تۆماس هانسن پرۆفیسۆری دیراساتی مرۆیی لە زانكۆی ستانفۆرد بۆ گوڵان: چاكسازی لە دامەزراوەكاندا مەرجی بنەڕەتییە بۆ هێنانەئارای متمانەی گشتی

تۆماس هانسن  پرۆفیسۆری دیراساتی مرۆیی لە زانكۆی ستانفۆرد بۆ گوڵان:  چاكسازی لە دامەزراوەكاندا مەرجی بنەڕەتییە بۆ هێنانەئارای متمانەی گشتی

 

 

لە سەردەمێكدا كە چەمكی دیموكراسی تووشی ئاڵۆزی و ناڕوونی بووەتەوە، پەیوەندیی نێوان دەسەڵات، شوناس، و توندوتیژی بووەتەوە یەكێك لە بابەتە هەرە گرنگەكانی فكری سیاسیی هاوچەرخ، ئەوا خوازیاربووین چەند پرسێك بورووژێنین لە چەشنی ئەوەی ئایا توندوتیژی تەنیا هەڕەشەیە بۆ سەر دیموكراسی، یان ئەوەتا توندوتیژی بەشێكی شێلدراوە بە پرۆسەی سیاسییەوە. چۆن چەمكی «گەل» لەلایەن ڕەوتە پۆپۆلیست و ڕاستڕەوەكانەوە بەكار دەهێنرێت بۆ پەراوێزخستنی كەمینەكان؟. بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، ئەم چاوپێكەوتنە تایبەتەمان لەگەڵ تۆماس هانسن، پرۆفیسۆری دیراساتی مرۆیی لە زانكۆی ستانفۆرد و پسپۆڕی دیاری بواری ژیانی سیاسی، شوناسە ئیتنی و ئایینییەكان و دیاردەی توندوتیژی كرد. هانسن لە ڕێگەی خوێندنەوەی وردی بۆ ئەزموونی وڵاتانی وەك هیندستان و ئەفریقای باشوور، ڕەهەندە جیاوازەكانی توندوتیژیی دەوڵەت، ناسیۆنالیزمی ئایینی و ئاییندەی كۆمەڵگە فرەیییەكان دەخاتە بەر باس.

 

• بە پێی توێژینەوەكانتان دەكرێت توندوتیژی ڕۆ بچێتە نێو پرۆسەی پێكهێنانی شوناسە سیاسییەكانەوە و تەنیا لە پرسی پەكخستنی چالاكییە سیاسییەكاندا قەتیس نەبێت. لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بە ڕاستی بۆی هەیە توندوتیژی ببێتە بەشێك لە سیاسەتی دیموكراتی، بەتایبەتی كاتێك كاراكتەرە سیاسییەكان كار لەسەر جیاكردنەوەی گرووپێك لە گرووپێكی دیكە دەكەن، واتە دووانەی ئێمە و ئەوان دروست دەكەن؟

