کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لە نێوان ئومێدی ئێستا و ترس لە داهاتوو
بارودۆخی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بووەتە یەکێک لە گرنگترین بابەتە سیاسییەکانی ناوچەکە ، کوردەکانی ڕۆژئاوا لە دوای دەستپێکردنی شۆڕشی سوریا و دواتر لە شەڕی دژ بە (داعش) توانییان ڕۆڵێکی سیاسی و سەربازیی گرنگ بەدەستبهێنن. بەڵام ئەو دەستکەوتانە هەمیشە لەژێر مەترسییە سیاسی و سەربازییەکاندا بوون ، لەو چوارچێوەیەدا، ڕێککەوتنی نێوان (مەزڵوم عەبدی) فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتی، و (ئەحمەد شەرع ) سەرۆکی حکومەتی نوێی سوریا، خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی نوێی کوردانی ڕۆژئاوا.
ڕێککەوتنی ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥ لە هەشت خاڵ پێکهاتبوو. لە گرنگترین خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنە بریتی بوون لە دڵنیابوون لە مافی هەموو هاووڵاتییەکانی سوریا بۆ بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوەکانی دەوڵەت، دانپێدانان بە کورد وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەن و سەرەکی لە کۆمەڵگەی سوریا و پاراستنی مافە هاووڵاتی و دەستوورییەکانیان، ئاگربەستی گشتی، و یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا. هەروەها ڕێککەوتنەکە جەختی لەسەر یەکپارچەیی سوریا و ڕەتکردنەوەی دابەشبوون و هاندانی ناکۆکیی نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگە کردبوو.
بۆ کورد، گرنگترین بەشی ئەم ڕێککەوتنە ئەوەیە کە بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی ڕوون باس لە مافی کورد و دانپێدانان بە کورد وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەن لە سوریا دەکات. ئەمە گرنگە، چونکە لە سەردەمی ڕژێمی (بەشار ئەسەد) دا کوردەکان بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە هەندێک مافە بنەڕەتییەکان بێبەش کرابوون و کێشەی ناسنامە و هاووڵاتیبوون و بەکارهێنانی زمانی کوردی هەبوو. ڕێککەوتنی نوێ ئەگەر بە شێوەیەکی ڕاستەقینە جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت بناغەیەک بۆ گەڕاندنەوەی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد دابین بکات ، بەڵام لەگەڵ ئەو هیوایەدا، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ، ئایا دانپێدانان بە مافەکانی کورد تەنها لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە، یان دەبێتە واقعێکی سیاسی و یاسایی؟
ئەمە گرنگترین چالاکیی داهاتووی کوردە. چونکە ڕێککەوتنەکە لە یەک لایەنەوە باس لە ماف و بەشداریی سیاسی دەکات، بەڵام لە لایەکی دیکەوە دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی ناوچەکە دەخاتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی سوریا. بەم شێوەیە، هاوسەنگکردنی نێوان یەکپارچەیی سوریا و پاراستنی ماف و تایبەتمەندیی کوردەکان دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی گەورە بۆ هەردوو لایەن.
لە ڕاستیدا، کێشەکە تەنها کێشەی هێزە سەربازییەکان نییە. پرسیاری سەرەکی بریتییە لە شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچە کوردنشینەکان، زمانی کوردی، خوێندن، شارەزایی و بەشداریی سیاسی، پاراستنی ئاسایش و هەروەها ئەوەی کە دەسەڵاتی ناوەندی تا چەندە ئامادەیە بۆ قبوڵکردنی جۆراوجۆریی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی لە سوریا.
لە دیدی کوردەوە، یەکێک لە مەترسییە سەرەکییەکان ئەوەیە کە یەکپارچەیی سوریا بە مانای گەڕانەوە بۆ سیستەمێکی ناوەندگەرایی بێت کە مافە کوردییەکان تەنها بە وشە دەپارێزێت. لە بەرامبەردا، لە دیدی حکومەتی سوریا و هەندێک لە لایەنە ناوچەییەکانەوە، هەبوونی هێزێکی سەربازیی جیاواز و دامەزراوەیەکی خۆبەڕێوەبەر بە مەترسی بۆ یەکپارچەیی و سەروەریی سوریا لێکدەدەنەوە.
لەبەر ئەمە، ڕێککەوتنی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع نابێت تەنها وەک کۆتاییی ناکۆکییەکە ببینرێت؛ بەڵکو پێویستە وەک دەستپێکی قۆناغێکی نوێ سەیر بکرێت. قۆناغێک کە سەرکەوتن یان شکستی ئەو ڕێککەوتنە بە شێوەیەکی ئاشکرا بە جێبەجێکردنی وردەکارییەکانەوە پەیوەستە.
لە ساڵی (٢٠٢٦) دا، ئەم پرۆسەیە گەیشتە خاڵێکی زۆر گەورەتر، چونکە هێزەکانی سوریای دیموکراتی بە فەرمی وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ کۆتاییان بە کارکردنیان هێنا و پرۆسەی تێکەڵبوونیان لەگەڵ سوپای سوریا تەواو بوو. ئەمە گۆڕانێکی مێژووییە، چونکە هەسەدە لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێک بوو لە گرنگترین هێزەکانی ناوچە و ڕۆڵێکی سەرەکی لە جەنگی دژ بە (داعش ) گێڕابوو ، بەڵام کۆتاییهێنان بە هێزی سەربازیی سەربەخۆ نابێت بە مانای کۆتاییهێنان بە پرسی کورد بێت ، بە پێچەوانەوە، لە ئێستادا گرنگترین شت ئەوەیە کە مافە سیاسی، نەتەوەیی، کەلتووری و زمانەوانییەکانی کورد لە دەستوور و یاساکانی سوریا و لە ژیانی ڕۆژانەدا چۆن جێبەجێ دەکرێن. ئەگەر کورد بتوانێت بەشدارییەکی ڕاستەقینەی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەبێت و مافەکانی بە یاسا و دەستوور بپارێزرێن، ئەوا ئەو ڕێککەوتنە دەتوانێت ببێتە هەنگاوێک بەرەو چارەسەری سیاسیی کێشەی کورد لە سوریا ، لە کۆتاییدا، داهاتووی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان تەنها بە هێزی چەک و سەربازی دیاری ناکرێت؛ بەڵکو بە توانای کورد بۆ پاراستنی یەکڕیزی، دروستکردنی دیالۆگی سیاسی، بەشداریی کارا لە پرۆسەی دەستووری و دامەزراندنی سوریا و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و نەتەوەیی دیاری دەکرێت. ڕێککەوتنی (مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع )دەرگایەکی نوێی کردووەتەوە، بەڵام ئەو دەرگایە تەنها بە جێبەجێکردنی ڕاستەقینەی بەڵێنەکان دەتوانێت ببێتە ڕێگایەک بۆ ئاشتی و مافی کورد.
بۆیە، ئەرکی سەرەکیی کورد لە قۆناغی نوێدا ئەوەیە کە لە نێوان پاراستنی ناسنامە و مافەکانی خۆی لە یەک لایەن، و بەشداریی لە دروستکردنی سوریایەکی نوێ و هاوڵاتی-میحوەر لە لایەکی دیکە، هاوسەنگییەکی سیاسیی زیرەکانە دروست بکات. ئەگەر ئەم هاوسەنگییە بە دەستی بێت، ڕۆژئاوای کوردستان دەتوانێت لە قۆناغی نوێی سوریا بەشێک بێت لە چارەسەری کێشەکە، نەک بەردەوامیی کێشەکە..
توێژەری مێژوویی سیاسی

پەرژین جەعفەر حاجی ڕۆستەم