کۆڕەک؛ ماڵی دووەم و سەنگەری نەبەزینی ئەندازیارانی نیشتمان

کۆڕەک؛ ماڵی دووەم و سەنگەری نەبەزینی ئەندازیارانی نیشتمان

 

کاتێک باس لە کۆمپانیای کۆڕەک دەکرێت، تەنها باس لە کۆمپانیایەکی پەیوەندی و کەرتی بازرگانی ناکرێت، بەڵکو باس لە بەشێکی دانەبڕاو لە مێژووی ئاوەدانکردنەوە، خۆڕاگری و پێشخستنی کەرتی تەکنەلۆژیا دەکرێت لە کوردستاندا. ئەمڕۆ کە دەبینین لە بەغداوە هەوڵ بۆ سنووردارکردن، زیانگەیاندن یاخود داخستنی ئەم دامەزراوەیە دەدرێت، پێویستە ڕاستییەکان وەک خۆیان و لە دیدی ئەو کەسانەوە بگوترێن کە لە ناو دڵی ئەم ئەزموونەدا ژیاون.

کۆڕەک ئەو دەروازە فراوانە بوو کە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە دەستی گەنجانی گرت. لە سەردەمێکدا کە هەمووان مەرجی سەختی "ئەزموون و خزمەت"یان دەسەپاند، کۆڕەک متمانەی بە توانای گەنجی نیشتمان کرد؛ بێ ئەوەی داوای ئەزموونی پێشوەختە بکات، باوەشی بۆ هەزاران دەرچووی زانکۆ کردەوە و خۆی بوو بە قوتابخانەیەکی گەورە بۆ دروستکردن و پێگەیاندنی کادیرانی لێهاتوو. لەسەر دەستی ئەم کۆمپانیایە، هەزاران ئەندازیار و پسپۆڕی تەکنیکی لە بواری پەیوەندییەکاندا پێگەیشتن کە ئەمڕۆ بڕبڕەی پشتی ژێرخانی تەکنەلۆژیای وڵات پێکدەهێنن.

لە ڕۆژە سەخت و چارەنووسسازەکاندا، کۆڕەک تەنها چاودێر نەبوو؛ لە سەردەمی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و لە سەنگەرەکاندا، پشتیوانێکی دڵسۆز و ڕاستەقینەی پێشمەرگە بوو. گەیاندنی هێڵی پەیوەندی بە سەختترین ناوچە شاخاوییەکان، ڕۆڵی بەرچاوی لە پاراستنی گیانی پارێزەرانی نیشتماندا هەبوو. هاوکات لە تەنگژە و ڕۆژگارە هەرە دژوارەکاندا، هەمیشە وەک پاڵپشتێک لە تەنیشت حکومەت و خەڵکی کوردستان مایەوە و بەرپرسیارێتی نیشتمانی لەپێش هەموو بەرژەوەندییەکی دیکە دانا.

وەک ئەندازیارێک کە ساڵانێکی تەمەنم لەم دامەزراوەیەدا بەسەربردووە، کۆڕەک بۆ من تەنها شوێنی کار نەبووە، بەڵکو ماڵی دووەم و ناسنامەی پیشەییم بووە. ڕەنگە وەک هەر خێزان و کاروانێکی گەورە، هەندێک جار ڕەخنە و گلەییشمان هەبووبێت، بەڵام ئەمڕۆ لە کاتی تەنگانەدا لە هەموو کات زیاتر پشتوپەنای دەبین. سەرەڕای هەموو کەموکوڕی و گلەییەکان، ئێمە دەستبەرداری ئەو ماڵە نابین کە پێی گەیاندین و فێری کردین؛ بە ئیرادەوە بەرگری لە مانەوە و دەستکەوتەکانی دەکەین.

هەر هەوڵێک لەلایەن ناوەندەوە بۆ لێدان لە کۆڕەک، تەنها زیانگەیاندن نییە بە کۆمپانیایەک، بەڵکو لێدانە لە ژێرخانێکی نیشتمانی و لە قووتی هەزاران گەنج و ئەندازیار کە بە ماندووبوونی شەو و ڕۆژ ئەم تەلارەیان بنیاد ناوە. پاراستنی کۆڕەک، پاراستنی متمانەی گەنجان و وەفادارییە بۆ ساڵانێک لە هەوڵ و کۆڵنەدان.

Top