✍️ پێشبینی پێش وەختە بۆ چارەنووسی سکاڵای جووڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر حکوومەتی هەرێم
پێشەکی
سیستەمی دادبینیی دەستووری لە عێراق بەدەست دووفاقییەکی ڕێکاریی جەوهەرییەوە داناڵێنێت؛ لە لایەک دادگای باڵای فیدراڵی پاسەوانی سەرەکیی سەروەریی دەستوور و بنەماکانی سیستەمی پەرلەمانییە، لە لایەکی ترەوە بە توندی بەستراوەتەوە بە مەرجە شکڵییەکانی دادبینی و چوارچێوەی بەرتەنگی پسپۆڕییەکانی لە ماددەی (٩٣)ی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥دا. کێشەی دیاریکردنی بارودۆخی یاسایی (الوصف القانوني)ی حکوومەتەکان بە "تەواوی دەسەڵات" یان "کاربەڕێکەر" (تصريف أعمال)، یەکێکە لە ئاڵۆزترین تەوەر و بابەتە سیاسی و یاسایییەکان.
ئەم توێژینەوەیە لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ پێشینەی دادوەری لە بڕیاری ژمارە (٣٨ / ئیتیحادییە / ٢٠١٠) و بەکاربهێنانی بنەما یاساییەکانی دەستوور، تیشک دەخاتە سەر پێشبینیکردنی چارەنووسی سکاڵاکەی جووڵانەوەی "نەوەی نوێ" (کە لەلایەن ڕێبوار ئەورەحمانەوە تۆمار کراوە) بەرامبەر سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ویلایەتی کابینەی نۆیەم.
١. شیکاریی دادوەری بۆ بڕیاری پێشینەی ژمارە (٣٨ / ئیتیحادییە / ٢٠١٠)
لە دۆسیەی ساڵی ٢٠١٠دا، جێگری سەرۆک کۆمار (تاریق ئەلهەشیمی) لە ڕێگەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە پەنای بردە بەر دادگای باڵای فیدراڵی و داوای ڕاڤەی یاساییی کرد سەبارەت بەوەی: ئایا حکوومەتی ئەوکاتی عێراق پاش کۆتاییهاتنی خولی پەرلەمان لە (١٥ / ٣ / ٢٠١٠) دەبێتە حکوومەتی کاربەڕێکەر یان بە تەواوی دەسەڵاتەکانیەوە دەمێنێتەوە؟
دادگای باڵای فیدراڵی (بە سەرۆکایەتیی دادوەر مدحت المحمود) بە بڕیارێکی ورد داواکارییەکەی لە ڕووی شکڵی و ڕێکارییەوە ڕەت کردەوە، بە پشتبەستن بەم هۆکارانەی خوارەوە:
• نەبەستنەوە بە دەقێکی دیاریکراوی دەستوور: دادگا جەختی کردەوە کە بەپێی ماددەی (٩٣/ دووەم) لە دەستوور، تایبەتمەندیی دادگا تەنیا "ڕاڤەکردنی دەقەکانی دەستوورە" (تفسير نصوص الدستور). ئاراستەکردنی پرسیارێکی گشتی یان داواکردنی ڕاوێژێکی یاساییی بەتاڵ لە دەقێکی دیاریکراو، ناچێتە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادگاوە.
• نەبوونی تایبەتمەندی لە پێدانی ڕاوێژی یاسایی: دادگا دووپاتی کردەوە کە ئەو دەستەیەکە بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکیی دەستووری و ڕاڤەکردنی دەق، نەک پێشکەشکردنی ڕاوێژی یاسایی (فتوى قانونية) بە دامەزراوەکانی دەوڵەت کاتێک داواکارییەکە لەسەر ماددەیەکی ڕاشکاو دانەنرابێت.
٢. شیکاریی داواکارییەکەی نەوەی نوێ (سکاڵای سێپتەمبەری ٢٠٢٦)
جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە ڕێگەی سەرکردەکەیەوە (ڕێبوار ئەورەحمان)، سکاڵایەکی لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم تۆمار کردووە و دادگا بەرواری دانیشتنەکەی دیاری کردووە. تێیدا داوا دەکات:
1. ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ماوەی یاساییی کابینەی نۆیەم لە (١٠ / ٧ / ٢٠٢٣)ەوە.
2. بە حکوومەتی کاربەڕێکەر سەیرکردنی کابینەکە و سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی.
3. هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیار، باج، ڕسوومات، و گرێبەستە ستراتیژییەکانی سەبارەت بە نەوت و کارەبا کە دوای ئەو بەروارە دەرکراون.
