پیتەر هان ئوستادی مێژووی دیپلۆماتی لە زانكۆی ئۆهایۆ بۆ گوڵان: پێشهاتەكانی دوای ساڵی ١٩٩١ و پاشان ٢٠٠٣، دەرفەتێكی وەهایان بۆ نەتەوەی كورد ڕەخساند كە پێشتر لە مێژووی هاوچەرخی ناوچەكەدا هاوشێوەی نەبووە

پیتەر هان  ئوستادی مێژووی دیپلۆماتی لە زانكۆی ئۆهایۆ بۆ گوڵان:  پێشهاتەكانی دوای ساڵی ١٩٩١ و پاشان ٢٠٠٣، دەرفەتێكی وەهایان بۆ نەتەوەی كورد ڕەخساند كە پێشتر لە مێژووی هاوچەرخی ناوچەكەدا هاوشێوەی نەبووە

 

پرۆفیسۆر پیتەر ئێڵ هان، تەمەنی خۆی لەپێناو تێگەیشتنێكی قووڵتر لە مێژووی دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بەسەر بردووە، ئەو ئێستا ئوستادی مێژووە لە زانكۆی ویلایەتی ئۆهایۆ (Ohio State University)، كە لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەرزترین پلەی فەخریی زانكۆكەی «پرۆفیسۆری نایابی زانكۆ»ی پێ بەخشراوە.

نوێترین بەرهەمەكانی كە لە ساڵی ٢٠٢٥دا بڵاو كراونەتەوە، وەك كتێبی «قەیران و كەوتنە ناو بەرداشی ململانێكان: ویلایەتە یەكگرتووەكان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای ١٩٤٥» و كتێبی «لیبیا و ڕۆژئاوا»، سەرچاوەی دەوڵەمەندن بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە.

بۆ قسەكردن لەسەر سیاسەتی ئەمریكا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵكشانی شەڕ و گرژی و ئاڵۆزییەكان، بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

 

• لە كتێبی «قەیران و كەوتنە ناو بەردەشی ململانێكان»دا، پەرەسەندنی ڕۆڵی ئەمنیی ئەمریكا لە ناوچەكە دەخەیتە ڕوو، بە تێڕوانین لەم مێژووە، واشنتۆن لە چ تێگەیشتنێكی هەڵەی ستراتیژیدا بەردەوام بووە، چ وانەیەكی بنەڕەتی دەبێت ببێتە ڕێپیشاندەری داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمڕۆ؟

- سرووشتییە كە داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەمیشە پاراستنی بەرژەوەندیی ستراتیژی، تەناهی و ئابوورییەكانی وڵاتەكەیان بخەنە سەرووی هەموو ئەولەوییەتێكەوە، ئەمەش وای كردووە زۆرجار لە درككردن و قبووڵكردنی ڕاستەقینەی بەرژەوەندییەكانی نەتەوە و دەوڵەتانیتردا تووشی شكستی گەورە ببن، لە زۆر وێستگەی مێژووییدا بەرپرسانی واشنتۆن هەوڵی بێوچانیان داوە بۆ ئەوەی ئیرادە و ویستی دەوڵەتە ناوخۆییەكان تێك بشكێنن یان بیچەمێننەوە، تەنیا بە مەبەستی گونجاندنیان لەگەڵ نەخشە و ئامانجە سیاسییەكانی خۆیان لە ناوچەكەدا. هەرچەندە لە هەندێك قۆناغی ڕابردوودا، سیاسەتكارانی ئەمریكی توانیویانە فۆرمولەیەكی واقیعی بدۆزنەوە بۆ ڕەچاوكردنی بەرژەوەندییە جیاوازەكانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە جۆرێك كە ئامانجە تایبەتەكانی خۆشیان بپێكن، بەڵام لە بەرامبەردا هەوڵە چەسپاوەكانی ئەمریكا بۆ دەستكاریكردن و ئاراستەكردنی گۆڕانكارییە سیاسی و ستراتیژییەكان، زۆرجار بووەتە مایەی دروستبوونی ململانێی خوێناوی و ناسەقامگیرییەكی قووڵ لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و گەلان، یان حكومەتە ناوچەییەكاندا. كەواتە تۆمارە مێژووییەكان بە ڕوونی ئەوە دەسەلمێنن كە بایەخدان و تێگەیشتنێكی قووڵ لە بەرژەوەندییە ڕاستەقینەكانی دەوڵەتانی ناوچەكە، مەرجێكی بنەڕەتییە بۆ هەر جۆرە هاوسەنگییەك، لەبری ئەوەی بەو چاوە تەماشایان بكرێت كە دەكرێت بە ئاسانی بەرژەوەندییەكانیان بۆ خزمەتكردنی پێویستییەكانی ئەمریكا هەموار بكرێنەوە و ئاراستە بكرێن، چونكە ئەم جۆرە ڕەفتارانە ئەنجامی پێچەوانەیان لێ دەكەوێتەوە و گرژییە نێودەوڵەتییەكان زیاتر دەكەن، ئەمەش پێویستیی دیپلۆماسییەكی كارا و بونیاتنەر بۆ هەموو لایەك دەسەلمێنێت.