- لە ڕاستیدا دژبەرییەك نییە لە نێوان دیموكراسی و بەكارهێنانی – یان هەڕەشەی بەكارهێنانی توندوتیژی- لەلایەن دەوڵەت، یان كاراكتەرە سیاسییەكانەوە، زۆرێك لە دەوڵەتە دیموكراسییەكان توندوتیژی دژی ڕكەبەرەكانییان و تەنانەت لە دژی دانیشتوانی وڵاتەكەی خۆشیان بەكار دەهێنن، بەڵام ئەمە توندوتیژییەكە، كە بە ئاسایی و بە ڕەوا دادەنرێت، چونكە ئەمە بە بەگژداچوونەوە تاوان یان هەڵمەتی دژ بە تیرۆر، یان ڕێكاری پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی هەژمار دەكرێت و بگرە پشتیوانییەكی ئاستبەرزی سیاسی لەم جۆرە توندوتیژییە دەكرێت و لە ڕێی ئامرازە یاساییەكانەوە ئەنجام دەدرێت. بیر لەو توندوتیژییە بكەنەوە لە كە هێزی پۆلیس لە میانەی ڕاپەڕاندنی كارەكانیدا ئەنجامییان دەدات- لە بەرازیل، ئەندەنوسیا، ئەمریكا، هیندستان، و ڕووسیا و.. هتد، هەروەها زۆرێك لە دەوڵەتە دیموكراسییەكان شەڕی ناوخۆ دەكەن لە دژی ئەوەی پێی دەڵێن بزوتنەوە یاخیبووەكان، یان كەمینە ناوخۆییەكان، ئەویش بە ڕەزامەندی و دەنگی زۆرینە. زۆرجار بەكارهێنانی توندوتیژی لە هەڵمەتە سیاسییەكان و لە میانەی گفتوگۆكاندا وەك پێوەرێك هەژمار دەكرێن لەبارەی سەركەوتنی دیموكراسییەوە، مەبەستم ئەوەیە تاوەكو ڕاددەی توندوتیژی كەمتر بێت، ئەوا ئەمە مانای چەسپاندنی زیاتری دیموكراسییە. لە ڕاستیدا ئەمە هەندێ ڕاستیی تێدایە، چونكە هەڵمەت و چالاكی سیاسی، و دەنگدان لە سایەی كەشێكدا كە هەڕەشەی هێرشی توندوتیژانەی تێدا بەدی بكرێت، دەبێتە هۆی سنوورداركردنی ئازادی و مافی ڕادەربڕین، لە هەمان كاتدا دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە بوونی هەڕەشە و كرداری پەیوەست بە توندوتیژیی سیاسی و گردبوونەوە حەماسییەكان، كە ڕەنگە سەربكێشن بۆ توندوتیژی، بەشێكن لە چۆنییەتیی كاركردنی سیاسەتی دیموكراتی لە چەندین شوێنی جیهاندا، بەڵام بە بێ ئەوەی ببنە هۆی لەناوبردنی تەواوی پرۆسە دیموكراتییەكە. هەموو ئەمانە پەیوەستن بە چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی ئازادیی ڕادەربڕین و سەپاندنی یاسا و پاراستنی تاكەكەسەكان. ئەوەی پەیوەست بێت بە وڵاتی هیندستانەوە، ئەوا بۆ چەندین دەیە دەچێت كێشەی گەورەی هەبووە لەم ڕووەوە، لە كاتێكدا لە ڕابردودا لە زۆر ڕەهەندەوە دیموكراسییەتێكی زیندوو و سەركەوتوو بوو، لەبەر ئەوەی بە چەشنێك ئازادی بۆ هاووڵاتییەكانی دەستەبەر دەكرد، كە زەحمەتە لە زۆرێك لە كۆمەڵگەكانی دیكەدا بەدی بكرێت، واتە ئێستا زۆرێك لەم پرسانەوە لەلایەن حكومەتێكی بە دیموكراتی هەڵبژێردراو، پێچەوانە كراوونەتەوە.

•  لە پەیوەندی بە هاتنەئارای دیموكراسییەتی نالیبراڵی و بەرفراوانبوونی پرسی سەروەریی زۆرینە، بۆچی ئەم ئەم بیرۆكانە هاوشانن بە دووژمنایەتی بەرامبەر كەمینە و دامەزراوە لیبراڵییەكان و كۆتوبەندە دەستورییەكان، ئەی تا چەند چەمكی -گەل- لە سیاسەتی هاوچەرخدا گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە؟

-  چەمكی -گەل- پرسێكی بنەڕەتییە لە سیاسەتی دیموكراتیدا و لە سیاسەتی هاوچەرخدا لە سەدەی 18ـەوە و تەنانەت زیاتریش لە سەدەی 20دا، تەنانەت ڕژێمە تاكڕەو و نا دیموكراتییەكانیش بانگەشەی ئەوە دەكەن كە لەبری نەتەوە كار دەكەن و بۆ بەرژەوەندیی گەل هەنگاو دەنێن و بگرە كۆمەڵگە نا دیموكراسییەكانیش ڕێوڕەسمی دەنگدان ڕێك دەخەن، و لە كۆتاییدا زۆرینە هێندەی دیكە دەسەڵاتی خۆی دەچەسپێنێت. هەمیشە پرسیارەكە ئەوەیە ئایا كێ بە گەل دابنرێت، واتە لێرەوە شەڕە گەورەكان دەست پێ دەكات. هەندێ لە داكۆكیكارە سەرسەختەكانی سەروەریی گەل كەسانی سپی پێست بوون و خاوەنی كۆیلە بوون لە ئەمەریكا، هەروەها دەبێت ئاماژە بەوەش بكەین، كە ئەوانەشی بەرهەڵستیی زۆرینە و سیاسەتی تاكڕەوییش دەكەن پەنا بۆ چەمكی گەل دەبەن، ئەمە لە بەشێكی زۆری جیهاندا ڕاستە.

