مامۆستا شێخ غازی نێرگسەجاری بەرپرسی لقی شارەزووری یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان بۆ گوڵان: نیشتمانپەروەری و خۆشەویستیی نەتەوە تەنیا هەستێكی نەتەوەیی نییە، بەڵكو بەشێكی ڕەسەن و هەڵقوڵاوی نێو ناخی ئیماندارییەكی ڕاستەقینەیە
مامۆستا مەلا غازی محەمەد كامل، ناسراو بە مامۆستا شێخ غازی نێرگسەجاڕی شارەزووری، یەكێكە لە كەسایەتی و زانا هەڵكەوتووەكانی دەڤەری شارەزوور و بەرپرسی لقی شارەزووری یەكێتیی زانایانە، وێڕای كاری وتاربێژیی مزگەوت، خاوەن پێگەیەكی كۆمەڵایەتیی بەهێزە و بایەخ بە پرسی ئایینی و نەتەوەیی دەدات و هەمیشە بە ئاراستەی گوتاری میانڕەوی پەیامەكانی دەگەینێت، لەم دیمانەیەدا كۆمەڵێك باس و تێڕوانینی خۆی لەبارەی چەند پرسیارێك دەخاتە ڕوو:
• نهێنیی ئاوێتەبوونی ئیمان و نیشتمانپەروەری لە هزری زانایانی كورددا چییە و ئەم مێژووە پڕبایەخە لە كامە سەرچاوەی ئایینی و فیكری و نەتەوەییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
- بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان، مامۆستای ئایینی لە مێژووی نیشتماندا، تەنیا ڕێبەری ئایینی نەبووە، بەڵكو هەوێنی یەكگرتوویی و پێشەنگی ڕاستەقینەی ناو جومگە جیاوازەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی بووە، وەك لووتكەی متمانە، لە هەموو هەوراز و لێژییەكی ژیاندا هاوشانی خەڵك هەنگاوی ناوە و لە كاتە هەستیارەكاندا بووەتە چەقی بڕیار و پرس و ڕاوێژ. چ لە ڕەوتی شۆڕشە نیشتمانییەكان و چ لە چارەسەری گرێكوێرە كۆمەڵایەتییەكاندا، مامۆستا بە هەستكردن بە لێپرسراوێتییەكی باڵا، هەمیشە لە ڕیزەكانی پێشەوە بووە، ئەم ئاوێتەبوونە قووڵەی مامۆستا لەگەڵ ژانی خەڵكدا، پێگەیەكی جەماوەریی پتەوی پێ بەخشیبوو كە تێیدا بووبووە پەناگەی دڵنیایی و سەرمەشقی گۆڕانكارییە گەورەكان و پارێزەری بەها باڵاكانی نەتەوە و نیشتمان و مرۆڤایەتی لە كوردستاندا. هەروەها لە فەرهەنگی كوردەواریدا، ئایین و نیشتمان ئاوێتەی یەك بوون. زانایانی ئایینیی ئێمە خزمەتی گەل و خاكیان بە ئەركێكی شەرعیی باڵا زانیوە و لە ئازارەكانی كۆمەڵگە دانەبڕاون، هەربۆیە لە كاتی تەنگانە و مەترسیدا، وەك پێشەنگ دەستیان داوەتە چەك و بە گیان بەرگرییان لە پیرۆزییەكانی ئیمان و خاكی نیشتمان كردووە و پاراستوویانە.
