جیۆپۆلیتیکی تێکەڵبوونی هەسەدە و سوپای سوریا و پاشەڕۆژی کورد
ئەو بڕیار و گۆڕانکارییانەی ئەم دواییە لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا، هاوکێشەی سیاسی و ئاسایشیی ناوچەکەیان گۆڕیوە، ئەمەش وایکردووە پێویستمان بە هەڵسەنگاندنێکی زانستی بێت بۆ هاوسەنگییە نوێیەکان.
لێکۆڵینەوە لە پێشهاتی تێکەڵبوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ پێکهاتە سەربازی و ئاسایشییەکانی حکومەتی سوریا لە ڕوانگەی تیۆریی ڕیالیزمی پێکهاتەیی ئەوە ڕوون دەکاتەوە، کە ڕەفتاری ئەکتەرەکان لە سیستەمێکی ئەنارکیدا زیاتر بەپێی فشاری پێکهاتەییی ناوچەکە و شێوازی دابەشبوونی تواناکان دیاری دەکرێت نەك بە پێی خواستە ئایدۆلۆژییەکان.
ئەم هەنگاوە نەخشەی دابەشبوونی دەسەڵات لە ڕووی مەیدانییەوە دەگۆڕێت و لە چوارچێوەی هەوڵێك بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بەشێك لە سەروەری لە پێناو پاراستنی مانەوەدا، کاریگەرییەکی درێژخایەنی لەسەر پاشەڕۆژی ستاتۆ و مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد لە سوریا دەبێت.
تێکەڵبوونی هێزەکان لەوانەیە لە کورتخایەندا توانای ڕاگرتنی هاوسەنگیی ئاسایشی بە هەسەدە ببەخشێت و چوارچێوەیەکی یاسایی و دانپێدانراوی نێودەوڵەتی بۆ بەردەوامیی بوونی چەکداری لە ناوچەکە دابین بکات، جگە لە کارئاسانی لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە داراییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە هاوکاری دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق، بەڵام لە ڕوانگەی شیکاریی زانستیی و لە درێژخایەندا، زیانە ستراتیژییەکانی ئەم تێکەڵبوونە زۆر سەنگینتر دەردەکەون، بەتایبەت کاتێك پاشەکشەی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان هەسەدە ناچار دەکات لە ستراتیژیی هاوسەنگکردنەوە بگوێزێتەوە بەرەو خۆگونجاندن لە ژێر چەتری هێزی ناوەندی.
ئەم گۆڕانکارییە مەترسیی سەرەکیی داخورانی خێرای خۆبەڕێوەبەریی سیاسی و لەدەستدانی سەربەخۆیی بڕیاردانی ئاسایشی دەهێنێتە ئاراوە، کە ڕەنگە ببێتە هۆی توانەوەی گشت ئەو دەستکەوتە ئیداری و کەلتوورییانەی لە دواساڵانی جەنگدا بەدەستهاتوون، و جارێکی دیکە ناوچەکە بەرەو ناوەندگەراییەکی توند بباتەوە کە تێیدا بڕیاری ئیداری و سەربەخۆیی ناوچەیی سڕ دەکرێت.
لە هەمان کاتدا، ئەم پرۆسەیە هێمایە بۆ دروستبوونی کێشەیەکی ئاسایشیی نوێ، چونکە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەی سەربازیی دەرەکی، ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی بەدەستەوەدانی توانای بەرگریی خۆیی لە بەرامبەر دیمەشق.
بەمەش ڕۆڵی داهاتووی کورد لە بونیادنانەوەی پێکهاتەی سیاسیی سوریا دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەم هاوکێشەیەوە.
سەرباری ئەوەی کورد وەك ئەکتەرێکی سەرەکی لە دۆسیەی ئاسایشی و دژەتێرۆر سەلمێنراوە، بەڵام بێ پاساوکردنی مافە نەتەوەییەکان لە چوارچێوەی دەستوورێکی نوێدا لەوانەیە پێگەی کورد لە دانوستاندنکارێکی بەهێزەوە دابەزێنێت بۆ لایەنێکی پاشکۆ و بێکاریگەر لە داڕشتنەوەی سیستەمی فیدراڵی یان لامەرکەزی لە سوریا.
سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەیەکی دەستووریی تۆکمە و سەقامگیر، دەکرێت پشتی بە مۆدێلی هاوشێوە لە وڵاتانی تر ببەستێت، بەتایبەتی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ.
مۆدێلی باشووری کوردستان نیشانی داوە کە ڕێکخستنی توانای سەربازییی خۆیی (هێزی پێشمەرگە) لە ناو دەستووری عێراق وەکوو بەشێك لە سیستەمی بەرگریی نیشتمانی، نەك تەنها ڕێگەی لە توانەوەی سەربازی گرت، بەڵکو بووە پارێزەری سەرەکیی خۆبەڕێوەبەریی سیاسی و مافە دەستوورییەکان.
چەسپاندنی مۆدێلێکی لامەرکەزیی بەهێز یان فیدراڵی لە سوریاشدا دەکرێت هاوشێوەی ئەزموونی سەرکەوتووی نەمسا یان کانتۆنەکانی سویسرا بێت، کە تێیاندا ناوەند دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانی و دەرەوە بەڕێوەدەبات، بەڵام هەرێمەکان سەرپەرشتیی ئاسایشی ناوخۆیی و ئادمیراڵی خۆیان دەکەن.
لەم نێوەندەدا، هەرێمی کوردستان وەك قەوارەیەکی دەستووری و ئەکتەرێکی سەقامگیر لە ناوچەکەدا، ئەگەر ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە و لەسەر بنەمای یاسایی بەئەنجام بگات، بە چەندین شێواز سوودمەند دەبێت.
یەکەم، دروستبوونی سەقامگیری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا مەترسیی کشانەوەی ناڕێکخراوی هێزەکان و بەهێزبوونەوەی تیرۆر لەسەر سنوورەکانی هەرێم کەم دەکاتەوە. دووەم، زەمینەی گەشەکردنی جیۆئابووری و ڕێڕەوی بازرگانی نێوان هەردوو هەرێم دەبووژێنێتەوە.
سێیەم، دروستبوونی قەوارەیەکی دانپێدانراوی فیدراڵی یان لامەرکەزی بۆ کورد لە سوریا، پێگەی جیۆپۆلیتیکی کورد لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر دەکات و قورسایی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ئاستی نێودەوڵەتیشدا زیاتر دەکات.
تێکچوونی دابەشبوونی تواناکان لە باکووری سوریا بە بێ ڕێککەوتنی دەستووری، هاوسەنگیی جیۆپۆلیتیکی لە سەرانسەری ناوچەکە بە زیانی پێگەی هەرێم دەگۆڕێت، لەوانە لەدەستدانی سەقامگیریی سنوورەکان و دروستبوونی شەپۆلی نوێی ئاوارەبوون، کە یەکەی بنەڕەتیی ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن.
لە ڕوانگەی ریالیزمی پێکهاتەیییەوە، هەرێمی کوردستان بەرژەوەندی لەوەدایە، کە کورد لە سوریا بتوانێت ببێت بە خاوەنی پێگەیەکی یاسایی و سەربازیی دانپێدانراو، کە لە ڕێگەی دیالۆگی سیاسیی هاوسەنگ و لەسەر بنەمای فیدراڵیزم یان مۆدێلی لامەرکەزیی بەهێز بەدەستبێت، نەك لە ڕێگەی ڕادەستکردنی بێ مەرج و توانەوە لە ناوەندی سیاسیی دیمەشقدا، تا بژاردەکانی هاوکاریی هەرێمایەتی و گەشەی ئابووری بۆ گشت ناوچەکە بە پارێزراوی بمێننەوە.
مانەوەی نەتەوەکان لە سیستەمێکی ئەنارکیدا، بەندە بە هاوسەنگکردنی عەقڵانیی لەنێوان پشت بەخۆ بەستن لە ناوخۆ و فیدراڵیزمی دەستووری، چونکە ئازادییەك سەرچاوەکەی لە ڕێککەوتنی ناچارییەوە بێت، تەنها مۆڵەتێکە بەرەو ناوەندگەرایی نوێ.
دکتۆر سامان سۆرانی

دكتۆر سامان سۆرانی