فلۆریان بیبەر بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا لە زانكۆی گراتس.بیبەر، بۆ گوڵان: دیكتاتۆریەتی میلۆسۆڤیچ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ناچار كرد یوگسلافیای پێشوو بۆ حەوت دەوڵەت دابەش بكات

فلۆریان بیبەر  بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا لە زانكۆی گراتس.بیبەر، بۆ گوڵان:  دیكتاتۆریەتی میلۆسۆڤیچ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ناچار كرد یوگسلافیای پێشوو بۆ حەوت دەوڵەت دابەش بكات

 

پرۆفیسۆر فلۆریان بیبەر، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا لە زانكۆی گراتس.بیبەر، كە سەرۆكی كۆمەڵەی خوێندنی نەتەوەیی و ڕێكخەری گرووپی ڕاوێژكاری «بەڵكان لە ئەورووپا»یە، خاوەن ئەزموونێكی ئەكادیمیی زۆر دەوڵەمەندە لە زانكۆكانی كۆرنێل، نیویۆرك، سی‌ئی‌یو و لەندەن، نووسەری چەندین بەرهەمی پڕبایەخ و گرنگە سەبارەت بە پرسی ناسیۆنالیزم و پەرەسەندنی دەسەڵاتخوازی لە ناوچەكەدا، كە دوایینیان كتێبی «ئەوەی ئۆتۆكراتەكان لێی دەترسن»ـە. لەم دیمانە تایبەتەدا، پرسی هەڵوەشاندەوەی یوگسلافیای پێشوو و شكستی دەوڵەتە فیدڕاڵییەكان تاوتوێ كرد.

• بۆچی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان لە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی دەوڵەتی یوگۆسلاڤیای پێشوو شكستیان هێنا، ئایا ململانێ نێوخۆیییەكان هۆكاری سەرەكیی هەڵوەشانەوەكە بوون، یان نەبوونی ستراتیژێكی نێودەوڵەتیی ڕوون و هاوسەنگ فاكتەری یەكلاكەرەوەی ئەم داڕمانە مێژووییە بوو؟

- دەستێوەردانی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی یەكپارچەیی دەوڵەتی یووگۆسلاڤیا كاتێك دەستی پێكرد، كە قەیرانی ناوخۆیی وڵاتەكە گەیشتبووە قۆناغێكی زۆر ئاڵۆز و سازانی نێوان لایەنەكان تێیدا مەحاڵ بووبوو، هەوڵە جدییەكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسیی نوێ تەنیا كاتێك خرانە گەڕ كە جەنگ بڵێسەی سەندبوو، ئەمەش ئەگەری سەركەوتنی نێوەندگیریی نێودەوڵەتیی زۆر كەم كردەوە.

هۆكارەكانی هەڵوەشانەوەی یوگۆسلاڤیا زۆر و تێهەڵكێش بوون، سڕبیا بە سەرۆكایەتیی «سلۆبۆدان میلۆسێڤیچ» هەوڵی چەسپاندنی سیستمێكی ناوەندیی توندی دەدا، لە بەرامبەردا سەركردایەتی لە سلۆڤێنیا و كرواتیا خوازیاری بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمیی زیاتر بوون، ئەم كێشەیە تەنیا ڕەهەندی كارگێڕی نەبوو، بەڵكو ناكۆكییەكی قووڵ بوو لەسەر شێوازی سیستمی سیاسی و ئابووریی داهاتووی وڵات، جگە لەوەش هەوڵەكانی سڕبیا بۆ بەستنەوەی كەمینە سڕبەكانی نێو كۆمارەكانی دیكە بە خۆیەوە، گرژییەكانی گەیاندە لووتكە.

