لاوان پێویستە دەرفەتیان پێ بدرێت
لاوان هەمیشە هێزێکی زیندووی نێو هەر کۆمەڵگایەکن. لاوان بە تەنها نەوەی داهاتوو نین، بەڵکو بەشێکی گرنگی ئەمڕۆیشن، لە هەر کۆمەڵگایەکدا کە لاوان توانای خۆیان بەکاربهێنن و دەرفەتیان بۆ دروست بکرێت، ئەوا کۆمەڵگاکە دەتوانێت بە هیوایەکی زیاتر بەرەو ئایندە بچێت. چونکە گەنجی ولاوی ئەمڕۆ، بیرۆکە و هەڵوێستی ئەمڕۆیە و دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەو ڕاستەوخۆ لەسەر سبەینێش هەبێت.
لاوی تەنها بە تەمەن پێناسە ناکرێت لاوان واتە وزە، هیوای گۆڕان، بوونی پرسیارو بەرپرسیارییەتی و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەکی باشتر. زۆرجار گەنجێک بە بیرۆکەیەکی سادە دەست پێدەکات، بەڵام ئەو بیرۆکەیە دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە. بۆیە پێویستە کۆمەڵگا بە دەنگی گەنجان و لاوان گوێ بگرێت و تەنها وەک بینەر سەیریان نەکات.
یەکێک لە گرنگترین ڕۆڵەکانی لاوان بەشدارییە لە ژیانی کۆمەڵایەتی. لاو دەتوانێت لە ناوچەکەی، زانکۆ، قوتابخانە، دامەزراوە مەدەنییەکان یان گرووپە خۆبەخشەکاندا بەشداری بکات و کار بۆ باشترکردنی ژینگەی خۆی و دەوروبەری خۆی بکات. هەندێک جار یارمەتیدانی کەسێکی پێویست پاککردنەوەی شوێنێک، بەشداری لە چالاکییەکی کۆمەڵایەتی یان هەر کارێکی بچووک دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەتر لەوەی چاوەڕوان دەکرێت هەبێت.
لە بواری خوێندن و زانستیشدا لاوان دەتوانن ڕۆڵێکی دیاریکەر ببینن. ئەمڕۆ جیهان بە خێرایی گەشە دەکات و دەگۆڕێت و زانیاری بە شێوەیەکی فراوانو زۆربەئاسانی بەردەست دەکەوێت لاوێک کە فێربوون بە بەشێک لە ژیانی خۆی دەزانێت، تەنها بۆ خۆی سوود دروست ناکات، بەڵکو دەتوانێت زانیاری و ئەزموونی خۆی بۆ کەسانی دەوروبەریشی بگوازێتەوە. کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو ئەو کۆمەڵگایەیە کە لاوەکانی تێیدا هەستی بەرپرسیاریەتی و گرنگیدان بە خوێندن و بەدەستهێنانی شارەزایی تیایاندا جەکەرەدەکات .
بازاڕی کار و ئابووریش شوێنێکی گرنگە بۆ دەربڕینی توانای لاوان زۆرێک لە لاوان بە هۆی بیرۆکە تازە نوێکانەوە دەتوانن کاری نوێ دروست بکەن، پرۆژەیەکی بچووک دەست پێ بکەن یان لە ڕێگەی تەکنەلۆجیاوە خزمەتگوزارییەک پێشکەش بکەن. گرنگ ئەوە نییە هەمیشە کارێکی گەورە دەست پێ بکرێت گرنگ ئەوەیە لاوان بەشێوازێکی گشتی باوەڕی بە توانای خۆیان هەبێت و لە هەنگاوی یەکەم نەترسێن
لە م ساڵانەی دواییدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بوونەتە بەشێک لە ژیانی لاوان ئەم تۆڕانە دەتوانن دەرفەتێکی باش بن بۆ فێربوون، ناساندنی تواناکانیان و، دەربڕینی بیر و دروستکردنی پەیوەندییە نوێێیەکان بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە لاوان لە بەکارهێنانیاندا هۆشیاروبەئاگا بێت، چونکە هەموو ئەو شتانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە ڕاست نین و هەندێک ناوەڕۆک دەتوانێت کاریگەریی خراپ لەسەر بیرکردنەوە و ڕەفتاری تاک دروست بکات و وزیانی گەورەبەدوای خۆیدابهێنێت
ڕۆڵی لاوان لە کۆمەڵگادا تەنها بە خوێندن و کارکردن کۆتایی نایەت.بەڵکوو ڕەفتار و هەڵسوکەوتی گەنجیش بەشێکە لە دروستکردنی کەشێکی تەندروست لە کۆمەڵگادا. ڕێزگرتن لە کەسانی دیکە، قبوڵکردنی جیاوازییەکان، یارمەتیدانی خەڵک و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی، هەموویان نیشانەی گەنجێکی بەئاگایە.
لە لایەکی دیکەیشەوە، نابێت هەموو بەرپرسیارییەکە بخەینە سەر شانی لاوان. چونکە لاوان پێویستیان بە دەرفەت و، پشتیوانی و ڕێنمایی هەیە. ئەگەر خوێندنگە و زانکۆ و دامەزراوەکانی حکوومەت و خێزان و کۆمەڵگا گوێ لە گەنج نەگرن و دەرفەتی بەشدارییان پێ نەدەن، زۆرێک لە تواناکانیان بەبێ بەکارهێنان دەمێنێتەوە دەپوکێنەوە وەئەوگەنجەیش بێ هیوادەبێت . بۆیە پێویستە پەیوەندییەکی دروست لەنێوان لاوان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگا دروست بکرێت.
لە کۆتاییدا، دەڵێێن لاوان دەتوانن ببنە هۆکارێکی گرنگ بۆ گۆڕانگاری گۆڕان، وگۆڕانکاری دروست بکەن بەڵام ئەو گۆڕانە بە تەنها بە ئارەزوو دروست نابێت. پێویستی بە زانست، هەوڵدان و ، ئارامگرتن و دەرفەت هەیە. کۆمەڵگایەک کە گەنجەکانی پشتگوێ بخات، بەشێک لە توانا مرۆییەکانی خۆی لەدەست دەدات بەڵام کۆمەڵگایەک کە باوەڕ ی بە تواناو لێهاتوویی گەنجەکانی هەبێت و دەرفەتیان پێ بدات، دەتوانێت داهاتوویەکی جیاواز بۆ خۆی دروست بکات.
لاوان تەنها چاوەڕێی داهاتوو نین ئەوان بەشێکن لە دروستکردنی ئەو داهاتووەی کە هەموومان چاوەڕێی دەکەین.

بێلان عاسی ڕۆژبەیانی