بوێری و بەرپرسیاریەتی لە فیدباكدا: كۆلەگەی نەبینراوی چاكسازی پەروەردەییە
(سوكرات) فەیلەسوفی مەزنی یۆنانی دەڵێ"ژیانێك تاقی نەكرێتەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ نەكرێت. شایستەی ژیانكردن نییە".
لۆجیكی ئەو حیكمەتە قووڵە ڕاستەوخۆ دەچێتە ناخی پڕۆسەی پەروەردەوە ، پەروەردەیەك كە وێڕای هەڵسەنگاندنی بەردەوام و فیدباكی ئازایانە ئاراستەی خۆی نەكاتەوە. بەرەوچەقبەستن و داڕمانی هێواش هەنگاودەنێت.
فیدباك(پێڕاگوێزان) تەنها ئامرازێكی وشك یان فۆرمێكی ڕۆتینی كارگێڕیی نییە، بەڵكو ڕەفتارێكی ئەخلاقی، ویژدانی، بوێرییەكی ڕۆشنبیری و بەرپرسیاریەتیەكی بە كۆمەڵە، لە ژینگەی پەروەردەی ئێمەدا گەورەترین ئاستەنگ لە بەرامبەر فیدباكی ڕاستەوخۆدا(شەرمكردن و سازش و خاترگرتن و ترسانە كاتێك فیدباك دەبێتە قوربانی پەیوەندییە كەسییەكان و مەحسوبیەت و ئامڕازی بەرژەوەندی لابەلا. ئەوكات پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن جەوهەری خۆی لە دەست دەدات. بۆ ئەوەی فیدباك ئەنجامی پێویست و مەبەستداری پەروەردەیی هەبێت پێویستی بە دوو چەمكی جەوهەری هەیە كە تەواوكەری یەكترن ئەوانیش (بوێری و بەرپرسیاریەتین):
بوێری لە فیدباك بۆنموونە:
لەلایەن سەرپەرشتیار و ڕاهێنەر و بەرێوەبەرەوە دەستنیشان كردنی ڕاستەوخۆ وبێ پەردەی كەموكوڕییەكان بە شێوازێكی زانستی و بێدەنگبوون لە سەر كەمتەرخەمی مامۆستایان و ستافی كارگێڕیی خیانەتێكی بێدەنگە لە مافی قوتابیان. هەروەها لەلایەن مامۆستاوە بەرامبەر(ڕاهێنەر، سەرپەرشتیار، بەرێوەبەر) فیدباكی پێچەوانە: مامۆستا دەبێت ئەو بوێری و ئازایەتیەی هەبێت ئاستی ڕاستەقینەی (ڕاهێنەر، سەرپەرشتیار، بەرێوەبەر) هەڵبسەنگێنێت، ئەگەر خولێكی ڕاهێنان زانیارییەكی نوێی پێنەبەخشی یان لەگەڵ واقیعی پۆڵ نەگونجا یان هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی سەرپەرشتیار و بەرێوەبەر پەروەردەییانە و بەرپرسیارانە نەبوو ئەوا دەبێت بە ڕاشكاوی (ڕاهێنەر ،سەرپەرشتیار، بەرێوەبەر) لە خەوی دووبارەبوونەوەی بە ئاگا بێتەوە.
هەروەها بەرپرسیارەتی لە وەرگرتنی فیدباكدا:
(ڕاهێنەر، سەرپەرشتیار، بەرێوەبەر، مامۆستا)ی سەركەوتوو فیدباكی نەرێنی وەك هێرش بۆ سەر كەسایەتی خۆی تەماشا نەكات، بەڵكو وەك ئاوێنەیەك دەبینێت بۆ دیتنی خاڵە لاواز و كوێرەكانی كارەكەی. هەروەها وەرگرتنی فیدباك واتە پابەندبوونی ئەخلاقی بە چاكسازیكردن و دوور لە سەوداگەری. فیدباكێك بێ بەدواداچوون و كردار تەنها بە هەدەردانی كات و وزەیە.
لە بیرمان نەچێت كاتێك( ڕاهێنەران، سەرپەرشتیاران، بەرێوەبەران، مامۆستایان) لە چوارچێوەی (بوێری و بەرپرسیارەتیدا) مامەلە لەگەڵ فیدباكدا دەكەن. ئەوكات خولیا و داهێنان جێگەی ترس لە هەڵەكردن لەق دەكات و نایهێڵێ.بێگومان لە سیتەمێكی ڕاستگۆدا ڕەخنەی بنیاتنەر زۆر لە پیاهەڵدانی ساختە و ناڕاست بەنرخترە.
پێم باشە بە كورتی باسی ئەزموونی چەند وڵاتێكی پێشەنگ لە بەكارهێنانی فیدباكی پەروەردەیی بكەم.
*فینلاند: پشتی بە فیدباكی بەردەوام و گفتوگۆی پیشەیی بە ستووە لە بڕی تاقیكردنەوەی نیشتمانی زۆربەش. سەرپەرشتیار و مامۆستا وەك هاوكاری كاردەكەن، كە ئەوەش دروست كردنی متمانە و بەرزبوونەوەی كوالێتی وانە وتنەوە و حەسانەوەی دەروونی مامۆستایانە.
*سەنگاپورە: هەموو مامۆستا و ڕاهێنەرێك ساڵانە لە سەر بنەمای فیدباكی فرە لایەن هەڵسەنگاندنی ئاست و گەشەی پیشەییان بۆ دەكرێت و سیستەمی (EPMS)بەكار دێنێت. ئەوەش ئەنجامی هاوسەنگكردنی ئاستی قوتابخانەكان و بەدەستهێنانی پلەكانی یەكەمی جیهان لە تاقیكردنەوە نێودەوڵەتیەكاندا(PISA).
*كۆریای باشوور: مودێلی (فیدباكی هاوبەشەكان و هەڵسەنگاندنی پێچەوانەی مامۆستایان بۆ ڕاهێنەران جێبەجێ دەكات) ئەوەش ئەنجامی دەبێت لە سەر گەشەپێدانی بەردەوامی ستافی ڕاهێنەران.
ماوەتەوە بڵێم فیدباكی بێ بوێری ڕیكلامێكی بێسودە، فیدباكی بێ بەرپرسیاریەتیش گوتارێكی بێ كردارە.
كاتێك لە پەروەردەدا ڕاستگۆیی دەبەخشین و بەسنگی فراوانەوە هەڵەكانمان وەردەگرین تەنها سیستەمەكە چاك ناكەین. بەڵكو فێری نەوەی داهاتووش دەكەین كە كەرامەتی مرۆڤ لە كەموكوڕی و بێ هەڵەییدانییە، بەڵكو لە ئازایەتی و بوێری خۆچاككردن و بەرپرسیاریەتی تێدایە.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

بەکر کەریم حەسەن