هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات... ئایا لە بەرژەوەندی کوردە لە سوریا یان سەرەتای قۆناغێکی نوێیە؟
چیتر ئەو پرسیارە ئەو گرنگیەی نییە ئایا هێزەکانی سوریای دیموکرات دەمێننەوە یان نا؟ ئەو پرسیارە بە کردەوە دوای ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزە و تێگەڵ بوونی ئەندامانی لە سوپای سوریا یەکلایی بووەوە.
لێرەدا پرسیاری ڕاستەقینە و گرنگتر ئەوەیە: ئایا هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە بەرژەوەندی کوردە لە سووریا ؟ ئایا کورد لە بەرامبەردا چی دەست دەکەوێت؟ لەم هەنگاوەدا دەتوانن چی لەدەست بدەن یان چی بەدەست بهێنن؟
ئەم پرسیارانە ناتوانرێت بە سۆز و یا سۆزی سیاسی یان بە هەڵوێستی لایەنگری یان دژی (هەسدە)وەڵام بدرێتەوە، چونکە مەسەلەکە لە ڕێکخراوێکی سەربازی گەورەترە. پەیوەندی بە ئایندەی کوردەکانی سوریا و مافە نەتەوەیی و کولتووری و سیاسی و پێگەیان لە دەوڵەتی نوێی سوریادا هەیە.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا (هەسدە) هێزێکی سەربازیی کاریگەر بووە، بەتایبەتی لە شەڕی دژ بە داعشدا و بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمریکا توانی ناوچەیەکی بەرفراوانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆنتڕۆڵ بکات. بەڵام هەلومەرجی ناوچەیی و نێودەوڵەتی گۆڕاوە و لەگەڵ ئەوانەش پێگەی هێزەکانی لە هاوکێشەی سوریادا گۆڕدراون.
لە ماوەی ساڵی 2026دا، هێزەکانی (سوریای دیموکرات) بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتی جوگرافی و سەربازی خۆی لەدەست دا، دوای پێشهاتە سەربازییەکان و ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ دیمەشق، ئەمەش بووە هۆی ڕێککەوتنی یەکگرتنەوە، پاشان ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزە بە شێوەی سەربەخۆی.
هێزی سەربازی جێگرەوەی پڕۆژەیەکی سیاسی نییە.
هەڵەیەک کە ڕەنگە هەندێک رووبەڕووی ببنەوە ئەویش ئەوەیە کە بەردەوامی هەڵگرتنی چەک وەک تاکە گەرەنتی مافەکانی کوردە، لە کاتێکدا چەک دەتوانێت لە خاڵێکی دیاریکراودا خاک بپارێزێت، بەڵام بە تەنیا ناتوانێت ناسنامەی گەلێک بپارێزێت یان مافە دەستوورییەکانی خۆی بۆ دەیان ساڵ دەستەبەر بکات.
پرسی کورد لە سوریا زیاتر پێویستی بە پرۆژەیەکی سیاسی ڕوون هەیە لەوەی کە پێویستی بە درێژەدان بە دۆخێکی سەربازی کراوە لەگەڵ دیمەشق یان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبێت.
ئەگەر هەڵوەشانەوەی (هەسەدە) بە مانای گواستنەوەی کورد لە قۆناغی خەباتی چەکدارییەوە بۆ قۆناغی چەسپاندنی مافەکانی لە چوارچێوەی دەستوورێکی نوێی سوریا و زامنکردنی دانپێدانان بە ناسنامە و زمان و کولتووری کورد و بەشداریی ڕاستەقینە لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، ئەوا دەکرێت ئەو گواستنەوەیە هەنگاوێکی واقیعی بێت، نەک شکست.
بەڵام ئەگەر هەڵوەشانەوەی تەنها بە مانای داماڵینی چەکی کورد بێت و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی ناوەندی بێ گەرەنتی سیاسی و دەستووری ڕوون، ئەوا نیگەرانییە و دەبێتە هۆی دڵەراوکێ.