• مێژووی ڕێبەرایەتیی كورد لەسەر دەستی زانایانی ئایینی بووە؛ ئایا تێكەڵكردنی ئیسلام و پرسی نەتەوەیی چەند هۆكاری سەركەوتن بوو، ئایا دووركەوتنەوە لەم ڕەسەنایەتییە و هاتنی بیری نامۆ، هۆكاری پاشەكشێی ئێستای كوردایەتییە؟
- مێژووی فكری و مەعریفی لە كوردستان، بە شێوەیەكی ڕیشەیی بە حوجرە و مەدرەسە ئایینییەكانەوە گرێ دراوە، ئەم ناوەندانە لە ڕابردوودا خاوەن سەربەخۆییەكی تەواوی فكری بوون و مەنهەجی خوێندنیان بە تەواوی خۆماڵی بووە، نەك هاوردەكراو، هەر لەبەر ئەم هۆكارە بایەخدارە، زۆربەی زانا داهێنەر و بیرمەندە گەورەكانی كورد لە داوێنی ئەو حوجرانەوە هەڵكەوتوون و گەیشتوونەتە لووتكە، لەبەر ئەوەی پەروەردەی حوجرە لەسەر بنەمای تێگەیشتن لە ژینگەی كۆمەڵایەتی و پێداویستییە نەتەوەییەكانی كورد بونیاد نرابوو، مامۆستایانی ئایینی هەمیشە خۆیان بە بەرپرسیاری پلە یەك زانیوە بەرامبەر بە تەواوی كێشە نیشتمانی و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان. ئەوان تەنیا فێركەری دەقە ئایینییەكان نەبوون، بەڵكو پێشەنگی ڕاپەڕینەكان و پارێزەری ڕەسەنی ناسنامەی نەتەوەیی بوون، ئەم سەربەخۆییە فكرییە وای كردبوو كە هەر مەترسییەك ڕووی لە میللەت بكردایە، مامۆستایانی ئایینی پێش هەر لایەنێكیتر لە مەیدانی خەباتدا ئامادەییان هەبێت. حوجرە قوتابخانەیەكی هەمەلایەنە بوو كە تێیدا عەقیدە، ئەخلاق و نەتەوەخوازی پێكەوە ئاوێتە بوون، ئەمەش وای كرد كە خزمەتەكانیان زۆر ڕیشەدار و كاریگەر بێت بۆ داهاتووی گەل و نیشتمان. مامۆستایانی ئایینی بە ئەو مەنهەجە كوردییە زانستییەی هەیانبوو، توانییان بە لێهاتووییەوە پارێزگاری لە كایە جیاوازەكانی ژیانی میللەت بكەن و ببنە جێگەی متمانەی باڵای كۆمەڵگە لە هەموو قۆناغە جیاوازەكاندا.
• لەسەر چ بنەمایەكی شەرعی و ئەخلاقی، زانایانی ئایینیی كورد مێژوویەكی پڕ لە سەروەرییان لە ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵمی ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق و چەسپاندنی دادپەروەریی ئیسلامیدا بۆ خۆیان تۆمار كردووە؟
- ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە مێژووی نەتەوەی كورددا، هەمیشە وەك سەرچاوەی سەرەكیی پاراستنی ناسنامە و خاكی پیرۆزی نیشتمان ماوەتەوە، چەمكی «حب الوطن من الإیمان» و بنەمای مرۆیی و ئەخلاقیی «الأقربون أولی بالمعروف»، ئینسان فێری پاراستنی شكۆ و گیانی خۆی دەكەن و ڕێگرییەكی توند لە تەسلیمبوون بەرامبەر زوڵم و ستەمكارانی سەردەم دەگرن. لەم ڕوانگەیەوە، بەرژەوەندیی باڵای میللەت و نیشتمان لە پێشینەی هەموو ئەركە شەرعییەكاندا بووە. ئەو ڕۆشنبیرییە ڕەسەنەی كە لە حوجرە و مەدرەسە ئایینییەكانەوە سەرچاوەی گرتووە، تاكێكی وای پێگەیاندووە كە پابەند بێت بە ئایین، زمان و خاكی خۆیەوە، چونكە هەموو ئەوانە ڕەگێكی قووڵی شەرعییان هەیە و دەستبەرداربوون لێیان نیشانەی لاوازیی ئیمانە.
پێغەمبەری خودا (د.خ) دەفەرموێت: «خير الناس أنفعهم للناس». هەروەها قورئانی پیرۆز جەخت لە جیاوازیی نەتەوەكان دەكاتەوە: «وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُمْ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَاتٍ لِّلْعَالِمِينَ». ئەم ئایەتە گەورەترین بەڵگەیە بۆ ڕەوایی زمانی كوردی و پاراستنی شوناسی گەلان. لە سوورەتی «العصر»یشدا هاتووە: «وَالْعَصْرِ (١) إِنَّ الْإِنسَانَ لَفِي خُسْرٍ (٢) إِلَّا الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ وَتَوَاصَوْا بِالْحَقِّ وَتَوَاصَوْا بِالصَّبْرِ (٣)». ئامۆژگاری بە ڕاستی و ددانبەخۆداگرتن لەپێناو گەیشتن بە مافدا، تەواكەری ئەو بیرە نیشتمانییەیە كە ئایین چاندوویەتی.
لێرەوە تێدەگەین بۆچی مامۆستایانی ئایینی هەمیشە لە پێشەنگی هەموو شۆڕشە نەتەوەییەكاندا بوون. ئایینی ئەوان بیرێكی «خۆماڵی» و ڕەسەن بوو، نەك فكری هاوردەكراو كە بەسەر میللەتدا بسەپێندرێت. مامۆستای ئایینی بەو پێیەی هەمیشە هەستیان بە قووڵایی مەترسییەكان و ستەمی داگیركەران كردووە، تێكۆشانی چەكدارییان بە واجبێكی شەرعی زانیوە. ئەوان بە پاڵپشتی ئایەت و فەرموودەكان، مەیدانی خەباتیان بە خوێنی ئازایەتی ئاوەدان كردووەتەوە بۆ پاراستنی زمان، دابونەریت و خاكی كوردستان لە هەموو جۆرە زوڵم و چەوسانەوەیەكی دەرەكی كە ڕووی لە میللەتەكەمان كردووە و شكۆیان پاراستووە هەمیشە.
