ڕیفراندۆمی كوردستان؛ دەنگی گەل بۆ مافی چارەنووس ئەزموونێكی مێژوویی گرنگ

ڕیفراندۆمی كوردستان؛  دەنگی گەل بۆ مافی چارەنووس ئەزموونێكی مێژوویی گرنگ

(*)

مێژووی گەلان زۆرجار بە ڕووداوێك ناسراو دەبێت كە كاریگەرییەكانیان تەنیا لەو كاتەدا كۆتایی نایەت، بەڵكو ساڵانێك دواتر هێشتا لە بیر و گفتوگۆی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگەدا بەردەوام دەبن. (٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ )یەكێكە لەو ڕۆژانەی كە لە مێژووی نوێی كوردستان بە شێوەیەكی تایبەت لە یادەوەریی سیاسی كورد جێی خۆی گرتووە، لەو ڕۆژەدا، هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە دانیشتووانی ناوچەكانی دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێم چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان بۆ ئەوەی ڕای خۆیان لەسەر پرسی سەربەخۆیی دەرببڕن. ئەو ڕووداوە لە ئاستی ناوخۆ، ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دەنگدانەوەیەكی فراوانی دروست كرد و بووە بابەتێكی گرنگی گفتوگۆی سیاسی.

كورد لە مێژووی سەدەی بیستەمدا لەگەڵ چەندین قۆناغی خەباتی سیاسی و نیشتمانی ڕووبەڕوو بووە و پرسی ماف و چارەنووسی سیاسیی كورد بووە یەكێك لە بابەتە سەرەكییەكانی ناوچەكە، لە عێراقیشدا پەیوەندیی نێوان حكومەتی ناوەند و كورد لە ماوەیەكی درێژدا پڕ بووە لە ململا‌نێ و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافە سیاسی و نەتەوەییەكان. بە تایبەتی لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی جیاوازتر بەڕێوەبردنی ناوخۆیی خۆی دەستپێكرد و دواتر لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی ساڵی (٢٠٠٥)دا هەرێم بە فەرمی وەك هەرێمێكی فیدراڵی ناسێنرا، بەڵام هەموو كێشەكان بە تەواوی چارەسەر نەبوون. بابەتی ناوچە جێناكۆكەكان، بە تایبەتی (كەركووك) بوو بە یەكێك لە ئاڵۆزترین بابەتەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ یەكێك لە بابەتە گرنگەكانی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، جێبەجێ نەكردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق بوو. ئەم ماددەیە پرۆسەیەكی سێ قۆناغی بۆ چارەسەركردنی دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان دیاری كردبوو: (ئاسایی كردنەوەی بارودۆخ، سەرژمێری و ڕیفراندۆم) بەڵام ئەم پرۆسەیە بە تەواوی جێبەجێ نەكرا و كەركووك و ژمارەیەك ناوچەی دیكە هەروا بوونە ناوچەیەكی هەستیار لە ململا‌نێی سیاسی و دەستووریی نێوان هەولێر و بەغدا، لە دوای هێرشەكانی داعش لە ساڵی (٢٠١٤)، پێشمەرگە لە ژمارەیەك ناوچەدا بەرگری كرد و كۆنتڕۆڵی هەندێك ناوچەی ستراتیژیی گرنگی بەدەستەوە گرت، ئەو دۆخەش كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر هاوكێشە سیاسییەكانی دواتر دانا.

ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ لە دۆخێكی سیاسیی تایبەتدا ئەنجام درا، لە هەرێمی كوردستاندا باوەڕێكی بەهێز هەبوو كە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بە قۆناغێكی قوڵی ناكۆكی گەیشتوون، بەتایبەتی لەسەر بابەتی (بودجە، نەوت و گاز، ناوچە جێناكۆكەكان و دەسەڵاتی فیدراڵ)،لە لایەكی دیكەوە، كۆمەڵێك لە هێزە سیاسییە كوردستانییەكان پێیان وابوو كە دوای ساڵانێك خەبات و دوای ئەزموونی سەختی كورد لە عێراق، كاتی ئەوە هاتووە خەڵك بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ دەربڕینی خۆی لەسەر چارەنووسی سیاسی دیاری بكات. بەم شێوەیە، ڕیفراندۆم وەك ئامرازێكی سیاسی و دیموكراتیك بۆ دەربڕینی ویستی خەڵك ئەنجام درا، لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧، دەنگدەران بەرەو سندوقەكانی دەنگدان چوون و زۆرینەی دەنگدەران بە «بەڵێ» دەنگیان دا، بۆ زۆرێك لە كوردان، ئەو «بەڵێ»یە تەنیا وەڵامی پرسیارێكی سیاسی نەبوو بەڵكو هەڵوێستێكی نیشتمانی و مێژوویی بوو.

ڕیفراندۆم لە كاتێكدا بەڕێوەچوو كە ناوچەكە لە دۆخێكی زۆر هەستیاردا بوو. حكومەتی عێراق و ژمارەیەك لە دەوڵەتانی دراوسێ بە توندی دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وەستانەوە.

هەروەها هەندێك لە دەوڵەتانی جیهان نیگەرانی خۆیان دەربڕی و داوایان كرد كێشەكان لە ڕێگەی گفتوگۆی سیاسی و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقەوە چارەسەر بكرێن.

ئەمە یەكێك لە وانە گرنگەكانی ڕیفراندۆمە كە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، ویستی ناوخۆیی گرنگە، بەڵام هاوسەنگییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانیش كاریگەرییەكی گەورەیان لەسەر ئەنجام و داهاتووی هەر بڕیارێكی ستراتیژی هەیە.