نە میلۆسێڤیچ و نە تودجمان سەرۆكی كرواتیا، ئامادەی سازانی سیاسی نەبوون، ئەمەش ڕێگەی لە هەر چارەسەرێكی گونجاو گرت، لە هەمان كاتدا ئەمریكا بە جەنگی كەنداو و هەڵوەشانەوەی سۆڤیەتەوە سەرقاڵ بوو، یەكێتیی ئەورووپاش ئەزموون و ئامادەكاریی پێویستی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژییەكی لەو شێوەیە نەبوو، سەرەنجام ئەكتەرە دەرەكییەكان نەیانتوانی ڕێگری لە هەڵوەشانەوەكە بكەن، بەڵام سووربوونی سەركردایەتیی سڕبیا لەسەر بەكارهێنانی هێز، قەیرانەكەی گۆڕی بۆ جەنگێكی خوێناوی، ئەگەر پەنا بۆ هێزی چەكداری نەبرابایە، ڕەنگە پڕۆسەی هەڵوەشانەوەكە وەك یەكێتیی سۆڤیەت ئاشتییانە بەڕێوە بچوایە و گەلانی ناوچەكە تووشی كارەساتی جەنگی خوێناوی نەبوایەن.

• ئایا هەڵوەشانەوەی یوگۆسلاڤیا و سەرهەڵدانی حەوت دەوڵەتی سەربەخۆ ئەزموونێكی تایبەتی بەڵكان بوو، یان دەكرێت وەك نموونە و پێشینەیەك بۆ ناوچەكانیتری جیهان لە كاتی ململانێ نەتەوەیی و ئیتنیكییەكاندا تەماشا بكرێت؟

- هەڵوەشانەوەی یوگۆسلاڤیا بەشێك بوو لە ڕەوتی گشتیی هەرەسهێنانی فیدراسیۆنە سۆسیالیستە فرەنەتەوەكانی وەك یەكێتیی سۆڤیەت و چیكۆسلۆڤاكیا، لێرەدا جیاوازیی جەوهەری لە سرووشتی ئەم هەڵوەشانەوانەدا بوو، لە كاتێكدا سۆڤیەت و چیكۆسلۆڤاكیا بە شێوەیەكی سازانخوازانە كۆتاییان بە قەوارەكانیان هێنا، یوگۆسلاڤیا تووش داڕمانێكی ناتەبا بوو، بەهۆی نەبوونی ڕێككەوتنی سیاسی لەنێوان سەركردەكاندا، كۆمەڵگەی ئەورووپی گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە دەوڵەتی فیدڕاڵ بە كردەوە هەڵوەشاوەتەوە، ئەمە پێشینەیەكی یاسایی مەترسیداری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا خوڵقاند، ئەویش ئەوەیە كە پەككەوتنی دامەزراوەكانی دەوڵەت دەبێتە پاساو بۆ لەناوبردنی شەرعییەتی قەوارەكە. نموونەی هاوشێوەی وەك ئەریتریا و سوودانی باشوور، نیشانی دەدەن كە دەوڵەتی نوێ لە هەلومەرجی جیاوازدا لەدایك دەبن، بەڵام دۆخی یوگۆسلاڤیا تایبەتمەند بوو، چونكە بڕیارەكە لەسەر بنەمای «داڕمان» بوو نەك جیاخوازییەكی ئاسایی، ئەم لۆژیكە كێشەیەكی قووڵ دروست دەكات: ئەگەر لایەنێك توانای پەكخستنی دەوڵەتی هەبێت، دەتوانێت پاشان ئەو شكستە وەك پاساوێك بۆ جێهێشتنی وڵات بەكار بهێنێت، ئەم باسە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی بۆسنە و هەرزەگۆڤینا هەیە. كۆماری سڕپ وەك ئەكتەرێكی ناڕازی، بەردەوام هەوڵی پەكخستنی دامەزراوە هاوبەشەكانی داوە و دواتر ئەو بێكاریگەرییە وەك بەڵگەیەك بۆ سەرنەكەوتوویی دەوڵەت دەخاتە ڕوو. ئەم ستراتیژییە مەترسیدارە، چونكە دەبێتە هۆی ساردكردنەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بونیادنانی فیدراسیۆنە فرەنەتەوەكان. ئەگەر هێزەكان بتوانن بە ئەنقەست دەوڵەت لاواز بكەن و پاشان ئەو لاوازییە بكەنە پاساوی جوداخوازی، ئەوا مۆدێلی فیدڕاڵیزم وەك ڕێگەچارەیەك بۆ ململانێ نەتەوەییەكان دەگاتە بنبەست، لێرەدا سنووری نێوان مافی چارەی خۆنووسین و تێكدانی ئاسایشی دەوڵەت تێكەڵ دەبێت، كە ئەمەش ئاستەنگێكی گەورەی سیاسی و یاساییە. ئەم ئەزموونەی یوگۆسلاڤیا نیشانی دا كە چۆن پێكەوەگرێدانەوەی ناچاری دەكرێت ببێتە سەرچاوەی ناسەقامگیریی درێژخایەن و تێكچوونی پەیوەندییە سیاسییە نێودەوڵەتییەكان، پێویستە ئەم ڕەهەندە بە وردی هەڵبسەنگێنرێت بۆ ڕێگری لە هەر داڕمانێك.

