٣١ی ئاب؛ چۆن دەستی پێکرد؟ هۆکارەکان چی بوون؟ چ پاڵنەرێک لە پشت ڕووداوەکەوە بوو؟

٣١ی ئاب؛ چۆن دەستی پێکرد؟ هۆکارەکان چی بوون؟ چ پاڵنەرێک لە پشت ڕووداوەکەوە بوو؟


(مێژوو وەک خۆی و ڕاستییەکان بخوێنەرەوە)

 

هەموو ساڵێک لەم کات و ساتەدا، باس باسی ٣١ی ئابە و بە هەزاران جۆر تەفسیر، هێنان و بردنی بۆ دەکرێت. هەموو میدیاکانی سێبەر و حزبی تەنیا بۆ مەبەستی بەکارهێنانی کارت، زۆر بێویژدانانە باس لەو ڕۆژە دەکەن و ئەو هەلە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی درێژە بە قین و فکرە شۆڤێنییەکانیان بدەن.

لەو ڕۆژەوە کۆمەڵێک قسەی مەتاتی کە سەرچاوەی لەو دژایەتییەی ڕۆژ و سەردەمی جەنگەوە دێت دەکرێن؛ ئەوەی ئێستا دەوترێت تێگەیاندنی نەوەی نوێ نییە، بەڵکوو درێژەدانە بەو فەلسەفەیەی سالانێک بۆ مەبەستی گەوجاندن بەکار هێنراوە. ٣١ی ئاب خاڵی یەکلاییکردنەوەی هێز بوو لە بەدەستهێنانەوەی هەموو ئەو خاکەی کە لە ژێر کاریگەریی سوپای پاسدارانەوە کۆنتڕۆڵ کرابوو. ئەوەی بە بەردەوامی زیاتر لە ٢٠ ساڵە باسی لێوە دەکرێت، باسکردنێکی ڕاستگۆیانە نییە، بەڵکوو ڕاگەیاندنێکە لە بلندگۆی بەرەی شکستی خواردووی ٣١ی ئابەوە دێتە دەرەوە. هەموو ئەو وتە و قسانەی پر لە قینن، سەرچاوەیان لە شەستەکانەوە دەست پێدەکات و تا ئەم کات و ساتەش درێژەی هەیە، بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی زانستییانەی بۆ بکرێت.

بۆ ئەم مەبەستەش بە نیازین بە شێوەیەک لە شێوەکان شیکارییەک بکەین، نەک وەک ئەوەی تاوەکو ئێستا شیکاریی بۆ کراوە، بەڵکوو پشت بە هەندێک بەڵگەنامەی بەشدار لەو ڕۆژانەدا ببەستین. سەرەتای باسەکەمان بەوە دەست پێدەکەین: کاتێک کەسێک تووشی نەخۆشی دەبێت، پزیشک بە دوای هۆکاری نەخۆشییەکەدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بزانیت هۆکارەکەی چی بووە، چونکە بە زانینی هۆکارەکەی، دۆزینەوەی چارەسەر ئاسانتر دەبێت؛ یان کاتێک وڵاتێک تووشی داتەپین و قەیران دەبێت، بە دۆزینەوەی هۆکاری قەیرانەکە، چارەسەرکردنی ئاسانتر دەبێت.

سەرەتا پرسیار دەکەین: ٣١ی ئاب چۆن دەستی پێکرد؟ هۆکارەکان چی بوون؟ چ پاڵنەرێک لە پشت ٣١ی ئابەوە بوو؟

تاوەکو ئێستاش، وەک هر کەسێک کە بە دوای گرژیدا نەگەڕابێت، نەمویستووە هیچ شتێک لەو بارەیەوە باس بکەم، بەڵام باشتر وایە کاتێک باسی بەرەیەک دەکرێت، لایەنەکەی تریشیان فەرامۆش نەکرێت. هەر بۆیە بە گەڕانەوە بۆ مێژووی شەستەکان و جیابوونەوەی بەرەیەک لە پارتی دیموکرات کە هەڵگیرسێنەری شەڕی ناوخۆیی بوو، پارتی بە دوو بەرە دابەش بوو. پاش گەڕانەوەی ئەو بەرەیەی جیا بووەوە، بەپێی ئەو تۆمارە دەنگییەی لەلای پارتی هەیە، سەرکردەکانی ئەو جیابوونەوەیە (کە برایم ئەحمەد و هاوڕێکانی دەگرێتەوە) دانیان بە هەڵەکانیان و هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆییدا ناوە، ئەوەش یەکلا بووەتەوە کە بەرەی جەلالیی ئەو کات، شەڕی دژی بەرەی مەلایی دەست پێکردووە.