• تا چەند شێوازە هاوچەرخەكانی ناسیۆنالیزمی ئایینی پاڵپشتن بە هەستی نادادی و پەراوێزخستن و پەرۆشی، نەك ئایدۆلۆژیا و بەرژەوەندییە كردارییەكان؟

- لە ڕاستیدا ئەم هەستانە، فاكتەری بەهێزن و زۆرجار بەرژەوەندییە ماددی و چینایەتییەكانیش تێدەپەڕێنن، زۆرجار ویستومە ئەمە ڕوون بكەمەوە، بەڵام هێشتا زۆرێك لە شرۆڤەكارە سیاسییەكان و چەپڕەوی پێشكەوتنخواز، پێیان وایە خەڵكی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ماددییەكانییان دەنگ دەدەن و هەڵوێستی سیاسی وەردەگرن، واتە ئەمە قەناعەتێكی قووڵە، ئەگەرچی بەڵگەی بەهێزی پێچەوانەی ئەمەش لە ئارادایە. بە پێچەوانەوە، ڕاستڕەوەكان كار لەسەر سیاسەتی تەوەربەند لەسەر بێزاری و هەستی پەراوێزخستن دەكەن، كە ئەمەش سەركەوتوو بووە، بەلای كەمەوە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو. پێویستە قووڵ ڕۆ بچینە نێو ئاڵۆزییە ئایدۆلۆژییەكانی ڕەوتی ڕاستڕەوە و لەوە تێبگەین بۆچی و چۆن هاوسۆزی خەڵكی بەدەست دەهێنن، هەرچۆنێك بێت ئەم جۆرە سیاسەتە ناتوانێت ئاوات و ئامانجی خەڵك بەدی بهێنێت لە پەیوەندی بە سەقامگیری و گەشەكردن و بەرەوپێشچوونەوە.

• لەسەر بنەمای توێژینەوەكانتان لەبارەی ئەفریقای باشوور و هیندستانەوە، پێتان وایە دامەزراوەكانی ئەم وڵاتانە چیمان پێ دەڵێن لەبارەی پرسی دروستكردنی كۆمەڵگەیەك كە فرەیی تێدا پارێزراو بێت، ئایا فرەیی سیاسی پشت بە دامەزراوەكان دەبەستێت، یان كەلتووری پێكەوەژیان، یان بە ئاڵوگۆڕی قووڵ لە بیركردنەوەی لەبارەی چەمكی گەلەوە؟