• وەك پسپۆڕێكی مێژوو و پۆلیتیكی باڵكان، چ هاوشێوەییەك لە نێوان گوتارە ناسیۆنالیستییەكانی ڕووسیا بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا و ئەو بانگێشە نەتەوەییانەدا بەدی دەكەیت كە بوونە هەوێنی هەڵگیرسانی جەنگەكانی یوگۆسلاڤیا لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا؟

- زۆر هاوشێوەیی مێژوویی لە نێوان گوتاری نەتەوەیی سڕبیا لە كاتی هەڵوەشانەوەی یوگۆسلاڤیا و ڕووسیای سەردەمی پوتیندا دەبینرێن، لەو سەردەمەدا، سڕبیا بە مەبەست نكوڵیی لە بوون و ناسنامەی نەتەوەكانی وەك بۆسنە و مۆنتینیگرۆ دەكرد بۆ ئەوەی پاساوێكی مێژوویی بۆ داخوازییە فراوانخوازی و سیاسییەكانی خۆی بهێنێتەوە، سڵۆبۆدان میڵۆسێڤیچ هاوشێوەی ڤلادیمێر پوتین، بە ئاشكرا سنوورە نێودەوڵەتییە دەستنیشانكراوەكانی نێوان كۆمارەكانی پێشووی خستە ژێر پرسیارەوە.

پارادۆكسە سەرنجڕاكێشەكە لێرەدا ئەوەیە كە پوتین دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ لە دەسەڵات، ئەم داوایانەی وەك سیاسەتی فەرمیی دەوڵەت ورووژاند، لە كاتێكدا بۆریس یەڵسین لە ساڵی ١٩٩١دا ڕۆڵێكی گرنگی لە هەڵوەشانەوەی ئاشتییانەی یەكێتیی سۆڤیەت و قبووڵكردنی سنوورە نوێیەكاندا گێڕا، ئەم دۆخە ئەوە دەسەلمێنێت كە سنوورە نێودەوڵەتییە جێگیرەكان، تەنانەت دوای چەندین دەیەی تێپەڕبوو بەسەر هەڵوەشانەوەی دەوڵەتە فرەنەتەوەكانیشدا، هێشتا ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددا و مەترسیی گۆڕانیان لەسەرە. لە ڕووی زمانەوانیی سیاسییەوە، چەمكەكانی «جیهانی ڕووسی» و «جیهانی سڕبی» تەواو هاوشێوەی یەكن، هەردوو وڵات كەمینە نەتەوەییەكانی دەرەوەی سنوورەكانیان وەك ئامرازێكی كاریگەر بۆ فراوانكردنی هەژموونی سیاسی و نەتەوەیی خۆیان بەكاردێنن. سڕبیا لە ڕێگەی سڕبییەكانی نیشتەجێی وڵاتانی دراوسێی وەك كرواتیا و مۆنتینیگرۆ، هەوڵی سەپاندنی ئەم كاریگەرییە دەدات. بە هەرحاڵ، جیاوازییەكی بنەڕەتی لە نێوانیاندا هەیە، ڕووسیا خاوەنی مێژوویەكی ئیمپراتۆریی زۆر دێرینە كە پێش سەردەمی سۆڤیەتیش دەكەوێت، هەر بۆیە داخوازییەكانی تێكەڵەیەك لە ناسیۆنالیزم و ئیمپریالیزمی گشتگیرن. بە پێچەوانەوە، سڕبیا مێژوویەكی ئیمپراتۆریی هاوشێوەی نییە و داواكارییەكانی تەنیا لە چوارچێوەیەكی ناسیۆنالیستیی تەسكدا دەمێننەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قووڵی ئاڵۆزییەكانی مێژوو و ناسنامەیە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا.