دوای ڕێککەوتنە شوومەکەی جەزائیر لە نێوان شای ئێران و سەددام و ڕوودانی نسکۆی شۆڕش، دیسان ئەو بەرەیە کەوتنە خۆ و بە ناوی شۆڕشێکی نوێوە لە دوو بەرەی جیاوازدا دەستیان بە ململانێ کرد؛ خەباتی خۆیان وەک بەدیلی پارتی لە گۆڕەپانی سیاسیدا ڕاگەیاند. بە لەبەرچاوگرتنی نامیلکەکانی ئەو کاتی شۆڕش، ڕق و قینی سیاسیی ئەو کات بەرامبەر بە مەلایییەکان زیاتر لە هەموو کاتێک بەرجەستە دەبێتەوە، کە ئەوانەش وەک بەڵگەی مێژوویی پشتیان پێ دەبەسترێت.

تاوەکو ڕاپەڕین ئەنجام درا و لە دەرئەنجامی ئازادکردنی کوردستاندا یەکەم هەڵبژاردن بەڕێوە چوو، سندوقەکانی دەنگدان کە سەرچاوەی دیموکرسییەتن و دەکرێت پشتیان پێ ببەسترێت، ئەوەیان دەرخست کە پارتی توانی زۆرینەی دەنگەکان بۆ خۆی مسۆگەر بکات. بەڵام پارتی بە زانینی ڕابردووی هێزی بەرامبەر، ئەنجامی هەڵبژاردنی کردە قوربانیی نیشتمان و بە پەنجا بە پەنجای دەسەڵات (کە ئەو کات بە «فیفتی بە فیفتی» دەناسرا) ڕازی بوو. ئەو قبووڵنەکردنەی ئەنجامی هەڵبژاردن تاوەکو ئەمڕۆش ڕەنگی داوەتەوە و لایەنی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی ئەنجامەکەی قبووڵ نەکرد. یەکێتی بەوەش نەوەستا و هێزێکی زۆری خۆی لە ناو ئەو هێزانەدا جێگیر کرد کە وەزارەتەکەی لەلایەن یەکێتییەوە بەڕێوە دەچوو؛ هەر لەو ڕێگەیەشەوە پەلاماری بنکە و بارەگاکانی پارتیی لە سلێمانی دا. بەڵام پارتی زۆر هەوڵی دا بۆ ئەوەی شەڕ نەگاتە هەولێر تاوەکو دەزگا شرعییەکانی هەولێر هەڕەشەیان بۆ دروست نەبێت، چونکە بۆ یەکەم جار بوو لە مێژوودا دەزگایەکی بەو شێوەیە لە ڕووی شرعی و یاسایییەوە بۆ یاسادانان بۆ کورد دروست ببێت. بەڵام یەکێتی خۆی لێ نەپاراست و هەر وەک باسی لێوە دەکرێت، ئەو کات نەوشیروان مستەفا، جێگری سکرتێری یەکێتی بوو، گوتبووی: «هەولێر کوێی موقەددەسە تاوەکو شەڕی تێدا نەکرێت؟!»

سەرجەم ئەو ئالییەتە سەربازییانەی لە ئێرانەوە وەرگیرابوون، شەرعییەتی پەرلەمانیان خستە ژێر پۆستاڵەکانی پاسداران و ئەو ئالییەتانەیان لە سەر پەرلەمانی کوردستان جێگیر کرد. تاوەکو ٣١ی ئابیش پارتی خۆی گرت تاوەکو هێزی عەسگەری لە هەولێر جێگیر نەکرێت؛ ئەوەش تەنیا مەرجی پارتی بوو بۆ ئاشتبوونەوە، بەڵام بە جۆرێک یەکێتی مەغروور ببوو، ئامادە نەبوو هەولێر لە ژێر پۆستاڵی پاسداران چۆڵ بکات.

