ژیان لەگەڵ پیکاسۆ,,بەشی دووەم
ڕووی ڕاستەقینە و تاریکی هونەرمەندێکی خۆپەرست و سادیست(پاپلۆ پیکاسۆ)
بەشی دووەم
نووسین و وەرگێڕان و ئامادەکردنی/ناز عەلی عەوڵا
چیرۆکی تراژیدیانەی -دۆرا مار(هانریێت تئۆدۆرا مارکۆڤێچ 1907-1997)ئەو هونەرمەندێک بوو لە دەورووبەری ساڵانی (1930-1936)بەر لەوەی پاپلۆ پیکاسۆ بناسێت ، لە لوتکەی داهێنان و هونەری بیرمەندانەی خۆی بوو .
دۆرا مار چی بە پیکاسۆ بەخشی و لەبەرامبەریشدا چی بۆ مایەوە ؟
دۆرامار زۆر پێش ئەوەی لەگەڵ پیکاسۆ یەکتر بناسن،خودی خۆی هونەرمەندێکی داهێنەر و دیاری بواری فۆتۆگرافی بوو،نوێگەرایی لە تێکهەڵکێشی فۆتۆ مۆنتاژ و چاپکردن و چەندین تەکنیکی ناوازە و داهێنەرانەری هونەری فۆتۆمۆنتاژی سوریالیستانە ئەویان کردبو بە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی هونەری گوزارشتی سوریالیست و کارەکانی لەگەڵ هونەرمەندانی سوریالیستی(زۆر گرنگ)ی سەردەمی خۆی نماییش کراون.
بۆ ئەو سەردەمە سەختەی کە تێیپەڕاندوە لە نێوان دوو جەنگی گەورەی جیهانی و لە ناوەندی هونەری هەرگیز کۆڵی نەداوە سەرەڕای ئاستەنگی بەردەمی ژنان و ماکینەی جەنگ و هاڕینی مرۆڤ ئەویان بە پێچەوانەی ڕەوت بۆ ژنێکی ئازا و کۆڵنەدەر گۆڕیوە.
لە 1930 بەدواوە خاوەنی ستۆدیۆی فۆتۆگرافی خۆی بوو و هەروەها سەفەری چەندین شار و ووڵاتانی دەکرد (دەوروبەری پاریس و بارشلۆنا و لەندەن ..) لە شەقامەکاندا وێنەی مرۆڤی بەش مەینەتی بێ کار وکەس و کرێکاران ژنانی بێ دەرەتانی دەگرت لە گەڕەکە هەژار نشینەکاندا،دۆرا مار لە سیەکانی سەدەی ڕابردوولە 1930 بەدواوە تێکەڵی خەباتی سیاسی دژ بە فاشیستان و دیکتاتۆرانی ئەو سەردەمە ببو لە ڕێکخراوی چەپی دژەفاشیزمی (كۆنتر-ئاتاك)(Contre-Attaque)دا ئەندامێکی چالاک و کاریگەر بووە و بەرپرسیارێتی هێڵی تەلەفۆنی ڕێکخراوەکەی لە ئەستۆ گرتووە.
هەر بۆیە هونەرمەندێک بو لە لوتکەی ئاگایی و هۆش و پێشکەوتن و داهێنان . تەکنیکی فۆتۆ مۆنتاژ و لەبەرگرتنەوە و چاپکردن بۆ خوڵقانی تابڵۆیێکی هونەری فیکری سوریالیستی لە داهێنانی خۆیەتی .
لە دەوروبەری ساڵانی 1935 بۆ 1936،دۆرا مار لە کافێیەکدا دانیشتبو یاریێکی ترسناکی بە چەقۆ دەکرد چەقۆکەی بۆ نێوانە پەنجەکانی گیر دەکرد تا ئەوەی پەنجەی خۆی بریندار دەکات، پیکاسۆ و هاوڕێیەکی دۆرا (پۆل ئیلوار) هاوکات نزیکی مێزەکەی ئەون،پیکاسۆ چاوی بڕیوەتە ئەو یاریە خوێناویەی دۆرا مار،سەرسامی جەسارەتی ئەو خانمە هونەرمەندە دەبێت،پۆل ئیلوار هەردوکیان بەیەکتر دەناسێنێت،ڕۆژان تێدەپەڕن و پەیوەندیێکی سۆزدارانە و خۆشویستن لەنێوانیاندا درووست دەبێت،بەڵام ئەو پەیوەندییە بۆ دۆرا مار لە کۆتاییدا،وەک یاری چەقۆکە لە دڵی دا دەچەقێ و بۆ هەمیشە بەرەو هەڵدێری دەبات،بەڵام بە پێچەوانەوە بۆ پیکاسۆ تەنها چەند ساڵانێکی کورتە و وەک پیاوێکی خیانەتکار و نەرگسی تەنها یارییەکە بۆ چێژێکی کاتی پڕ درۆ.