• جەنگی ڕووسیا-ئۆكرانیا چ كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆی لەسەر پڕۆسەی ئاوێتەبوونی وڵاتانی خۆرئاوای بەڵكان لە یەكێتیی ئەورووپا هەبووە، ئایا ئەم تەنگژەیە بووەتە مایەی خێراكردنی ڕەوتی ئەندامێتییان، یان ئاستەنگ و بەربەستی نوێی لێ كەوتووەتەوە؟

- جەنگی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، وێنای جیۆپۆلەتیكی و ستراتیژیی پرۆسەی فراوانبوونی یەكێتیی ئەورووپای بە تەواوی گۆڕی، پێش ساڵی ٢٠٢٢، ئەم ڕەوتە تووشی جۆرێك لە سستبوون و چەقبەستووییەكی درێژخایەن بووبوو، بەڵام هەڵگیرسانی جەنگ وای كرد فراوانبوون لە چوارچێوەیەكی تەكنیكیی سادەوە بۆ ستراتیژییەكی سیاسیی چارەنووسساز و پڕبایەخ بگۆڕێت. داواكاریی خێرا و پێداگرییەكانی ئۆكرانیا و مۆڵدۆڤا بۆ بوون بە ئەندام، یەكێتیی ئەورووپای ناچاركرد بایەخی ئەم پرۆسەیە لە ئاستی سیاسیی هەموو كیشوەرەكەدا دووبارە هەڵبسەنگێنێتەوە.

ئەم وەرچەرخانە نوێیە، كاریگەریی دووفاقیی لەسەر وڵاتانی ڕۆژئاوای بەڵكان دروست كرد، لە لایەك، چڕبوونەوەی بێوێنەی سەرنجەكان لەسەر ئۆكرانیا، جۆرێك لە نیگەرانی و هەستی پەراوێزخرانی لای بەڵكانییەكان دروست كرد، بەڵام لە لایەكی دیكەوە، پێویستیی سەلماندنی «كارایی و بڕواپێكراویی» پرۆسەی فراوانبوون، فشارێكی ئەرێنیی خستە سەر یەكێتییەكە تا بەرەوپێشچوونی كردەیی لەو ناوچانەشدا نیشان بدات، كە ساڵانێكی درێژە لە ژووری چاوەڕوانیدا ماونەتەوە.

هەرچەندە ئێستا مۆنتینیگرۆ ئاسۆیەكی ڕاستەقینەی بۆ ئەندامێتی لە ساڵانی داهاتوودا بۆ ڕەخساوە، بەڵام ئاستەنگە قورس و بنەڕەتییەكان هێشتا وەك هەڕەشە ماونەتەوە. پرسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان كۆسۆڤۆ و سڕبیا و پێویستیی چاكسازییە ساختارییەكان بۆ كاراكردنی دەوڵەتی بۆسنە و هەرزەگۆڤینا، هێشتا بەبێ چارەسەر ماونەتەوە، هاوكات كۆسپە ناوخۆییەكانی یەكێتییەكە، وەك ڤیتۆی بولگاریا دژ بە مەقدۆنیای باكوور و ڕێگرییە ئەگەرییەكانی فەرەنسا، پرۆسەكەیان ئاڵۆزتر كردووە، كەواتە هەرچەندە جەنگ گوڕوتین و وزەیەكی نوێی بە پرۆسەی فراوانبوونی یەكێتیی ئەورووپا بەخشیوە، بەڵام نەبووەتە هۆی ڕیشەكێشكردنی ئەو كۆسپە سیاسی و پێكهاتەییانەی كە پێشتریش هەبوو، هەر بۆیە ئەم ئەندامێتییە هێشتا لە نێوان ئومێدی جیۆپۆلەتیكی و نادڵنیاییەكی قووڵدایە.

