بارهگای بارزانی : لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئیلبروس كوتراشیڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق كرد.
ڕۆژی چوارشەممە 9ی ئەیلوولی 2026 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئیلبروس كوتراشیڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق كە بە بۆنەی كۆتایهاتنی بە ئەركەكانی و ماڵئاواییكردنەوە سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، سوپاسی سەرۆك بارزانی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانی كرد كە لە ماوەی كاركردنیدا هاوكار و هەماهەنگ بوونە لە سەرخستنی ئەركەكانیدا و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان ڕووسیا و گەلی كوردستان ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی لە هەموو بارودۆخێكدا بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانی بەلاوە گرنگە. پێزانینشی بۆ هەوڵەكانی سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان هەبوو كە ڕێگەیان نەداوە هەرێمی كوردستان ببێتە بەشێك لەو كێشە و ئاڵۆزییانەی لە ناوچەكەدا هەیە.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە وێستگە گرنگەكانی پەیوەندیی نێوان گەلی كوردستان و ڕووسیا لە سەدساڵی ڕابردوودا دا و دەستخۆشی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق كرد كە لە ماوەی كاركردنیدا ڕۆڵێكی گرنگی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا هەبووە و هیوای سەركەوتنی لە ئەرك و كاری داهاتووی بۆ خواست.
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسی و گرژییەكانی ناوچەكە و كاریگەرییان لەسەر داهاتوو و سەقامگیریی سەر عێراق و ناوچەكە. هەروەها هەڵسەنگاندنێكی ئەرێنی بۆ پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی ئێستا كرا.
شایانی ئاماژەپێكردنە لەو دیدارەدا بەڕێز ماكسیم ڕۆبین كونسوڵی ڕووسیا لە هەولێریش ئامادە بوو.