نەک هەر هەولێریان چۆڵ نەکرد، بەڵکوو لە یۆبیلی زێڕینی پارتیدا لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦، مام جەلال نەفیی عامی پارتیی دەرکرد بۆ ئەوەی بۆ یەکجارەکی پارتی لە گۆڕەپانی سیاسەت بپڵپۆشێت و بسڕێتەوە. ئەویش بە پشتپبەستن بە سەفقەیەکی سەربازی کە لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هەبوو؛ تاوەکو دەرگا لەسەر چەکدارانی ئێران بکاتەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە ناو کەمپەکانی ئاوارە و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە کۆیە، بۆ ئەو مەبەستەش ژن، منداڵ، پیر و پەککەوتەکانی لەو کەمپانە کردە ئامانج و ئاوارەی کردن. بەپێی ڕێککەوتنەکەش بۆ یەکلاییکردنەوەی شەڕی ناوخۆیی، ئەمە یەکەم هەنگاو بوو.

وەک بەڵگە، دووەمین هەنگاوی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی نێوان ئێران و یەکێتی، بە پەلاماردانی پارتی لەلایەن ئێران و یەکێتییەوە دەست بە جێبەجێکردنی کرا؛ نەک هەر لە قۆڵەکانی جەنگەوە، بەڵکوو لە پشتیشەوە. ئێران بە هێزی سەربازی و بۆ هاوکاریی یەکێتی، لە سیدەکان و حاجی ئۆمەرانەوە پەلاماری پارتی دا. پیلانەکە بە شێوەیەک بوو کە پارتی بەرەو نەمان ببەن. ئەو دەمەش هێزی کوردستان لەو ئاستەدا نەبوو بەرەنگاری وڵاتێکی خاوەن هێزی وەک ئێران ببێتەوە، بۆیە پارتیش ناچار بوو بیر لە وەڵامدانەوە بکاتەوە بە هێزێکی هەمان ئاست و خاوەن هەمان توانای سەربازی، تاوەکو بەرگری لە خۆی بکات و ڕووبەڕووی ئەو پیلانە ببێتەوە. بۆ مەبەستی زیاتر ڕوونکردنەوەی بابەتەکە، پشت بە یاداشتەکانی محەمەدی حاجی مەحموود دەبەستین، کە ئەو کات یەکێک لە دژبەرانی پارتی بوو لە ٣١ی ئابدا؛ گرنگیی بابەتەکەش لەوەدایە کە خۆی ڕووداوەکانی تۆمار کردووە.

پاڵنەرەکانی ڕووداوەکە
محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، یەکێک لە سەرکردە سیاسی و چەکدارەکانی بەرەی دژ بە پارتی بوو، لە شەڕەکانی دژ بە پارتیدا پارتەکەی بە چەکداری و سیاسی بەشداریی هەبوو. ئەو لە بەرگی چوارەمی کتێبی (ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەک) کە بریتییە لە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی خۆی، باسی هۆکارەکانی ڕووداوی ٣١ی ئاب دەکات و نووسیویەتی:

«سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٦ / ٧ / ١٩٩٦ برادەرانی خۆمان ئاگاداریان کردم کە سەیارەیەکی زۆر بە بارەوە لە مەریوان، قەسری شیرین و لە پەروێزخانەوە بەرەو سەر سنووری باشماخ، پێنجوێن، سەرسنووری پەروێزخان و بۆ سەر سنووری حاجی ئۆمەران وەستاون؛ قەرارگای حەمزە، قەرارگای ڕەمەزان و سوپای پاسدارانیان لەگەڵدایە. ڕۆژی هەینییان دانابوو بۆ هاتنە ناو هەرێمی کوردستان، چونکە سەر سنوورەکان چۆڵە و خەڵکی کەمتر لێیە. سەعات ١٢ی هەمان ڕۆژ گوتیان لۆرییەکی زۆر بە بار و لاندکرۆز بە چادر داپۆشراون، تۆپ، کاتیۆشا، دۆشکە و زۆری تریان لەسەرە و لە دەربەندیخانەوە بەرەو عەربەت، سلێمانی و سەیدسادق گەیشتوونەتە ناو شار و لە شێستییەکەوە بۆ مەعسکەر سەلام ڕۆیشتوون.»