• بەپێی توێژینەوە چڕەكانت لە ململانێ نەتەوەیییەكاندا، ناسیۆنالیزمی كورد وەك گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت چۆن هەڵدەسەنگێنیت، ئایا ئەم دۆخە دەرەنجامی فاكتەرە ناوخۆیییەكانە، یان بەهۆی داینامیكە جیۆپۆلیتیكییە ئاڵۆز و نێودەوڵەتییە جیهانییەكانەوە دروست بووە؟

- لە ڕوانگەیەكی مێژوویی و سیاسییەوە، هۆكاری بنەڕەتیی نەبوونی كیانێكی سەربەخۆی نەتەوەیی بۆ كورد، لە شێوازی داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی یەكەمدا چڕ دەبێتەوە، سەرەڕای بوونی بەڵێنەكانی ناو پەیماننامەی سیڤەر، دەرەنجامە سیاسی و جیۆپۆلیتیكییەكان ڕێگەیان بە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی نەدا، كاتێك سنوورە نوێیەكان لە ناوچەكەدا بە شێوەیەكی فەرمی چەسپێندران، بژاردەكانی گۆڕینی ئەو سنوورانە بە توندی بەرتەسك بوونەوە، ئەمە دیاردەیەكی جیهانیی بەربڵاوە و هاوشێوەی دۆخی وڵاتانی ئەفریقایە لە دوای قۆناغی كۆلۆنیالیزم و دەرچوونی داگیركەران. سیستمی نێودەوڵەتیی مۆدێرن بە توندی جەخت لەسەر پاراستنی یەكپارچەیی خاك و سەقامگیریی سنوورە ناسراوەكان دەكاتەوە، كە ئەمەش بەربەستێكی گەورە و ئاڵۆزە لەبەردەم نەتەوە بێ دەوڵەتەكاندا بۆ گەیشتن بە مافی سەربەخۆیی. هەر بۆیە بە شێوەیەكی ئاسایی، تەنیا ڕێگەی گەیشتن بە سەربەخۆیی لە ڕێگەی ڕەزامەندیی دەوڵەتی ناوەندییەوە دەبێت، كە ئەمەش بەهۆی ترسی دەوڵەتان لە دابەشبوونی خاك، ئەگەرێكی سیاسیی یەكجار زۆر دەگمەن و مەحاڵە. كەواتە، نەبوونی دەوڵەتی كوردی دەرئەنجامی ئەو پرۆسە مێژووییە جیهانییەی سنوورەكانە، نەك دەرەنجامی تەنها یەك فاكتەری ناوخۆیی كوردی.

• لە نێو سیستمی نێودەوڵەتیدا، ئاستەنگ و دەرفەتە جەوهەرییەكانی مافی چارەی خۆنووسینی كورد وەك گەلێكی بێدەوڵەت چین، كاتێك بەراورد دەكرێن بەو هەلە سیاسی و مێژووییانەی بۆ نەتەوەكانی یوگۆسلاڤیای پێشوو هەڵكەوتن بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆیی و قەوارەی سەروەری نێودەوڵەتی؟

- كۆسپە سەرەكییەكەی بەردەم مافی چارەی خۆنووسین، سرووشتە «دەوڵەت-تەوەر»ەكەی سیستمی نێودەوڵەتییە، دەوڵەتەكان بە گشتی سڵ لە هەر گۆڕانكارییەك دەكەنەوە كە هەڕەشە لە یەكپارچەیی خاكی وڵاتان بكات، چونكە نایانەوێت بڕیارێكی لەو شێوەیە ببێتە پێشینەیەكی مەترسیدار بۆ سەر سەقامگیریی ناوخۆیی خۆیان.

