێنا، لە واشنتۆن وەك سەلماندنی هەڕەشەیەكی مەرگهێنەر لێك درایەوە، ئەمە پارادۆكسێكی كوشندەیە: دوو لایەن ڕەفتارێك دەنوێنن كە هەر یەكەیان بە بەرگریی دەزانێت، كەچی هەردوولایان ئەوی تریان بە هێرشبەر دەبینن.
وانە هەرە گەورەكە ئەوەیە كە دەبێت لە تێگەیشتنی «زاڵبوون بەسەر بەرامبەر بە ئاسانی» بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بەدوور بین، ئەمە بەو مانایە نییە كە ئەكتەری شەڕەنگێز بوونیان نییە، بەڵكو پێش ئەوەی بگەینە ئەو دەرەنجامەی كە نەیارەكە تەنیا لە زمانی هێز دەگات، دەبێت گریمانەیەكی دیكە بە هەند وەربگرین: ئایا نەیارەكەمان لە چی دەترسێت؟ ئەو ترسە تەنیا سەربازی نییە، بەڵكو ڕەنگە پەیوەست بێت بە پێگە، كەرامەت، ناوبانگ، یان ترسان لە لاوازدەركەوتن، تێگەیشتن لەم ڕەهەندانە بەمانای پاساوهێنانەوە بۆ نەیار نییە، بەڵكو مەرجی كارایی ستراتیژییە، مرۆڤ كاتێك باشتر دەتوانێت دانوستان بكات یان ڕێگری لە بەرامبەر بكات، كە لە پاڵنەرە ڕاستەقینەكانی تێبگات.
• پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا زۆرتر لە ڕوانگەی دارایی و دەسەڵاتەوە دەبینرێن، بەڵام لە پشت ئەم ناكۆكیانەدا مێژوویەكی قووڵی گەڕان بەدوای ناسنامەدا هەیە، ئایا سەقامگیریی ڕاستەقینە پێویستی بە ددانپێدانانێكی دوولایەنە نییە كە لە ڕێككەوتنی ئابووری تێپەڕێت؟ چۆن دەكرێت یەكپارچەیی دەوڵەت بپارێزرێت و هاوكات شكۆ و خواستە نەتەوەییەكانی پێكهاتەیەكی جیاوازیش بەتەواوی ددانپێدانانی بۆ بكرێت؟
- بایەخی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق، لە ڕوانگەی «تیۆری ناسینەوەوە»، زۆر لە هاوكێشە ئابوورییەكان قووڵتر و ڕیشەییترن، سەقامگیریی ڕاستەقینە كاتێك بەدی دێت كە هەردوولا دڵنیابن لایەنەكەیتر وەك قەوارەیەكی سیاسی و مێژوویی هەمیشەیی، نەك واقیعێكی كاتی و تێپەڕ، ددانی پێدا دەنێت، ئەم ددانپێدانانە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئەو دڵەراوكێ بوونگەراییەی زۆرجار دەبێتە ڕێگر لەبەردەم ڕێككەوتنی ستراتیژیی نێوانیاندا.
كارلێكی بەردەوامی دامەزراوەیی و گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا خۆیان جۆرێكن لە پرۆسەی ناسینەوەی فەرمی، چونكە دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان، ددانپیانانە بە شەرعییەتی یەكتریدا. وەك ئەزموونی یەكێتی ئەوروپا، بەرژەوەندیی هاوبەشی ئابووری و هاتوچۆی مرۆیی دەتوانن ناسنامەیەكی گشتگیر و فرەڕەهەند بخوڵقێنن، بێ ئەوەی ناسنامە نەتەوەیی و ناوچەییەكان بسڕنەوە. لێرەدا، چەسپاندنی دەستووریی پێگەی هەرێمی كوردستان و پاراستنی زمان و مافە كولتوورییەكانی، مەرجی بنەڕەتین بۆ دروستكردنی متمانە، چونكە هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر ئەمانە، وەك مەترسی بۆ سەر خودی بوون لێك دەدرێتەوە.
ددان پێدانان بە ناسنامەی بەكۆمەڵ نابێت ببێتە مایەی بەندكردنی تاك لە ناو چوارچێوەیەكی داخراودا، بەڵكو دەبێت ئازادیی تاك لە پێناسەكردنی ئینتیما و ناسنامەی خۆیدا پارێزراو بێت. كورتەی تێڕوانینەكە ئەوەیە: كاتێك قەوارە سیاسی و كولتوورییەكان هەست بە ئاسایشی دەستووری بكەن و پێویستیان بە بەرگریی بوونگەرایی بەردەوام نەبێت، دەتوانن لە ڕێگەی كارلێكی ئەرێنی و بەرژەوەندیی هاوبەشەوە بەرەو سەقامگیریی هەمیشەیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە هەنگاوی پتەو بنێن. ئەمە تاكە ڕێگەی گەیشتنە بە ئارامی.