کورد دوای هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە دەبێتە خاوەنی چییە؟
وەڵامەکە پەیوەستە بەوەی کە ئایا ئەو مافانەی کە بە کورد دراوە لە بەڵێنی سیاسییەوە دەگۆڕدرێن بۆ دامەزراوە و یاسای دەستووری یان نا. نیشانەی ئەرێنی هەیە، کە دیمەشق لەم قۆناغە نوێیەدا هەنگاوەکانی سەبارەت بە مافە زمانەوانی و کولتوورییەکانی کورد ڕاگەیاندووە و هێنانە ناوەوەی زمانی کوردی بۆ ناو سیستەمی پەروەردەی فەرمی ڕاگەیەندراوە- هەنگاوێکی بەرچاوە ئەگەر ببێتە سیاسەتێکی سەقامگیر و تەنیا ڕێکارێکی کاتی نەبێت، بەڵام مافەکان تەنها بە دەقەکان ناپێورێت.
تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە ئەوەیە:
ئایا کوردەکانی سوریا دەتوانێت بە ئازادی زمانەکەیان فێربێت؟
ئایا دەتوانێت کلتوری خۆی پراکتیزە بکات؟
ئایا بە تەواوی مافە مەدەنییەکانی خۆی بدابین دەکات؟
ئایا بەشدارە لە بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی کە تێیدا دەژی؟
ئایا بەشداری نوێنەرایەتی سیاسی ڕاستەقینە لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا دەکات؟
وە ئایا ئەم مافانە لە ڕووی دەستوورییەوە مسۆگەر کراون، بۆ ئەوەی هیچ دەسەڵاتێکی داهاتوو نەتوانێت بە فەرمانی سیاسی هەڵیانبوەشێنێتەوە؟
ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ بێت، ئەوا دەتوانرێت چارەسەری سەربازی لە شکستێکی سەربازییەوە بگۆڕدرێت بۆ سەرکەوتنێکی سیاسی مێژوویی.
مەترسییەکە لە هەڵوەشاندنەوەی (هەسەدە)نییە... بەڵکو لە نەبوونی بەدیلێکدایە.
کێشەی ڕاستەقینە ئەوە نییە کە هەسەدە وەک هێزێکی سەربازی سەربەخۆ بوونی نەماوە. کێشەکە لە ئەگەری داڕوخانی ئەو هێزە سەرهەڵدەدات پێش ئەوەی بەدیلێکی سیاسی کوردیی بژاردەیی بوونی هەبێت، کە توانای پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی کورد هەبێت. کوردەکانی ئەمڕۆ لە سوریا پێویستیان بە یەکخستنی ڕیزەکانی سیاسی خۆیان هەیە، هەرچەندە مەرج نییە ئەمە بە مانای یەکخستنی هەمووان لە ژێر یەک پارتدا بێت.
لێرەدا پێویستە گفتوگۆیەکی جددی لە نێوان هێزە جیاوازەکانی کوردی سوریادا، لەوانەش ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و هێزە سیاسییەکانی پەیوەست بە ئیدارەی پێشوو، بۆ ئەوەی دیدێکی هاوبەش بنیات بنرێت کە جیاوازییە حزبییەکان تێپەڕێنێت. کورد ناتوانێت بچێتە قۆناغی نوێی سوریا لەکاتێکدا لە نێوان خۆیاندا دابەش بووە، بەتایبەتی کە هێزەکانی دیکە خۆیان لەناو دەوڵەتدا جێگیر دەکەنەوە. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە ڕەنگە هێزی سەربازی کورسییەک لەسەر مێزی دانوستان مسۆگەر بکات، بەڵام بەتەنها ئەو هێزە گەرەنتی پاراستنی مافەکان ناکات دوای کۆتایی هاتنی شەڕ.