لە میانەی ئەو ڕووداوانەدا، كەركووك بوو بە یەكێك لە گرنگترین خاڵە هەستیارەكان، كەركووك بەهۆی مێژوو، شوێنی جوگرافی، سامانی نەوت و تێكەڵبوونی پێكهاتە نەتەوەیی و كۆمەڵایەتییەكانەوە، گرنگییەكی تایبەتی هەیە.

دوای ڕیفراندوم، دۆخی سیاسی و سەربازی بە خێرایی گۆڕا و لە ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧دا هێزەكانی حكومەتی عێراق و هێزە هاوپەیمانەكانیان بە ئاراستەی كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەر جولەیان كرد. هێزەكانی پێشمەرگە لە ژمارەیەك شوێندا كشانەوە و دۆخی كەركووك گۆڕانی بەسەردا هات، ئەم ڕووداوە نیشانیدا كە پرسی كەركووك تەنیا بابەتێكی ناوخۆیی نییە، بەڵكو پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی بە هاوسەنگی هێز لە عێراق و ناوچەكە هەیە. ڕیفراندۆم هەرچەندە نەگەیشتە ئەنجامی دەستبەجێی سەربەخۆیی، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە كاریگەرییەكی گەورەی هەبوو، یەكەم، پرسی كوردی بە شێوەیەكی دیارتر خستە سەر مێزی گفتوگۆی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. دووەم، ڕیفراندۆم بووە هۆی ئەوەی كۆمەڵێك پرسیاری گرنگ لەسەر داهاتووی پەیوەندی هەرێمی كوردستان و عێراق دووبارە بخرێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، سێیەم، ئەو ئەزموونە نیشانیدا كە بڕیارە نیشتمانییە گەورەكان پێویستیان بە (هەماهەنگیی ناوخۆیی، دامەزراوەیی بەهێز، دیبلۆماسیی چالاك و خوێندنەوەی وردی هاوسەنگییەكانی ناوچەكە) هەیە.

لە هەر ڕوانگەیەكەوە سەیری ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ بكەین، چەند وانەیەكی گرنگی تێدایە، وەك ( یەكڕیزیی سیاسی و نیشتمانی بنەمای سەرەكی سەركەوتنی هەر پرۆژەیەكی گەورەی نیشتمانییە، دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە بڕیارە ستراتیژییەكاندا ڕۆڵێكی زۆر گرنگ دەبینن، دامەزراوەی بەهێز، ئابووری بەهێز و یەكگرتوویی سیاسی پێویستن بۆ ئەوەی هەرێم بتوانێت بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی خۆی بكات، كێشە نەتەوەیی و سیاسییە ئاڵۆزەكان تەنیا بە هەست چارەسەر ناكرێن بەڵكو پێویستییان بە ستراتیژی، گفتوگۆ، یاسا و پلانی درێژخایەن هەیە)، ڕیفراندوم لە یادەوەریی كورد بۆ نەوەیەك لە كوردان، ٢٥ی ئەیلوول بووە ڕۆژێك كە بە دەنگی خۆیان هەوڵیاندا دەربڕینی ویستیان لەسەر چارەنووسی سیاسی دیاری بكەن. بۆیە ئەو ڕۆژە لە یادەوەری كۆمەڵایەتی و سیاسیی كوردستاندا جێگەیەكی تایبەتی هەیە.

بەڵام مێژوو نابێت تەنیا بە یادكردنەوەی ڕووداوەكان سنووردار بكرێت، بەڵكو ئەركی مێژوونووس و توێژەر ئەوەیە هۆكارەكان، بارودۆخەكان، هەڵبژاردەكان و ئەنجامی ڕووداوەكان بە شێوەیەكی زانستی هەڵسەنگاندنیان بۆ بكات .

ڕیفراندۆمی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ یەكێكە لە گرنگترین ڕووداوەكانی مێژووی سیاسیی هاوچەرخی كوردستان. ئەو ڕۆژە ویستی كۆمەڵگەی كوردستانی بۆ دیاریكردنی چارەنووسی سیاسی خۆی بە شێوەیەكی ئاشكرا دەربڕی.

بەڵام ئەزموونی ڕیفراندوم لە هەمان كاتدا نیشانیدا كە گەیشتن بە ئامانجە نیشتمانییە گەورەكان تەنیا بە دەنگدان بەدەست نایەت؛ بەڵكو پێویستی بە (یەكڕیزیی ناوخۆ، ستراتیژیی درێژخایەن، دامەزراوەی بەهێز، ئابووری بەهێز، دیبلۆماسی كارا و تێگەیشتنێكی ورد لە هاوسەنگی هێز لە ناوچەكە و جیهان )هەیە.

لە كۆتاییدا، ڕیفراندۆم دەكرێت وەك پەڕەیەكی گرنگ لە مێژووی كوردستان بخوێندرێتەوە؛ پەڕەیەك كە تێیدا دەنگی گەل، هیوای سەربەخۆیی، ئاڵۆزییەكانی سیاسەتی ناوچە و وانەكانی مێژوو تێیدا كۆبوونەتەوە.

٢٥ی ئەیلوول تەنیا ڕۆژی دەنگدان نەبوو بەڵكو ڕۆژی پرسیاركردن لە چارەنووسی گەلێك بوو، و مێژوو هێشتا بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە.

 

(*)

توێژەری مێژووی سیاسی

Top