كەیسی كۆسۆڤۆ ڕەنگدانەوەی ئەم واقیعەیە، پێنج وڵاتی ناو یەكێتیی ئەورووپا (ئیسپانیا، سلۆڤاكیا، ڕۆمانیا، قوبرس و یۆنان) بەهۆی ترسیان لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەربەخۆخواز لە وڵاتەكانیاندا، ئامادە نین ددان بە سەربەخۆیی كۆسۆڤۆدا بنێن، ئەمەش دەیسەلمێنێت كە پرسی بڕیاری چارەی خۆنووسین ناتوانرێت وەك بابەتێكی دابڕاو تەماشا بكرێت، بەڵكو دەوڵەتان هەمیشە لێكەوتە و لەرزینە سیاسییەكانی ئەو بڕیارە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی خۆیان هەڵدەسەنگێنن.

لەگەڵ ئەوەشدا، سێ دەرفەتی گرنگ بۆ وەدیهاتنی سەربەخۆیی هەن:

یەكەم: كاتێك كەیسەكە وەك دۆخێكی «ناوازە و تایبەت» (Sui generis) وێنا بكرێت، بەجۆرێك كە نەبێتە بیانوو یان نموونەیەكی یاسایی بۆ ناوچەكانی دیكەی جیهان.

دووەم: بوونی ساتەوەختێكی جیۆپۆلەتیكی گونجاو، وەك ئەوەی لە كاتی هەڵوەشانەوەی یەكێتیی سۆڤیەت و یوگۆسلاڤیادا ڕووی دا. ئەم جۆرە لێكترازانە گەورانە لە سیستمی جیهانیدا، كاتێكی زێڕینن بۆ گۆڕانكارییە سیاسی و سنوورییەكان.

سێیەم: بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بەهێز، چونكە قەوارە بێدەوڵەتەكان لە ناو سیستمێكی دەوڵەت-تەوەردا، تەنیا بە پاڵپشتیی دەرەكیی كاریگەر دەتوانن شەرعییەت بەدەست بهێنن.

دەرەنجام، سەركەوتنی پرسی چارەی خۆنووسین تەنیا پەیوەست نییە بە ئیرادەی گەلانەوە، بەڵكوو گرێدراوی سێ فاكتەری سەرەكییە: ڕەواندنەوەی ترسی دەوڵەتان لە دروستبوونی پێشینەی یاسایی، گونجانی بارودۆخی نێودەوڵەتی، هەبوونی پاڵپشتیی هێزە نێودەوڵەتییەكان.

• ئایا هەرێمی فیدڕاڵی كوردستان دەتوانێ لە نێو ژینگەیەكی هەرێمایەتیی نەیاردا، بەبێ گەیشتن بە سەربەخۆیی سیاسیی تەواو، سەقامگیری و مانەوەی درێژخایەنی خۆیان بپارێزن و گەشە بكەن؟

- بێگومان گەورەترین ئالنگاریی ئێستا، بریتییە لەو ژینگە نەیار و دوژمنكارانەی كە لەلایەن زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەكەوە خوڵقێندراوە، ئەم دژایەتییەش بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە بەردەوامی و ئاسایشی هەموو ڕێككەوتنە سیاسییە فیدڕاڵییەكان دەكات، لە نەبوونی سەروەریی تەواوی دەوڵەتدا، هەمیشە ئەگەری لاوازكردن، پاشەكشە پێكردن یان تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی قەوارە خۆبەڕێوەبەرەكان لەلایەن ئەو دەوڵەتانەی لە چوارچێوەی سنوورە فەرمییەكانیاندا هەڵكەوتوون، لە ئارادایە. ئەمەش ڕێكخستنە ئۆتۆنۆمییەكان بەرانبەر بە دەوڵەتە سەربەخۆ و نێودەوڵەتییەكان، زیاتر ناسك و بەرەوڕووی مەترسی دەكات، چونكە مانەوەیان بەستراوەتەوە بە هاوسەنگیی سیاسی، دیدگای حكومەتی ناوەندی و هەلومەرجی گشتیی ناوچەكە. كەواتە، باشترین و گەورەترین گەرەنتی بریتییە لە گۆڕینی ڕەفتاری دەوڵەتانی دراوسێ و گەلانی زۆرینە بەرانبەر بە ئۆتۆنۆمیی كورد. ئەگەر هەرێمی فیدڕاڵی كوردستان وەك بەشێكی شەرعی و هەمیشەیی لە سیستمی سیاسی سەیر بكرێت، نەك وەك سازشێكی كاتی یان هەڕەشە بۆ سەر یەكپارچەیی خاك، ئەوا بنەمایەكی پتەوتر بۆ سەقامگیریی درێژخایەن دابین دەكات. سەرەنجام، مانەوەی ئەم هەرێمە فیدڕالییانە نەك تەنیا لەسەر دامەزراوە ناوخۆییەكان، بەڵكو لەسەر ئاستی قبووڵكردنیان لە ژینگەی سیاسیی دەوروبەردا بەندە.