ئەی تورکیا ؟
فاکتەری تورکی ناتوانرێت لەم هاوکێشەیەدا پشتگوێ بخرێت. ساڵانێکە تورکیا لە چاویلکەی پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ەوە، چاوی لە هەندێک پێکهاتەکانی (هەسەدە) بەتایبەت یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەبینێت. بۆیە بەردەوامی بوونی هێزێکی سەربازیی سەربەخۆی کوردی لەسەر سنوورەکەی، سەرچاوەی بەردەوامی گرژی بووە. لێرەوە، تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لەگەڵ سوپای سوریادا دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ کەمکردنەوەی یەکێک لە سەرچاوە هەرە بەرچاوەکانی گرژیی ناوچەکە. بەڵام نابێت کورد مافەکانی خۆی بکات بە باجی سەقامگیری ناوچەکە.
هاوکێشە دروستەکە دەبێت بەم شێوە بێت:
هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر تورکیا لە خاکی سوریاوە، وە نە نکۆڵیکردن لە مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی کورد لە سوریا، ئەمەش ئەگەری هەیە ئەگەر پرسەکە لە بابەتی ئەمنیەوە بگۆڕدرێت بۆ بابەتێکی سیاسی و دەستوری.
کورد لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە
هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی (هەسەدە) ڕەنگە لە یەکەم نیگادا وەک کۆتایی قۆناغێکی گرنگی کوردی لە سوریا دەربکەوێت، بەڵام مێژوو هەمیشە بەو پێوانە ناکرێت کە بەسەر هێزی سەربازیدا دێت، بەڵکو بەو پێوانە دەکرێت کە دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە بۆ خەڵک دەمێنێتەوە.
ئەگەر کورد بە مافە دەستوورییەکانی ڕوون بوون، و بە فەرمی ناساندنی ناسنامە ، گەرەنتییەک بۆ زمانی کوردی، بەشداری سیاسی ڕاستەقینە، ئیدارەی خۆجێیی کاریگەر، و دامەزراوە ئەمنی و سەربازییە یەکگرتووەکان کە ئاسایشی ناوچەکانی لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریادا دەپارێزن، لەم قۆناغە دەربچن، ئەوا لە دەسەڵاتێکی دیفاکتۆوە بۆ هاوبەشێکی سیاسی لەناو دەوڵەتدا گواستراوەتەوە.
بەڵام ئەگەر چاوەڕوان بکرێت لە بەرامبەر بەڵێنی نەنووسراو یان گەرەنتی کاتی دەستبەرداری هەموو شتێک بن، ئەوە مەترسییەکی گەورە دەبێت. بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ لە هێزە کوردییەکان داوا دەکرێت، تامەزرۆ نەبن سەردەمی ڕابردوو ، نە خەریکی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ بن، بەڵکو دانوستان لەسەر ئایندەی قۆناغی داهاتوو.
وانەیەکی گرنگ لە ئەزموونی کوردستانی عێراق
ئەزموونی کورد لە عێراق وانەیەکی گرنگ پێشکەش دەکات. ئەوە تەنها هێزی پێشمەرگە نەبوو کە دەستکەوتە سیاسییەکانی وەدەست هێنا بەڵکو هێزی پڕۆژەیەکی سیاسی و دامەزراوە و هەڵبژاردن و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لەگەڵدا بوو، دواتر دەستووری عێراق هات بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستووری بە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا ببەخشێت.
لێرەدا گرنگی ئەزموون ئەوەیە: دەسەڵات سیاسەت دەپارێزێت، بەڵام سیاسەت دەسەڵات دەگۆڕێت بۆ ماف و دامەزراوە. ئەمەیە کە ئەمڕۆ کورد لە سوریا پێویستی پێیەتی.
گەرەنتی زۆر گرنگ و پێویستە.