٣. داڕشتنەوەی یاسایی و پێشبینیکردنی چارەنووسی داواکە (حوکمی دادگا)
بە پشتبەستن بە ئاراستەی دادوەرانەی دادگای باڵای فیدراڵی و ماددەی (٩٣)ی دەستوور و پێشینەی بڕیاری (٣٨ / ٢٠١٠)، تێبینیی دوو سنووربەندیی سەرەکی دەکەین کە چارەنووسی داواکە دیاری دەکەن:
ستانی)
📍 أ. ئەگەری ڕەتکردنەوەی شکڵی (رد الدعوى شکلاً)
دەشێت دادگای فیدراڵی هەمان ئاراستەی بڕیاری (٣٨ / ئیتیحادییە / ٢٠١٠) بگرێتە بەر و داواکە ڕەت بکاتەوە، بەهۆی:
تێکەڵکردنی داوای دەستووری لەگەڵ بڕیاری کارگێڕی: داواکار داوا دەکات بە کۆمەڵ دەیان بڕیاری حکوومەت (سەبارەت بە باج، کارەبا، گرێبەستی نەوت) هەڵبوەشێنرێتەوە. لە دادبینیی دەستووریدا دەبێت تانەدان لە "یاسایەکی دیاریکراو" یان "پەیڕەوێکی دیاریکراو" بێت. دادگای دەستووری کارگەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارە کارگێڕییە کۆکراوەکان نییە (قرار إداري تنظيمي)، وەک لە داوای پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیشدا بە هەمان بەڵگە داواکە ڕەت کرایەوە.
• نەبوونی تایبەتمەندیی ڕەها لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکارە ئیدارییەکان: دادگا ناتوانێت لەبری پەرلەمان یان دادگای قەزای کارگێڕی، وەک ئۆرگانێکی سەرپەرشتیاری ڕۆژانە ڕۆڵ ببێنێت و بڕیارەکانی حکوومەت بە گشتی هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە ئەمە پێچەوانەی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە (ماددەی ٤٧).
📍 ب. ئەگەری جیاکردنەوەی پرسی کاربەڕێکردن لە بڕیارەکان
ئیجتیهادێکی تری دادگا دەکرێت ئەوە بێت کە دادگا تەنیا دان بە وەستان و بەسەرچوونی ماوەی یاساییی پەرلەمان یان کابینەکەدا بنێت (بەپێی بڕیارەکانی پێشتری کە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی بە نادەستووری لەقەڵەم دا)، بەڵام داواکارییەکانی تر (هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی کارەبا و باج و گرێبەستەکان) ڕەت بکاتەوە بەهۆی:
• نەبوونی "ئاراستەکردنی دروستی ناکۆکی" (توجه الخصومة): لەسەر تاک تا بە تانەدان لە بڕیارێکی کارگێڕی تەنیا لە دادگای دەستووریدا جێگەی ببێتەوە.
• پاراستنی "سەقامگیریی یاسایی" (الاستقرار القانوني): چونکە هەڵوەشاندنەوەی پاشەکشەییی (بأثر رجعي) سەرجەم مامەڵە دارایی و بەرهەمهێنانەکانی حکوومەت لە ماوەی ٣ ساڵدا، شیرازەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت تێکدەدات و لە فقهی دەستووریدا ڕێگەپێنەدراوە.
بەراوردکردنی ئەم دوو دۆسیەیە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق تەنیا لەو کاتانەدا بڕیار لەسەر بابەتێکی دەستووری دەدات کە ڕاستەوخۆ لەسەر دەقێکی دەستووریی دیاریکراو (ماددەی ٩٣/ دووەم) هەڵچندرابێت.
📍 سکاڵاکەی جووڵانەوەی نەوەی نوێ—ئەگەرچی لەسەر پێشینەی بەسەرچوونی تەمەنی دامەزراوەکانی هەرێم ڕاوەستاوە بەهۆی ئەوەی داواکارییەکانی پەڕیوەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی زنجیرەیەک بڕیاری کارگێڕی و دارایی بەشێوەیەکی گشتی، ڕووبەڕووی بەربەستی ڕێکاری و نەبوونی تایبەتمەندی (عدم الاختصاص) دەبێتەوە. پێشبینیی یاسایی ئەوەیە کە دادگا داواکە ڕەت بکاتەوە یان بڕیارەکەی تەنیا ببەستێتەوە بە جەختکردنەوە لەسەر بنەما گشتییەکانی حکوومەتی کاربەڕێکەر، بێ ئەوەی بچێتە ناو وردەکاریی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکارە ئابووری و داراییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

سەنار شێرۆكی