• بۆچی زلهێزەكان لە جەنگی ساردەوە تا ئێستا، قەومییەی عەرەبی و ئێرانییان تەنیا وەك «هەڕەشە» بینیوە و لەبری تێگەیشتن و دیالۆگی سیاسی، هەمیشە ستراتیژی «بەرپەرچدانەوە»یان هەڵبژاردووە، ئایا ڕەگ و ڕیشەی ئەم مامەڵە نەرێنییە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟

- مێژووی پەیوەندییە سیاسییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەگەڵ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گوزارشت لە جۆرێك لە ململانێی هزری و سیاسیی قووڵ دەكات سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ چەمكی ناسیۆنالیزمی ناوچەیی، كۆمەڵێك لە بەرپرسانی باڵای ئەمریكا بە درێژایی مێژوو، ناسیۆنالیزمیان وەك هێزێكی دژبەر دەبینی كە دەبێتە مایەی پەكخستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی واشنتۆن و بەهێزكردنی پێگەی ڕكەبەرە نێودەوڵەتییەكانیان، لە سەردەمی جەنگی سارددا، ئەم دیدگایە گەشەی كرد، بەو پێیەی دەسەڵاتدارانی ئەمریكا ترسی ئەوەیان هەبوو كە سەرهەڵدانی هەستی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕێگەخۆشكەر بێت بۆ پەلكێشانی هەژموونی كۆمۆنیزمی سۆڤیەتی و تێكدانی هاوسەنگییەكانی وزە و كۆنتڕۆڵكردنی سەرچاوە دەوڵەمەندە نەوتییەكان، تەنانەت لە قۆناغە نوێیەكانیشدا، ناسیۆنالیزم وەك جۆرێك لە سەرەتای توندڕەویی ئیسلامی وێنا كرا، كە ئەمەش وای كرد لایەنگرانی ئەم ڕەوتە مەیلیان بەرەو سەركوتكردن و بێدەنگكردنی بزووتنەوە نەتەوەییەكان بێت، نەك لێكتێگەیشتن و هێوركردنەوەی دۆخەكە.

لەلایەكی دیكەوە، ژمارەیەك لە بەرپرس و دیپلۆماتكارانی دیكەی ئەمریكی، تێگەیشتنێكی قووڵتر و واقیعیانەیان بۆ بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەكانی عەرەبی و ئێرانی هەبوو، ئەوان پێیان وابوو كە بەرهەڵستیكردنی ئەم هێزە جەماوەرییە خۆڕسكە، دەرەنجامی پێچەوانەی دەبێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی و ناسەقامگیرییەك، كە زیان بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ناوچەكەش دەگەیەنێت، بۆیە ئەم گرووپە جەختیان لەسەر گرتنەبەری سیاسەتی «سازان» و «هاوئاهەنگی» دەكردەوە، بە شێوەیەك كە بەفەرمی ددان بە سەروەری و سەربەخۆیی سیاسیی دەوڵەتانی ناوچەكەدا بنرێت و لە ڕێگەی ڕێككەوتنی سیاسی و ستراتیژیی هاوبەشەوە هاریكارییەكی بنیاتنەر بكرێت.

بەم پێیە، مێژووی سیاسیی ئەمریكا لەم ناوچەیەدا گۆڕەپانی كێشمەكێشێكی بەردەوام بووە لە نێوان دوو جەمسەری دژبەردا: جەمسەرێك كە پێداگری لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ناسیۆنالیزم دەكاتەوە كاتێك هەڕەشە لە بەرژەوەندییەكان دەكات، جەمسەرێكیتر كە بڕوای بە دیالۆگی سیاسی، پێكەوەژیان و هاوكاریی هاوبەش هەیە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لەم ناوچە گرنگ و پڕ كێشە و ئاڵۆزانەدا كە كاریگەرییان لەسەر ئاستی جیهانی و هەرێمی هەیە.

• بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد ڕەوتی مێژووی هاوچەرخی عێراقی داڕشتووەتەوە، هەر لە فەراهەمكردنی پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ كوردستانی عێراق لە دوای ساڵی ١٩٩١ەوە تا دەگاتە ددانپێدانانی دەستووری بە قەوارەی هەرێمی كوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، ئایا ئەم ئەزموونە مێژووییە چی دەربارەی دەرفەت و ئاستەنگەكانی گونجاندنی ناسنامە نەتەوەیییە تۆكمەكان لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدڕاڵیی عێراقیدا دەخاتە ڕوو؟

- پێش ساڵی ١٩٩١، بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد بەردەوام ڕووبەڕووی پەراوێزخستن دەبوونەوە، چونكە هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان نەك هەر نكۆڵییان لە خواستە ڕەواكانی كورد دەكرد، بەڵكو زۆرجار بزووتنەوە كوردییەكانیان تەنیا وەك ئامرازێكی فشاری سیاسی لە ململانێ ستراتیژییەكانی خۆیاندا بەكار دەهێنا. بەم هۆیەوە، مافەكانی كورد هەمیشە دەخرانە خزمەت هاوكێشە و بەرژەوەندیی دەوڵەتە زلهێزەكانەوە، بەڵام لە دوای ١٩٩١ەوە، گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لە هاوكێشە سیاسییەدا هاتە ئاراوە، سەرەتا لە سایەی ئەو پاراستنەی كە لە پرۆسەی «چاودێریی باكوور»دا فەراهەم كرا و دواتریش لە ڕێگەی ئەو ڕێككەوتنە سیاسییانەی دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو بۆ دابەشكردنی دەسەڵات هاتنە كایەوە، بەرژەوەندییەكانی كورد بە ئاستێكی بێ وێنە گەشەیان كرد و پارێزگارییان لێ كرا. ئەم پێشهاتانە سەلماندیان كە فەراهەمكردنی ڕێككەوتنی سیاسیی گشتگیر و دابینكردنی چوارچێوەی دامەزراوەیی پتەو بۆ پاراستنی مافەكان، دەتوانێت ئاسایش و كاریگەریی سیاسیی كورد بە شێوەیەكی جەوهەری و سەقامگیر بەهێز بكات، بەجۆرێك كە پێشتر هەرگیز لە مێژووی هاوچەرخی ناوچەكەدا دەرفەتی وەهای بۆ نەتەوەی كورد نەڕەخساندوە.

• لە ڕوانگەی جیاوازیی نێوان جەنگی ١٩٩١ و ٢٠٠٣، چ وانەیەكی جەوهەری بۆ بڕیاربەدەستان جێماوە سەبارەت بە دیاریكردنی ئامانجە سەربازییەكان، داڕشتنی پلانی پاش جەنگ و دەستەبەركردنی ڕەوایی سیاسی لە دەستوەردانەكاندا؟

- لە یەكەمین جەنگی مەزنی ناوچەی كەنداودا، جۆرج بووشی باوك ستراتیژ و ئامانجێكی سەربازیی تا ڕادەیەك سنوورداری بۆ هێزەكانی وڵاتەكەی دەستنیشان كرد، كە تەنیا لە ڕزگاركردنی یەكجاریی خاكی كوێتدا چڕ بووبووەوە، ئەو سەرۆكە لێهاتووە توانی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتیی یەكگرتوو و بەرفراوان بە ڕەزامەندیی فەرمیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان پێك بهێنێت و هاوكات پشتیوانییەكی جەماوەریی گەورە و ئیجماعێكی سیاسیی زۆر بەهێزی لە ناوخۆی ئەمریكا و ناو دامەزراوەی كۆنگرێسدا بۆ كردەوە سەربازییەكانی مسۆگەر بكات. دوای بەدەستهێنانی سەركەوتنی سەربازی و تێكشكاندنی بەشێكی زۆری تواناكانی سوپای عێراق، بووش سیستمێكی توندی گەمارۆدان و سنوورداركردنی بەسەر دەسەڵاتەكەی سەدام حوسێندا سەپاند، بە مەبەستی پەكخستنی توانای جەنگیی و ڕێگریكردن لە هەر جۆرە هەنگاوێكی تێكدەرانەی دیكەی داهاتوو. لەبری هەوڵدان بۆ گۆڕینی بنەڕەتیی سیستمی سیاسیی ئەو وڵاتە، واشنتۆن تەنیا ستراتیژی ناسراو بە «سیاسەتی گەمارۆدان»ی پەیڕەو كرد، كە بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ بە شێوەیەكی باش كاری پێ دەكرا، پاشان بووشی كوڕ هەمان ئەو میراتی گەمارۆدانەی وەرگرت كە لە باوكی و كلینتۆنەوە بۆی مابووەوە، لێ لەژێر كاریگەریی شۆكی هێرشەكانی یازدەی سێپتێمبەردا، گەیشتە ئەو دەرەنجامەی كە سەدام حوسێن مەترسییەكی بنەڕەتی و دەستبەجێیە، ئەمەش بەهۆی ئەو ترسەی كە نەكا عێراقێكی بووژاوە لە داهاتوودا ببێتە هاوپەیمانی گرووپە تێرۆریستییە توندڕەوەكان، هەر بۆیە بووشی كوڕ جەنگێكی گشتگیر و هێرشێكی سەربازیی فراوانی بۆ سەر عێراق دەست پێكرد، بەڵام ئەمجارەیان بە پشتیوانییەكی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی زۆر كەمتر بەراورد بە جەنگی ساڵی 1991. ئامانجەكانی ئۆپەراسیۆنی ساڵی 2003 گەلێك فراوانتر بوون، ئەوانەش گۆڕینی ڕژێم لە بەغدا، لەناوبردنی یەكجاریی بەرنامەكانی چەكی كۆمەڵكوژ و دواجار پرۆسەی بنیاتنانی حكومەت و دامەزراوە دیموكراتییەكان لە عێراقدا، جیاوازیی نێوان ئەم دوو دەستێوەردانە تەنیا ئاستی جیاوازیی پشتیوانییەكان نەبوو، بەڵكوو گۆڕانی ستراتیژییش بوو.