ئەگەر دیمەشق بەڕاستی دەیەوێت کۆتایی بە ناکۆکییەکان بهێنێت و سوریایەکی نوێ بنیات بنێت، باشترین ڕێگە بۆ ئەو کارە، چەسپاندنی مافەکانی کوردە وەک بەشێک لە پەیمانی نەتەوەیی نوێی سوریا. دەستوور دەبێ بە ڕاشکاوی دان بە فرەچەشنی نەتەوەیی و کولتووری سووریادا بنێت و زمانی کوردیش لە ڕووی یاساییەوە پارێزراو بێت. کورد دەبێت هاوبەش بێت لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا، نەک تەنها هاوڵاتییەک کە چاوەڕوان دەکرێت دەستبەرداری دەسەڵاتی خۆی بێت و دواتر چاوەڕێی بڕیارەکانی دەسەڵاتی ناوەندی بکات. جگە لەوەش دەبێت گەرەنتی ڕاستەقینە هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوە بۆ سیاسەتەکانی ڕابردوو کە کوردیان خستووەتە ژێر دەیان ساڵ ئازارەوە.
بەرژەوندییەکانی کورد زامن بێت
لە سیاسەتدا دۆست و دوژمنی هەمیشەیی نییە، تەنیا بەرژەوەندی هەمیشەیی هەیە. کورد لە سوریا پێویستی بەوەیە بەم ڕیالیزمە تەماشای ئەم قۆناغە نوێیە بکات. ئەوان هیچ بەرژەوەندییەکیان لە شەڕێکی هەمیشەیی لەگەڵ دەوڵەتی سوریادا نییە، هەروەها هیچ بەرژەوەندییەکیان نییە بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی پەراوێزخستن و ئینکاری. بەرژەوەندی ڕاستەقینەی ئەوان لە سوریایەکی یەکگرتوو و دیموکراسی و فرەیی و لامەرکەزیدایە کە ڕێز لە مافی هەموو گروپە پێکهێنەرەکانی بگرێت. لەم سوریاشدا کورد دەبێت هاوبەشت راستەقینە و تەواو بێت نەک میوانی زێدی خۆی. بۆیە هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات نابێت وەک کۆتایی پرسی کورد لە سوریا لێکبدرێتەوە، هەروەها نابێت بە سەرکەوتنێکی ئۆتۆماتیکی بۆ کورد هەژمار بکرێت.
سەرەتای تاقیکردنەوەیەکی نوێیە.
ئەمە تاقیکردنەوەیە بۆ دیمەشق: ئایا دەتوانێت دەوڵەتێک بنیات بنێت کە کورد و عەرەب و سریانی و ئەوانی دیکە لەخۆبگرێت؟ ئەوە تاقیکردنەوەیە بۆ هێزە کوردییەکان: ئایا دەتوانن لە هێزی دژ بگوازنەوە بۆ پڕۆژەیەکی سیاسی نیشتمانی؟ تاقیکردنەوەیەکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی: ئایا گەرەنتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتن و مافەکان دەکات، یان تەنها چاودێری دەکات؟ لە کۆتاییدا ئەوە تاقیکردنەوەیە بۆ خودی کورد. ئایا دەتوانن ڕیزەکانیان یەکبخەن و ئەوەی لە ساڵانی شەڕدا کەڵەکەیان کردووە لە ڕووی دەسەڵات و کاریگەری و قوربانیدانەوە بیگۆڕن بۆ مافی هەمیشەیی سیاسی و دەستووری؟
قۆناغی داهاتوو تەنیا شەڕی نێوان هێزەکانی هەسەدە و دیمەشق نابێت. شەڕێکی جیاوازە بە تەواوی: شەڕێکە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان و دروستکردنی هاوبەشی و دڵنیابوون لەوەی کە کوردەکانی سوریا جارێکی دیکە پەراوێز نەخرێنەوە دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵانی شەڕدا باجێکی وەها قورسیان دا.
لێرەدا، دەبێت بۆ چوونەکان ڕوون بێت: چەک ئامانج نییە، هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە خۆی لە خۆیدا شکست نییە، ئامانج ئەوەیە کوردەکانی سوریا وەک هاوبەشی تەواو بمێننەوە لە بنیاتنانی سوریای نوێدا.

شێرکۆ حەبیب