• زۆرێك لە چاودێران سیستمی فیدڕاڵی لە عێراق بە ئەزموونێكی پەككەوتوو دادەنێن، ئایا فەراهەمنەكردنی سەقامگیری بۆ خودی چەمكەكە لە كۆمەڵگە دابەشبووەكاندا دەگەڕێتەوە، یان گرفتەكە لە شێوازی جێبەجێكردن و پیادەكردنی ئەو سیستمە فیدڕاڵییەدایە؟

- فیدڕاڵیزمی فرەنەتەوەیی لە ئاستی كردەییدا بەردەوام ڕووبەڕووی ئاستەنگی و تەگەرەی زۆر گەورە دەبێتەوە، چونكە ئەم سیستمە سیاسییە هەوڵی ئاوێتەكردنی دیدگە و تێڕوانینە دژبەیەكەكان دەدات سەبارەت بە جەوهەری دەوڵەت و شێوازی فەرمانڕەوایی، ئەم جۆرە مۆدێلە دەبێت بتوانێت هاوسەنگییەكی زۆر ورد و هەستیار لەنێوان خواستی ڕەوای پێكهاتەكان بۆ چارەی خۆنووسین و پێویستیی پاراستنی قەوارەیەكی دەوڵەتیی یەكگرتوودا دروست بكات. كێشە بنەڕەتیەكە تەنیا لە خودی ڕێكارەكانی فیدراڵیزمدا نییە، بەڵكو زیاتر لەوەدایە كە ئەم بنەما و ڕێككەوتنانە زۆرجار لە ناوجەرگەی ململانێیەكی سیاسیی سەخت و پڕ لە ناكۆكیدا دادەمەزرێن. تەنانەت لە وڵاتێكی دیموكراسیی پێشكەوتووی وەك بەلجیكاشدا، سەرەڕای نەبوونی مێژوویەكی خوێناوی و پڕ لە توندوتیژی، ئاڵۆزییەكانی ئەم پێكهاتەیە بەردەوام كێشەی سیاسیی قووڵ دەخولقێنن، ئاشكرایە ئەم گرفتانە لەو كۆمەڵگەیانەی كە بێبەشن لە فەرهەنگی سیاسیی سازش و مێژوویەكی دیموكراسیی پتەو، هێندەیتر قووڵتر دەبنەوە. لێرەوە، فیدراڵیزم و دابەشكردنی دەسەڵات تەنیا كۆمەڵە دەقێكی یاسایی و دامەزراوەیی نین، بەڵكو سەركەوتنیان بە شێوەیەكی سەرەكی بەندە بە ڕەفتار و فەرهەنگی سیاسیی كاراكتەرە سەرەكییەكانەوە. فیدراڵیزمێكی كارا پێویستی بە سەركردەگەلێكە كە بڕوای تەواویان بە سازشی سیاسی و شەرعییەتی دامەزراوەیی هەبێت، بەبێ هاوكار و هەماهەنگی لەگەڵ یەكتری، دەستووریش پەكی دەكەوێت.