ئەو سەرکردە بەشدارەی شەڕی دژ بە پارتی، هەر لە بیرەوەرییەکانیدا شاراوەی ناکاتەوە کە زۆر نیگەران بووە بەوەی ڕۆژی پێشتر لای مام جەلال بووە بەڵام هیچی لای باس نەکردووە و نەیووتووە کە هێزی ئێرانی دەهێنن؛ ئێرانییەکانیش کە پەیوەندیی بەهێزیان لەگەڵیدا هەبووە هیچیان پێ نەوتووە.

محەمەدی حاجی مەحموود ئاشکرای دەکات ئەو هێزانەی هاتبوون بۆ لەناوبردنی پارتی و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، سەر بە کام یەکە سەربازییەکان بوون. وەک ئەو نووسیویەتی، هێزەکە بریتی بووە لە سوپای پاسداران، قەرارگای حەمزەی سەیدی شوهەدا و قەرارگای ڕەمەزان بە قیادەی سەردار ئەحمەدی کازمی؛ لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشەوە فەرەیدوون عەبدولقادری ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەگەڵ بەرپرسانی هێزەکەی ئێراندا بووە:

«لە سەعات ٦ی سەرلەبەیانییەوە لە چیای هەەیبەت سسوڵتانەوە بە تۆپ و ڕاجیمە لە بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە جادەی تەق تەق - کۆیە درا. هێزەکانی ئێران نوێنەری یەکێتییان لەگەڵ بوو، لە سەر سنوورەوە سەیارەی یەکێتی لە پێشیانەوە بوو.»

دوای ئەوەی ئەو هێزەی ئێران لە بارەگاکانی دیموکراتی دا و دوو سێ هەزار کەسی لە ژن و منداڵی دیموکرات «بە پێی پەتی و شپرزەیییەوە بەرەو هەولێر، بەردەمی (UN) و حەوت حزبەکە و ئەو ناوە دەڕۆیشتن. پاسداریش چووبووە ناو شاری کۆیە و کۆنتڕۆڵی کردبوو، سەیتەرەی دانابوو.»

سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، دوای ئاشکراکردنی یەکەم جەولەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و یەکێتی (کە پەلاماردانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو)، جێبەجێکردنی بەشی دووەمی ڕێککەوتنەکەش ئاشکرا دەکات کە بریتی بوو لە پەلاماردانی پارتی و هەوڵی لەناوبردنی.

هەر لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی یەکێتی و ئێراندا، لە شەوی ١٦ / ١٧ی ئابی ١٩٩٦ کە پارتی ئاهەنگی یۆبیلی زێڕینی ٥٠ ساڵەی دامەزراندنی دەگێڕا، جێبەجێکردنی پیلانەکە بە هێرشکردنە سەر سەنگەرەکانی پارتی لە ناوچەی چۆمان دەستی پێکردەوە. محەمەدی حاجی مەحموود لە بیرەوەرییەکانیدا نووسیویەتی:

«یەکێتی وای دەزانی دوو هەنگی لە دارێکدا دۆزیوەتەوە، لەگەڵ سوپای پاسداران و قەرارگای حەمزە و ڕەمەزاندا بەردەوام بوون. تۆپخانەی ئێران بە خەستی بۆردومانی هێزەکانی پارتی دەکرد، بە چاوساغی و ڕەسەدی یەکێتی لە حاجی ئۆمەران، چۆمان و دەوروبەری، بە دەیان پێشمەرگەی پارتی بوونە قوربانیی شەڕی ناوخۆ و هێزی پارتی لەپەلوپۆ کەوتبوون.»

هەروەها دەڵێت:

«لە ٢٠ / ٨ هەر لە سلێمانی بووم، هێزی یەکێتی بە هاوکاریی تۆپخانەی سوپای پاسداران حاجی ئۆمەران، قەسرێ، خانەقا، چۆمان، گەڵاڵە و دارسەلامی تا نزیکی گەرووی عومەر ئاغا لە پارتی پاک کردەوە و پارتی شکا؛ خۆی دانی بە ١٠٠ کوژراودا نا، بەڵام کوشتاری زۆر هەبوو. پارتی نەیدەتوانی لە بەردەم هێزی یەکێتی و تۆپخانەی ئێراندا ڕابوەستێت و بەرەنگارییان بکات.»

