پەڕینەوە لە هێڵی سوور: هێرش بۆ سەر نوسینگەی کاک مەسرور بارزانی؛ زەنگێک کە بە ئیدانەکردن بێدەنگ نابێت

پەڕینەوە لە هێڵی سوور: هێرش بۆ سەر نوسینگەی کاک مەسرور بارزانی؛ زەنگێک کە بە ئیدانەکردن بێدەنگ نابێت


هێرشی درۆنی بۆ سەر نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاک مەسرور بارزانی، و ماڵی سەرۆکی دەزگای پاراستن و زانیاری / زانیاری، تەنیا بەئامانجگرتنی ڕەمز و ناوەندە باڵاکانی بڕیار لە هەرێم نییە، بەڵکو پەڕینەوەیەکی ڕاستەوخۆ و بێپەروایە لە هەموو هێڵە سوورەکان و ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە. ئەم جۆرە پەرەسەندنانە دەریانخست کە ئامانجی پەلامارەکان لە تاقیکردنەوەی ئارامگریی هەرێمەوە پەڕیوەتەوە بۆ هەوڵدان بۆ شڵەقاندنی بونیادی سیاسی و تێکدانی ئەو کەشە ئارامەی کە هەرێمی کوردستانی لە دەوروبەرەکەی جیاکردووەتەوە.
ناکرێت لە بەرامبەر پەلامارێکی لەم جۆرەدا دڵمان بە بەیاننامە و پەیامە سەرەکۆنەکارەکانی باڵوێزخانە و وڵاتان خۆش بکەین. دیپلۆماسییەتی ئیدانەکردن و دەربڕینی "نیگەرانیی قووڵ" نە بووەتە مەقەستێک بۆ بڕینی باڵی درۆنەکان و نە سنوورێکی بۆ بەبەردەوامیی ئەم دەستدرێژییانە داناوە. بەردەوامیی ئەم بێدەنگییە نێودەوڵەتییە یان بەسەرکردنەوەی ڕووداوەکان بە ڕاگەیەندراوی پرۆتۆکۆلی، بێباوەرکردنی ڕای گشتیی کوردستان و ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە لە ئاست جدییەتی هاوپەیمانان لە پاراستنی سەقامگیریی ئەم بەشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
کاتی ئەوە هاتووە مامەڵەیەکی حەکیمانە، کردارەکی و ئەقڵانی لەگەڵ ئەم واقیعەدا بپۆشرێت:
ڕێکاری یاسایی لەڕێی بەغداوە: دەبێت فشار لەسەر دەوڵەتی عێراق دروست بپڕێت تاوەکو لە ڕێگەی دەزگا یاسایی و دادوەرییەکانەوە بەرپرسیارێتیی پاراستنی سەروەریی ئاسمانی و خاکی وڵات بگرێتە ئەستۆ و ڕێگریی ڕیشەیی لە گرووپە یاخیکەرەکان بکات. ناچارکردنی بەغدا بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە دەستوورییەکانی، تەواوکردنی بەرپرسیارێتییە یاساییەکانێتی بەرامبەر بە پاراستنی هەموو هاووڵاتییان و دامەزراوەکانی هەرێم.
فشاری هەمەلایەنە لەسەر هاوپەیمانان: بەکارهێنانی کارتە دیپلۆماسییەکان بۆ ئەوەی وڵاتانی هاوپەیمان لە ئاستی ئیدانەکردنی زارەکی دەربچن و ڕێکاری کردارەکی بۆ پاراستنی ئاسمانی هەرێم و دابینکردنی سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوو بگرنە بەر. ناکرێت هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی ڕاستەقینە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر سەیر بپۆشرێت، بەڵام لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی درۆنی و مووشەکیدا بێ بەرگری بهێڵدرێتەوە.
یەکخستنی ناوماڵ و بڕیاری سیاسی: دروستکردنی هاوئاهەنگییەکی تۆکمەی ئەمنی و سیاسی لە ناوخۆی هەرێم، تاوەکو هەموو درزەکان دابخرێن و وەڵامێکی یەکگرتوو بۆ هەڕەشە دەرەکییەکان هەبێت. پاراستنی قەوارەی هەرێم پێویستی بە دابڕانە لە ناکۆکییە لاوەکییەکان و دروستکردنی بەرپەرچدانەوەیەکی نیشتمانیی بەیەکگەیشتوو هەیە.
پاراستنی ژێرخانی ئابووری و سەرمایەگوزاری: ئەم هێرشانە جگە لە ڕەهەندە ئەمنییەکەی، هەوڵێکیشبوون بۆ لێدانی ئابووریی هەرێم و ترساندنی وەبەرهێنەرە بیانییەکان. لەم سۆنگەیەوە، پێویستە ستراتیژییەکی تۆکمە بۆ پاراستنی ناوچە ئابووری و سەرمایەگوزارییەکان دابڕێژرێت تاوەکو سەقامگیریی بازاڕ و ڕەوتی پەرەپێدان زیانی پێنەگات.
ئەم ڕووداوە زەنگێکی هۆشیارکەرەوەی جدییە؛ ئەگەر ئەمڕۆ بە ئیرادەیەکی سیاسی و ڕێکاری یاسایی بنبڕ وەڵام نەدرێتەوە، تێپەڕاندنی هێڵە سوورەکان دەبێتە نۆرمێکی ئاسایی و باجەکەی بۆ داهاتووی هەرێم زۆر قۆرستر دەبێت. چاوپۆشین لەم دەستدرێژییانە، دەستکراوەیی زیاتر بە هێرشبەران دەبەخشێت تا بەربەستی زیاتر بشکێنن.

Top