لەو سەردەمەدا،پیکاسۆ لە بەردەم خەڵک و کامێرا و کۆمەڵگا (دۆرا مار) یارو هاودەم و خۆشەویستی بوو،بەڵام لە پەنهانی و شاراوەیی بێئەوەی کەس بزانێت(ماری ثێرێس واڵتەر -دایکی مایا)خۆشەویستێکی تری بووە، وە هاوکات هێشتا لە هاوسەری پێشوتری (خۆخۆلۆڤا - سەماکاری بالێتی بەڕەگەز ڕووسی )جیانەببۆوە ئامادە نەبوو تەڵاقی لێوەربگرێت،لە ترسی بردنی نیوەی سامانەكەی،پشتڕاست کراوەتەوە خۆخۆلۆڤا دوای ئەو وازهێنانەی پیکاسۆ لێی،تووشی شێرپەنجە دەبێت و ڕۆژانی پڕ لە دەرد و مەینەت و ئازار بەڕێدەکات.
پیکاسۆ و چێژ وەرگرتن لە ئازاری دەروونی ئەو ژنانەی کە خۆشەویستی بوون و لە پڕ وازهێنان لێیان و فڕێدانیان،وەک بەنزین وا بووە بۆ بەگەڕخستنی شادی ناخی ئەو.
بە گوێرەی گێڕانەوە پشتڕاستکراوەکان:لە ساتەکانی کارکردن لەسەر (گێرنیکا ) جارێکیان لەو ستۆدیۆیەدا ماری ثێرێس و دۆرا مار،ڕوبەڕووی یەکتر دەبنەوە بۆ یەکلایی کردنەوە پیکاسۆ داوایان لێدەکات خۆیان ئەوە هەڵبژێرن شەڕ بکەن تا دەستەو یەخەی یەکتر،پیکاسۆ زۆر بە خۆشحاڵیەوە لەسەر ئاوازی شەڕی دەروونی ئەوان،درێژە بە نیگارکێشانەکەی دەدات،دواتر لە یادەوەریەکانی خۆی سەبارەت بەو ڕۆژە دەنووسێت (گەشاوەترین و خۆشترین بیرەوەری ژیانم بووە).
دۆرا مار چی بە بیکاسۆ بەخشی:
دوای ناسینی دۆرا مار،بە شێوەیەکی کتوپڕ كارەكانی پیكاسۆ پڕ بوون لە ڕەنگی ڕەش و سپی،کاریگەری تەکنیکی فۆتۆ مۆنتاژەکانی دۆرا بە ئاشکرا،لە سێبەر و ڕوناکی،و ڕەنگی ڕەش و سپی کارەکانی پیکاسۆ ڕەنگ دەداتەوەو بووەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ ئەو،هەروەها ڕووناکی هزری و کاریگەری ڕامیاری و خەباتی دژە فاسیتانەی دۆرا مار بۆ هاوسەنگی و دادپەروەری،کاریگەری زۆری بۆ شێوازی کاری پیکاسۆ هەبووە لە ڕووی فیکریەوە کارەکانی گۆڕانی بەسەردا هات.
پیکاسۆ حەزی بە بواری فۆتۆگرافی نەدەکرد هەمیشە هانی دۆرای دەدا واز لە هونەری فۆتۆگرافی بهێنێت،ڕووبکاتە نیگارکێشان،بە بڕوای ئەو(پیکاسۆ) هونەری نیگارکێشان باڵاتر و بەرزتر بووە،هەر بۆیە ئەو جۆرە سووربون و جەخت کردنەوانەی پیکاسۆ،وەهای لە دۆرا کردووە ستۆدیۆکەی دابخات و کامێراکەی دابنێ ووردە ووردە نیگار بکێشێت ( دۆرا لە نیگارکێشاندا بە ئەندازەی فۆتۆگرافی سەرکەوتوو نەبووە)بە جێی هەڵگرتنی کامێراکەی و هونەری داهێنەرانەی بووە مۆدێلی ناو ستۆدیۆکەی پیکاسۆ (زنجیرەیەک کاری ژنەی گریان ی لێ بەرهەم هێناوە).
هەروەک ئاشکرایە پیکاسۆ یەکێک لە مەزنترین و بەناوبانگترین کارە هونەریەکانی بە ناوی (گێرنیكا)یە، بەڵام ئایا ئەو کارەی بێ بوونی دۆرا بەو شێوەیە بە ئەنجامی دەگەیاند ؟؟؟!!!
لە ساڵی 1937 پیکاسۆ پێویستی بە ڕووبەرێکی فراوانی ستۆدیۆ هەبوو تا کاری میوڕاڵی گێرنیكای تێدا بکێشێت،دۆرا مار بەهۆی پەیوەندییە سیاسیەکەی لەگەڵ خەباتکارانی چەپی ناو ئەو ڕێکخراوەی کاری تێدا دەکرد پێشوتر،توانی ستۆدیۆیەک لە شەقامی rue des Grands-Augustins گران-ئۆگوستەی پاریس دابین بکات بۆ بەجێگەیاندنی تابڵۆی(گێرنیكا)،چونکە ئەو شوێنە بارەگای پێشتری حیزبی کۆنتر -ئاتاک بوو،دۆرا ئەندامێکی تایبەت و کارا و چالاک بوو لەوێدا.