وەک سکرتێری حزبی سۆسیالیست لە بیرەوەرییەکانیدا تۆماری کردووە، یەکێتی ئەو کات چاوەڕوانییەکی ناواقیعیی هەبووە؛ پێی وابوو سەرەڕای نزیکبوونەوەی تەواوی لە ئێران و هێنانی سوپای پاسداران، هێشتاش ئەمریکا پاسەوانییان دەکات و دەیانپارێزێت لە هر هێرشێکی عێراق. ئەو نووسیویەتی کە پێش ڕۆژی ٣١ی ئاب، چەند جارێک بە کۆسرەت ڕەسووڵ و سەرکردایەتیی یەکێتیی گوتبوو مەترسیی هاتنی سوپای عێراق دەکرێت، بەڵام ئەوان گوتبوویان ئەمریکا ڕێگە نادات و ئێمەش ١٧ هەزار پێشمەرگەمان هەیە:

«کاک کۆسرەت گوتی تازە ئەمریکییەکانم دیوە و مام جەلالیش تەئکیدی کردووەتەوە ئەمریکا ڕێگە بە عێراق نادات و لێی دەدات، ئەو کات قازانجی خۆمانە و ئەگەر لێی بدات دەبابەکانی بەجێ دەمێنێت.»

محەمەدی حاجی مەحموود زیاتریش ئاشکرای دەکات و دەنووسێت:

«٢٨ / ٨ لە هەولێر لە مەکتەبی سیاسی بووین، وەفدێکی ئێران هاتبوون و وتیان وەزعەکە چۆنە کە وا پارتی شکاون و زۆر شوێنیان بەجێ هێشتووە، عێراقیش خۆی ئامادە کردووە بۆ پەلاماری هەولێر؟ منیش پێم وتن ڕاستە، بەڵام ئێوە ڕەئیتان چییە؟ وتیان ئەگەر عێراق بێت دێتە هەولێر بەڵام بەبێ ئاگاداری ئەمریکا نایەت، چونکە ئەمریکا ئاگاداری یەکێتی کردووە ئەو جێگەیانەی لەم دوو سێ ڕۆژەی ١٧ تا ١٨ گیراون چۆڵیان بکەن، یەکێتیش پێناچێت چۆڵیان بکات.»

سکرتێری حزبی سۆسیالیست وەک خۆی باسی دەکات، بەردەوام چاودێریی پێشهاتەکانی کردووە، بۆیە دووبارە چووەتەوە لای کۆسرەت ڕەسووڵ و لێی پرسیوە: چ ئامادەکارییەکتان کردووە؟ ئەویش گوتبووی هێز ئامادەیە و ئەمریکا ڕێگە نادات هیچ بکات:

«پاشان من ڕۆیشتمەوە و کاک خورشیدم ناردەوە بۆ لای کاک کۆسرەت، دەمویست تێبگەم مقاوەمەت تا کەی دەکرێت و تا کەی دەتوانرێت؟ پاشان بۆ کوێ دەکشێینەوە، بڕیاری وا هەیە یان نا؟ بەڵام بروسکەی مام جەلال بۆیان و تەئکیدی خۆیان ئەوەندە یەکێتیی دڵنیا کردبوو، وایان دەزانی هێلیکۆپتەری ئەمریکا دێت لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی هەڵیان دەگرێت و دەیانبات، ئەگەر کار گەیشتە ئەوەی عێراق بێتە ناو شار.»

لە بیرەوەرییەکانی ئەو سەرکردەیەدا ساتی داخلبوونی هێزەکانی عێراق بۆ هەولێر تۆمار کراوە. محەمەدی حاجی مەحموود دەڵێت کاتێک هێزەکانی عێراق و پارتی لە هەموو لایەکەوە پێشڕەوییان دەکرد:

«کاک خورشیدم ناردەوە لای کاک کۆسرەت، گەڕایەوە و وتی کاک کۆسرەت لەوێ نەبوو، تەنیا کاک سەعدی ئەحمەد پیرە و چەند پێشمەرگەیەکی لەگەڵدا ماوە؛ کاک سەعدی کڵاشینکۆفێکی پێبوو. کاک سەعدی لەگەڵیان چووە بۆ سەربانەکان و گوتی وا دامەزراوین... وتم کار گەیشتە ئەوەی کاک سەعدی لە سەربان بێت و دامەزرابێت و کڵاشینکۆفی پێ بێت بۆ سوپای عێراق، با چاوەڕێ نەبین؛ ئیتر دەزانم چی بکەم و خۆم بڕیار دەدەم لە چارەنووسی خۆمان.»