- بۆ ڕۆژگارێكی دوورودرێژ هیندستان و ئەفریقای باشوور لەژێر حوكمڕانیی ئیستیعماردا بوون و خەباتێكی درێژخایەنییان بۆ سەربەخۆیی كرد، بە درێژایی ئەو دەیانە، مشتومڕێكی بەهێزی ئەخلاقی هاتە ئاراوە و پێی وابوو ئەگەر لێبگەڕێین، ئەوا ئەم پێكهاتانە جیاوازانە دەتوانن بە ئاشتییانە پێكەوە بژین، دووبەرەكی نێوان پێكهاتەكانیش (هیندۆس و موسڵمانەكان لە هیندستان، زولو و خوسییەكان لە ئەفریقای باشور) بە دەرئەنجامی داگیركاری و ئیستیعماری دادەنران، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێین كە حوكمڕانیی ڕاستەقینە و كێشە كۆمەڵایەتییەكانی نێوان گرووپەكان پەیوەستن بە پرسە ماددیەكان و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی دامەزراوەكان و ئەو سیاسەتانەی پەیوەستن بە لەخۆگرتنی داواكاری و چاوەڕوانییەكانی خەڵكەوە. لە هیندستان خەباتی دوورودرێژی پێكهاتە و كۆمەڵگە پەراوێزخراوەكان بووە هۆی بەرفراوانبوونی سیاسەتی ئەرێنی، ئەگەرچی كاردانەوەكانیش توند بوون، بەڵام كارێكی كەم كرا بۆ لەخۆگرتنی كۆمەڵگە ئایینییەكان و دەرئەنجامەكەش پەراوێزخستنی كەمینە ئایینییەكان بوو، بە تایبەتی موسڵمانەكان- كە نزیكەی 200 ملیۆن كەس دەبن لە هیندستان- و هێشتا هەژارترین و پەراوێخراوترین كۆمەڵگەی وڵاتەكەن، واتە هێشتا موسڵمانەكان ڕووبەڕووی ئەو سیاسەت و ئەو دامەزراوانە دەبنەوە كە لە دوای سەربەخۆییەوە چاكسازییان تێدا نەكراوە. لە ئەفریقای باشوور، هەوڵی جیددی درا بۆ چاكسازیكردن لە هێزی پۆلیس و بنیاتنانی متمانە لە نێوان كۆمەڵگە لۆكاڵییەكاندا، دەرئەنجامیش تێكەڵ بوون، ئەوە ڕاستییە كە ڕێژەی بەرزی تاوان ئاماژەیە بەوەی هێزی پۆلیس ناتوانێت زانیاریی پێویستی دەست بكەوێت، كە پێویستە بۆ بەرگرتن بە تاوان، گەندەڵی لە نێو ئەم هێزەدا بەرفراوان و بەردەوامە. لە پەیوەندی بە چارەسەركردنی كێشە سیاسی و ئیتنییەكانی ڕابردوووە، ئەنجامەكە زیاتر مایەی دڵخۆشییە. ئەوەتا پارتی ئەنكاسا هێزێكی ئەوتۆی نەماوە، ئەگەرچی هەندێ بارگرژی لە نێو پارتی كۆنگرەی نیشتیمانی ئەفریقی هەیە، بە چەشنی ئەوەی لە پەیوەندی بە سەرۆكایەتیی «جاكۆب زوما»ـەوە بینیمان. هەروەها دروستكردنی هەندێ دەستەی عەشایەری بۆ چارەسەركردنی گرفتە كەلتووری و كۆمەڵایەتییەكان لە نێو ئەوانەی حەز بە پاراستنی میراتی عەشایەری دەكەن، تا ڕاددەیەك سەركەوتنی بەدەست هێناوە، ئەگەرچی لە هەمان كاتدا سیستمێكی بەهێزی پەیوەست بە یاسای مەدەنی و تاوانكاری هەن كە بەسەر زۆرێك لە كاروبارەكانی وڵاتەكەدا جێبەجێ دەكرێن. كەواتە بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەكە بدەمەوە، ئەوا چەمكی گەل پرسێكی تاكڕەهەندی نییە، بەڵكو ئاسۆییەكی سیاسیی نیشتیمانییە بۆ خستنەڕووی داواكاری و ناڕەزایەتی دەربڕین. تاكە ڕێگەی ئیدارەدانی شوناسە كەلتووری و كۆمەڵایەتییە هاوچەرخە فرەییەكان بریتییە لە ددانپێدانان بە ڕەوایەتیی بوونیان و پاراستنیان لە ڕێگەی یاساوە و دەبێت دامەزراوەكانیش بە چەشنێك بن كە بتوانن خزمەتگوزارییە گشتییەكان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە دابین بكەن، و ناكۆییەكییەكانی ڕۆژانە ڕێك بخەن و ببنە هۆی باشتركردنی دۆخی هاووڵاتییان و هێنانەئارای ئامانجەكانییان. چاكسازی لە دامەزراوەكان مەرجی بنەڕەتییە بۆ هێنانەئارای متمانەی گشتی و پاراستنی ئازادییە تاكەكەسییەكان، لە جیهاندا نموونەی ئەم دامەزراوانە هەن، هەندێكییان لە قەیراندان و هەندێكیشیان ڕووبەڕووی كاردانەوەی توند بوونەتەوە، دەبێت ئەوە لە یاد نەكەین كە هۆكاری ئەم كاردانەوەیە ئەوەیە كە ئەم سیاسەت و دامەزراوانە دەرئەنجامێك دروست دەكەن كە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی نوخبەكان و سیاسەتی شۆڤینییەكان، بەڵام نابێت ئەوە وامان لێ بكات دەست لەم سیاسەت و دامەزراوانە هەڵگرین، بەڵكو دەبێت بنیاتیان بنێینەوە و درێژەیان پێ بدەین و بەهێزییان بكەین.

 

Top