دۆرا سەرجەم قۆناغەکانی کێشانی ئەو تابڵۆ دیواربەندییە زەبەلاحەی ،بە کامێراکەی دۆکیومێنت کرد،قۆناغ بە قۆناغ فۆتۆی لێ گرتن،کە دواتر پیکاسۆ خۆیشی سوودی لە ڕیزبەندی ئەو زنجیرە قۆناغەی کارکردنەکەی بینیوە،جگە لە لێکۆڵینەوەی هونەری و قوتابیانی هونەر و لێکۆڵەرانیش هەر بەو ڕیزبەندیەی دۆکیومێنت کردنەدا دەچنەوە بۆ پۆلێنکردن و خوێندنی ئاکادیمی ئەو تابڵۆیە،ڕووبەری پانتایی تابڵۆکە هێجگار گەورە و ڕووناکی کەمی ستۆدیۆکە ئاسان نەبووە بۆ فۆتۆگرتنی قۆناغەکان،بۆیە دۆرا مار تەکنیکە فۆتۆیی و چاپییە تایبەتییەکانی خۆی بۆ چرکاندنی فۆتۆکان بەکارهێناوە.
هیچ دوور نیە کە تابڵۆی( گێرونیکا )ش وەک بابەت و تەکنیک هەر ئیلهام و شێوازی تەکنیکی و فیکری،دۆرا لەسەر پیکاسۆ بیرۆکەی کارێکی وەهای هێنابێتە بون،چونكە بەر لە کێشانی تابڵۆی گیرونیکا،پیکاسۆ بەو ئەنگیزە سیاسییە و خرۆشانە هزرییەوە بە ئاشکرا کاری دژی فاشیزم و جەنگ نەکردووە.
چەند ساڵێک دواتر،پیکاسۆ ئەشقی دۆرا لە ژیانیدا وەدەردەنێ بە ناسینی ژنێکی گەنجتر،( فرانچیسکۆ گیلۆت) دەبێتە خۆشەویستی تازە ی پیکاسۆ،وە بەتەواوی هەروەک خو و نەریتی شەرمهێنەرانەی تێرنەبووی پیاوێکی نەرگزی و ستەمکار.
لە ساڵەکانی کۆتایی جیابوونەوەی لەگەڵ دۆرا مار،زنجیرەیەک لە تابڵۆی (دۆرا مار) دەکێشێت بە تێکشکاوی و گریان و نوزانەوە و ئازارەوە،بۆ ئەوەی رۆحی سادیزمانەی خۆی بەو فرمێسک و ئازاری دەرونی دۆرا،تێر بکات ،ئەوەیش هەروەک خوویەك بووە،لە کۆتایی هەموو جیابونەوەکانی زنجیرەیەک تابڵۆی لەو خۆشەویستەی کێشاوە بە تێکشکاوی و ئازار و فرمێسک نوقمی کردوون.
دۆرا مار لە کۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردوو بە هۆی زنجیرەیەک ڕووداوی شۆکهێنەر و خەفەتاوی دووچاری خەمۆکی توند دەبێت و دەروونی دەڕوخێت،لەوانە گیان لەدەستدانی باوک و دایک و هاوڕێی زۆر نزیکی,وە دواتر جیابونەوەی پیکاسۆ لێی ئازارەکانی دوو بەرانبەر دەکات،بۆ ماوەیەکی زۆر لە نەخۆشخانەی دەروونی دەخەوێندرێت و بەردەوام شۆکی کارەبایی وەردەگرێت .
پیکاسۆ،هونەرمەندێکی وەک خونچەی تازە پشکوتوی (دۆرامار)لە داهێنان و شەپۆلی بەرهەم و هونەردا دەبریسکایەوە،نوقمی ئازار و مەینەت و زبڵخانەی نەخۆشخانەی دەروونی کرد،ئەوە ئاشکرایە سەنتەر و نەخۆشخانە دەروونییەکان لەو سەردەمەی جەنگ و کەسادیەی ئەوروپا چەندە شوێنی ئەشکەنجەی زیاتری مرۆڤەکان بوون،دۆرا مار ئەوەش تێدەپەڕێنێت،بۆ ساڵانێکی دوور و درێژ نزیک چل ساڵ دواتر،پاشی تێکشکان و شۆکی دەروونی و جەستەیی زۆر،لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دیسان کامێراکەی لە شان دەکاتەوە دەست دەکاتەوە بە فۆتۆمۆنتاژ و تەکنیکە ناوازەکانی خۆی لە هونەری فۆتۆگرافیدا و جار بە جاریش نیگار دەکێشێت تا مەرگی یەکجارەیی لە 1997گیانی بە ئەبەدیەت دەسپێرێت و چەندین بەرهەمی نایابی هونەری بە دونیای هونەری دەبەخشێت و دەڕوات. (جیهانی لە بیرکراوی هونەرمەندانی ژن کە هەمیشە وون کراون نابود کراون،ناویان لە ناو ناواندا شاردراوەتەوە لەبەر بازاڕی هونەری زاڵی پیاوانی ڕێنسانس و بەناو ڕۆشەنگەری ئەوروپا).