• كتێبەكەت باس لە ململانێی عەرەب-ئیسرائیل، پەیوەندیی ئەمریكا-ئێران و جەنگە وەكالەتییەكان دەكات، بۆچی سەرەڕای دەیان ساڵ دەستپێشخەریی دیپلۆماسی و دەستێوەردانی دەرەكی، هێشتا بونیادنانی سیستمێكی ئاسایشی ناوچەیی سەقامگیر وەك ئامانجێكی دەستنەكەوتوو ماوەتەوە؟

- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك خاڵی ستراتیژیی بەریەككەوتنی سێ كیشوەرە گەورەكەی جیهان و مەڵبەندێكی ناوازە و بێوێنەی فرەیی نەتەوەیی و كولتووری و ئایینییە، كە خاوەن مێژوویەكی دەوڵەمەند و پڕ لە ڕووداوی جیاوازە، لە سەرەتای چەرخی هاوچەرخ و مۆدێرندا، ئەم ناوچەیە لە ڕووی ئابوورییەوە كەمتر گەشەی سەندبوو، هاوكات بەدەست ناهاوسەنگییەكی قووڵ لە دابەشكردنی سەروەت و سامان و هەڵكشانی خێرای ڕێژەی گەشەی دانیشتوانەوە دەیناڵاند. تێكەڵبوونی ئەم ڕەهەندە ئاڵۆزە سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابوورییانە، زەمینەی گونجاوی بۆ سەرهەڵدانی ململانێ و ناسەقامگیرییەكی سەخت و درێژخایەن لە تەواوی ناوچەكەدا خۆش كردووە. لە زۆر بارودۆخی مێژووییدا دەستێوەردانە بیانییەكان و فشارە دەرەكییەكان بوونەتە هۆی ئەوەی كە گرژییە ناوخۆییەكانی ناوچەكە زیاتر قوڵ ببنەوە و چارەسەركردنیان ئەستەم بێت. كارلێكی بەردەوامی نێوان فرەیی ناوخۆیی و گوشارە ئابوورییەكان لە لایەك و دەستێوەردانە دەرەكییەكان لە لایەكی دیكە، پێكەوە بوونەتە لەمپەرێكی گەورە لە بەردەم بنیاتنانی نەزمێكی ئاسایشی جێگیر، ئەم ئاڵۆزییانە وایان كردووە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە لە بازنەیەكی داخراوی ناسەقامگیریدا بمێنێتەوە، كە تێیدا فاكتەرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان كاریگەریی نەرێنی لەسەر یەكدی دروست دەكەن. هەر بۆیە دابینكردنی ئاسایشێكی هەمیشەیی لە ناخی ئەم جوگرافیایەدا پێویستی بە تێگەیشتنێكی قووڵ لەو مێژووە پڕ لە كێشمەكێشە هەیە كە تائێستاش ڕەنگی داوەتەوە و بووەتە بەربەستی بەردەم ئاشتی.

 

Top