دوای ئەوە، چیتر سکرتێری حیزبی سۆسیالیست بڕوا بەوە ناکات کە ئەمریکا لەسەر یەکێتی وەلامی هەبێت، بۆیە خۆی بۆ ڕۆیشتن ئامادە دەکات.

محەمەدی حاجی مەحموود ئەوەش ئاشکرا دەکات کە:

«یەکێتی وای دەزانی کە ڕێککەوتنی عێراق و پارتی بۆ هەموو کوردستانە، بەڵام ڕاستییەکەی تەنیا بۆ هەولێر بوو؛ بەڵام پارتی مەغروور بوو، یەکێتیش ڕووخابوو.»

دەشڵێت:

«ئەمریکا چرای سەوزی بە عێراق دا بۆ هەولێر و بۆ تەمێکردنی یەکێتی، کە زۆر لەگەڵ ئێران نەڕوات.»

زیاتر دەڵێت:

«یەکێتی لە غروری، گوێنەگرتن و حیسابی نادەقیق لەسەر ئەمریکا، تورکیا و ئەوانە، وای دەزانی هەموو شتێکی کردووە؛ لەسەر خەیاڵ دەژیا. هێنانی پاسداران هەڵەی یەکێتی بوو، یەکێتی سەری لە سیاسەتی ناوچەکە دەرنەدەکرد... هەر ئەمەش یەکێتیی تووشی ئەو کارەساتە کرد.»

سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکرات ئەوەش دەخاتە ڕوو کە ئێران «دوای شکستی یەکێتیش هەر لەسەر خەت بووە.» دەشڵێت دوای ئەوەی لەگەڵ پارتیدا کۆدەبێتەوە، بەرپرسانی ئێرانی لە سنە لەگەڵیدا دادەنیشن و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە کە بۆچی محەمەدی حاجی مەحموود لەگەڵ پارتیدا دانیشتووە:

«من بە ڕاستی زۆرم پێ ناخۆش بوو، وتم: کاکە ئێمە خۆمان بڕیاری خۆمان دەدەین، وا ئێستاش دەگەڕێمەوە کوردستان؛ نە دژی پارتی دەبم و نە دژی یەکێتی.»

دوای ئەوە، قەرارگای ڕەمەزان داوایان لێ دەکات بگەنە نەغەدە بۆ کۆبوونەوە، بەرپرسانی سنەش پێی دەڵێن: «هەرچۆنێک بووە مام جەلال ببینە.» کاتێک لە نەغەدە بەرپرسانی ئێرانی دەبینێت، پێی دەڵێن: «هاوکاریکردنی مام جەلال، هاوکاریکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.» ئەوەش دەڵێت کە:

«یەکێتی دوای ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ەوە، لە سیاسەتی ئیقلیمی سەری دەرنەدەکرد، چونکە بە دەستی وڵاتانی ئیقلیمییەوە گیرۆدە ببوو.»

ئەوانە هەموویان سەلمێنەری چەندین بابەت و ڕووداوی گرنگن. بە هەڵسەنگاندن و لەبەرەیەکدانی هەردوو لایەنی بابەتەکە، ئاشکرا دەبێت کە ٣١ی ئاب دەستپێکی کارەساتەکە نییە، بەڵکوو ٣١ی ئاب دەرئەنجامی ئەو سەفقە سەربازییەی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و یەکێتی بوو بۆ شکستپێهێنانی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات لە قۆناغی یەکەمدا، و لە هەنگاوی دووەمدا بۆ شکستپێهێنانی پارتی بووە.

(هەرچەندە ئەم بابەتە پێشتریش بڵاو کراوەتەوە، بەڵام بەهۆی هەستیاریی بابەتەکە، تێگەیاندنی جیلی نوێ، ڕوونکردنەوە بۆ خەڵکی کوردستان و بەرپەرچدانەوەی سەرجەم ئەو پروپاگەندەیانەی لەم ڕۆژەدا لە میدیاکانی سێبەرەوە بە مەبەستی سیاسی و لێدانی پارتی بڵاو دەکرێنەوە، بڵاوکردنەوەی بە دەستکاری و دارشتنەوەیەکی نوێوە بە پێویست زانیرا).

Top