• چۆن مامۆستایانی ئایینی دەتوانن بە گوتارێكی میانڕەو، گەنجان لە مەترسیی فكری توندڕەوی بپارێزن و ڕووبەڕووی ئەو تێگەیشتنە نامۆیانە ببنەوە كە دوورن لە ڕەسەنایەتی ئایین و بەها نەتەوەییەكانی گەلەكەمان؟
- پێویستە بەوپەڕی متمانەبەخۆبوونەوە بەرەو حوجرە ڕەسەنەكانمان بگەڕێینەوە، چونكە حوجرە تەنیا ناوەندێكی ئایینیی سادە نییە، بەڵكو بێشكەی ڕاستەقینەی پاراستنی ناسنامە و شكۆی نەتەوەیی كوردە لە مێژوودا. لە ساڵی ٢٠٠٦دا، لە خولێكی زانستیی تایبەت بە پەروەردەی ئەوقافی سلێمانی، بیرمەند و ئەدیبی ناوداری گەلەكەمان «دكتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ» كە خۆی وەك كەسایەتییەكی چەپی پێشكەوتنخواز دەناساند، جەختی لەسەر ئەم ڕاستییە مێژووییە كردەوە. ئەو بە پەرۆشەوە ڕووی لە مامۆستایان كرد و دەیگوت: «تكاتان لێ دەكەم بگەڕێنەوە بۆ حوجرە، چونكە عیزەت و زانایی كورد تەنیا لەوێدایە» حوجرە ئەو كایە مەعریفییە خۆماڵییە بوو كە هەموو پیاوچاكان و شاعیرە مەزنەكانی وەك نالی، مەحوی، مەولەوی و دەیان زاتیتری تێدا گۆش كرا و بوونە چرای ڕووناككەرەوە. گەڕانەوە بۆ حوجرە واتە گەڕانەوە بۆ ئەو ئایینە میانڕەو و خۆماڵییەی كە ڕاستەوخۆ لە زاری مامۆستایانی نیشتمانپەروەرەوە وەرمانگرتووە، نەك ئەو فكرە هاوردانەی كە تەنیا یاخیبوون و دابڕانی گەنجانیان لێ بەرهەم هاتووە.
مامۆستای كورد بەدرێژایی مێژوو پارێزەری سەرسەختی زمان، جلوبەرگ، كولتوور و ئەدەبیاتی ئەم گەلە ستەمدیدەیە بووە. زۆربەی هەرە زۆری ئەدیبانی ناوداری ئێمە ئەهلی حوجرە بوون؛ ئەوان بە ئیلهاموەرگرتن لە ئایەتە پیرۆزەكانی قورئان كە جیاوازیی زمانەكان بە نیشانەی باڵای خودایی دادەنێت، هەوڵی بێوچانیان بۆ پاراستنی زمانی شیرینی كوردی داوە. نموونەی هەرە درەوشاوەی ئەم بلیمەتییە، شێخ ئەحمەدی فایز بەرزنجییە، كە خاوەنی شاكاری «كەنزوللوغات»ە. ئەم كتێبە گەنجینەیەكی زمانەوانیی بێهاوتایە كە حەوت زمانی جیاوازی وەك (كوردی، فارسی، عەرەبی، توركی، ڕووسی، فەرەنسی و ئینگلیزی) تێدا كۆ كراوەتەوە، شێوازە داڕشتنەكەی هێندە ورد و ئەندازەیی و ئاڵۆزە كە بە خوێندنەوەی ستوونی باس لە زانستێكی وەك فیقهـ و فەرموودە دەردەخات، و بە خوێندنەوەی ئاسۆیی دەمانباتە ناو جیهانی زانستێكیتری جیاواز.
مامۆستایانی پێشووی ئێمە تەنیا شارەزای فیقهـ نەبوون، بەڵكو زمانەوان و ڕۆشنبیرگەلێكی فرەزمانی لێهاتوو بوون كە دەستێكی باڵایان لە داڕشتنی زانستە جۆربەجۆرەكاندا هەبووە، ئەوان نەك هەر زمانی دایكیان پاراستووە، بەڵكو لە مەیدانی زمانە بیانییەكانیشدا خاوەن دیدگە و داهێنانی تایبەت بوون. كەواتە گەڕانەوە بۆ حوجرە، گەڕانەوەیە بۆ ئەو شكۆ و عیزەتە فكرییەی كە دەبێتە قەڵایەكی قایم لە بەرانبەر هەر هەژموونێكی فەرهەنگیی بیانی، ئەمە تەنیا یادكردنەوەی ڕابردوو نییە، بەڵكو داڕشتنەوەی داهاتوویەكی گەش و ڕەسەنە لەسەر بنەمای زانست و مەعریفەی پاكی خۆماڵی، بۆ پاراستنی هەموو شكۆی نەتەوەییمان بە بێوێنەترین شێوە لە كایەكانی ژیاندا بۆ هەمیشە.
• ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە یەكێتی زانایان وەك مەرجەعێكی بەهێزی نیشتمانی هاوشێوەی ئەزهەر، حوجرەكان ڕێك بخاتەوە و گوتاری ئایینی بخاتە خزمەت دۆزی ڕەوای گەلی كورد و بەدەستهێنانی سەرجەم مافە نەتەوەییەكانمان لەم قۆناغەدا؟
- دامەزراوەی مەرجەعییەت لە كوردستاندا، پێگەیەكی ڕەسەن و كاریگەرە كە مێژوویەكی پڕ لە سەروەریی و شانازیی هەیە، زانایانی ئایینیی كوردستان هەمیشە وەك ڕێنیشاندەری ڕاستەقینە و پارێزەری بەها باڵاكان دەركەوتوون، لەم ڕوەوە، پێویستە ئاماژە بە هەوڵە بێوچانەكانی خوالێخۆشبوو «مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای سەعید گرتكی» بكەین كە كۆڵەكەیەكی پتەو و بەهێزی ئەم بونیادە مەزنە بوو. هەرچەندە ئاستەنگە داراییەكان و هەلومەرجی سیاسیی دژوار هەندێك جار ڕێگر بوون، بەڵام ئەنجوومەنی باڵای فەتوا وەك نموونەیەكی درەوشاوەی مەرجەعیەتێكی كارا مایەوە. مێژووی دامەزراندنی یەكێتیی زانایان لە ساڵی 1970 وەرچەرخانێكی مێژوویی و جەوهەری بوو، ئەو سەردەمە زانایان لەنێوجەرگەی شۆڕشدا خاوەن بڕیاری یەكلاكەرەوە بوون و دەسەڵاتێكی مەعنەویی فراوان و بێوێنەیان هەبوو، ئەوان بە بوێرییەوە توانییان چەندان نەریتی كۆمەڵایەتیی نادروست وەك دیاردەی «ژن بە ژن» و چەندان كێشەی دیكە هەڵبوەشێننەوە و مافی مامۆستایانی ئایینیش لە ڕووی تەمەن و خانەنشینییەوە بە یاسایی بپارێزن. ئەمڕۆ، ئەركی نیشتمانیی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە شكۆ و پێگەی فەرمیی ئەم مەرجەعییەتە جارێكیتر بگەڕێنێتەوە. پێویستە دەسەڵات ببێتە پاڵپشتێكی بەهێز بۆ زانایان، تا بتوانن وەك مەرجەعێكی نیشتمانیی باوەڕپێكراو و زمانحاڵی ڕاستەقینەی گشت كێشە و داواكارییەكانی مامۆستایانی ئایینیی كوردستان بنوێنن، ئەمە هەنگاوێكی چارەنووسساز و گرنگە بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی فیكری، ئایینی و كۆمەڵایەتی لە تەواوی هەرێمەكەماندا، چونكە بێ بوونی مەرجەعیەتێكی زانستیی بەهێز، پاراستنی ناسنامەی ئایینی و نەتەوەیی كارێكی ئەستەم دەبێت.
• زانایانی ئایینی چۆن دەتوانن ناسنامەی نیشتمانی بەهێز بكەن و لێكترازانی حزبی كەم بكەنەوە، تا لەبری توندكردنی ناكۆكییەكان، ببنە چەتری پاراستنی یەكڕیزی و سەرجەم دەستكەوتە باڵاكان؟
- لە سەردەمی ئێستادا، فیكر و ئەندێشە چەكی بنەڕەتیی زانایانی ئایینییە، لێرەدا ئەركی سەرەكی دەكەوێتە سەر شانی دەسەڵات بۆ گەڕانەوەی پێگە و شكۆی شایستە بۆ مامۆستایان، پێویستە كەسانی خاوەن هەڵوێست و دڵسۆز ئەم بەرپرسیارێتییە مێژووییە گرنگە بگرنە ئەستۆ، چونكە ڕۆڵی حكومەت لە بونیادنانەوەی ڕێزی جەماوەریی زانایان یەكلاكەرەوەیە، تەنیا لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت شكۆی مەعنەویی مامۆستای ئایینی لە ناو جومگەكانی كۆمەڵگەی كوردەواریدا بە شێوەیەكی كاریگەر و گشتگیر سەرلەنوێ بونیاد بنرێتەوە و پارێزگاری لێ بكرێت.