• چ لێكچوونێكی پێكهاتەیی لە قەیرانی سیاسی عێراق و بۆسنەدا هەیە، بۆچی مۆدێلی دابەشكردنی دەسەڵات لەم دوو وڵاتەدا نەبووەتە مایەی بەدیهێنانی حوكمڕانییەكی گشتگیر و سەركەوتوو؟

- یەكێك لە خاڵە هاوبەشە جەوهەرییەكان ئەوەیە كە هەردوو سیستمی سیاسی لەلایەن ئەكتەرە دەرەكییەكانەوە داڕێژراون، نەك لە ئەنجامی سازانی ناوخۆیی، ئەمەش وای كردووە وەرگرتنی ئەم پێكهاتانە لە ئاستی نیشتمانیدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ ببێتەوە، بە جۆرێك سیاسییەكان بە ڕواڵەت قبووڵی دەكەن، بەڵام لە بنەڕەتدا گومانیان لە شەرعییەت و بەردەوامیی درێژخایەنی هەیە. لە عێراق و بۆسنەدا، تەحەدایەكە لە سێ ئاستی ئاڵۆزدا چڕبووەتەوە: یەكەم، بونیادنانی دیموكراسییەك كە بەشداریی و نوێنەرایەتیی ڕاستەقینە فەراهەم بكات. دووەم، چەسپاندنی فەرهەنگی سازان، چونكە لە كۆمەڵگە دابەشبووەكاندا حوكمڕانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشت پێكهاتەكان مەحاڵە. سێیەم، قبووڵكردنی خودی پێكهاتەی دەوڵەت و چوارچێوەی سنوورە دەستوورییەكانی. ئەم سێ مەرجە بە توندی ئاوێتەی یەكن، دیموكراسی بەبێ سازان كارا نابێت، سازانیش بەبێ دداننان بە ڕەوایی دەوڵەتدا نایێتە دی. لێرەوە، كێشەكە تەنیا كورتهێنانی دامەزراوەیەك یان دەقێكی دەستووری نییە، بەڵكو بریتییە لە زەحمەتیی پێكەوەبەستنی ئەم سێ ڕەهەندە سەرەكییە، كە وای كردووە سیستمی سیاسی هەمیشە ڕووبەڕووی ئیفلیجی و قەیرانی پەیتا پەیتا ببێتەوە و سەقامگیریی ڕاستەقینە لە وڵاتدا بەدی نەیەت و نەچەسپێت.

• ئایا لە سایەی بەردەوامیی ململانێ نەتەوەیی و مەزهەبییەكاندا، عێراق بەرەو سیستمێكی تاكڕەو، یان تێكەڵاو هەنگاو دەنێت، كە تێیدا دامەزراوە دیموكراسییەكان تەنیا بۆ پەردەپۆشكردنی شێوازە دەسەڵاتخوازی و سەركوتكارییەكانی حكومڕانی بەكار دەهێنرێن؟

- ئێستا ڕەوتێكی جیهانی بەرەو ئۆتۆكراتیزەكردن و پاشەكشەی دیموكراسی هەستی پێ دەكرێت، كە تیایدا دامەزراوەكان لاواز و شێوازە تاكڕەوییەكان كاراتر دەبن، لەم ناوەندەدا سیستمە فیدڕاڵ و ئاڵۆزەكان لە چاو دەوڵەتە یەكگرتووە ناوەندگەرەكاندا، توانایەكی باڵاتریان بۆ خۆڕاگری بەرامبەر هەڕەشەی ستەمكاریی هەیە، فیدراڵیزم لە ڕێگەی دابەشكردنی دەسەڵات بەسەر ئاست و كایە جیاوازەكاندا، ڕێگری لە قۆرخكاریی ڕەها دەكات. هەرچەندە ئەم ئاڵۆزییە دەبێتە هۆی كێشەی حوكمڕانی و لێكترازانی سیاسی، بەڵام هاوكات وەك قەڵغانێكی پتەوی دامەزراوەیی دژی چڕبوونەوەی دەسەڵات لە چەقێكی سیاسیی دیاریكراودا كاردەكات و ڕێگری لە سەرهەڵدانی سیستمێكی دیكتاتۆری و ئۆتۆكراتی ناوەندیی تەواو و گشتگیر دەكات.

 

Top