هۆکاری لاوازی پێگەی کورد لە بەغدا

هۆکاری لاوازی پێگەی کورد لە بەغدا

 

 

دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، له‌ سەردەمی ئەنجوومەنی حوکم و چەندین کابینە لە بەغدا، كه‌ بە پرس و ڕای کورد، کابینەکانی حکوومەتی عێراق دەهاتنە بوون. هەر کاتێ لە ئاستی داواکاریەکانی کورد، کەمتەرخەم بوونایە، چارەنووسیان هەڵوەشانەوە دەبوو.
یان کاتێ کەسێک بۆ سەرۆکایەتی حکوومەت ڕادەسپێردرا، هەوێنی کابینەکەی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هەڵدەهات، ئەمە ئەو کات بوو کەوا حزبە کوردییەکان و کوتلە سیاسیە کوردیەکان، لە بەغدا وەک یەک تیم کاریان دەکرد، بەرژەوەندی باڵای کورد و کوردستانیان لە پێش بەرژەوەندی و حزبایەتیەوە دادەنا.
بەڵام ئێستا چی دەبینین؟ پەرتەوازییەکی زۆر لە نێوان حزبە کوردیەکان، بە کوتلەکانیانەوە لە پەرلەمانی عێراق، لە کاتێکدا کورد ژماره‌ی كورسیی له‌ په‌رله‌مانی عێراق كه‌مه،‌ لە نێوان خۆشیاندا ناکۆکن. ئەمە وای کردووە، کەوا کورد لە حکوومەتی عێراق و بەغدا پێگەی لە دەست بدات، نەتوانێت وەک جاران داکۆکی لە مافی گەلەکەی بکات، داواکارییەکانی کوردستان لە سەر مێزی گفتوگۆ دەستەبەر بکات. لەبەرئەوە لە ئێستادا، هەر یەک لە حزبەکان و کوتلە پەڕلەمانیەکانیان، بە بایەک شەن دەکەن، هەندێکیان ئەوەندە بیر لە عێراقچێتی دەکەنەوە، هەر بیریان بە لای نەتەوەکەی خۆیان دا ناچێت، ئەوەندەی داکۆکی لە بەغدا دەکەن، کوردستان و مەینەتیی گەلەکەیان نایەنە خەونیشیان.
بۆیە ئەگەر وردبینانە لەم برینە کێماویە بڕوانین، کە قەتماغەی بەستووە، دەبێت حزبەکان بە گەورە و بچووکیانەوە، لە چەپەوە تا ڕاستیان، بە ئاینی و عیلمانیانەوە، دەبێت بەرژەوەندی باڵای گەلەکەیان، تاکە بژاردەیان بێت، وەک کورد لە بەغدا کار بکەن، هەموو ڕەنگەکان و ئایدۆلۆژیا و بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی وەلا بنێن، تەنها وەک کورد بوونیان لە بەغدا ببێت.
هەوڵ بدەن پێگەی کورد ئەوەندە بەهێز بکەنەوە، تا کاربەدەستانی عێراق ناچار بکەنەوە، جارێکی تر لە قەیرانەکانیان دا بە پەلەپروزێ ڕوو لە هەرێم بکەن، داوای چارەسەرو دەرمانی کێشەکانیان لە کورد بکەن. کە ئەو کات کوردیش دەتوانێت، لە بەرامبەردا داواکاریەکانیان بە سەردا بسەپێنن، پێگەی هەرێم دووبارە به‌هێز بکەنەوە، گەر نا دۆخی هەرێم، زیاتر و زیاتر بەرەو خراپتر دەڕوات، ئەوەی تا ئێستا بە دەستمان هێناوە، ئەوەش لە دەست دەدەین.
بۆیە لە سەر حزبەکان پێویستە، لە بەغدا، کوردانە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی عێراق، لە پەرلەمان و حکوومەت و سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەتی فیدڕاڵی، وەک یەک تیم و وەکو کورد کار به‌ن، هەموو کێشە لاوەکیەکانیان لە نێوان خۆیاندا وەلا بنێن، به‌ جۆرێک کار بکه‌ن، کە دوژمن و ناحەزانی، پەی بە برینەکانی كورد نەبه‌ن، تا هەر کاتێک ویستیان بیکولێننەوە.

Top