هێرشی لەشکرێکی تێکشکاو.
مێژووی پڕ لە تراژیدیا و خوێنڕێژیی ناوچەکە شاهیدی ڕاستەقینەی ئەو ڕاستییەیە، کە دەسەڵاتدارانی تاران چەندە بە وردی و پیلانگێڕانە لە ڕابردوودا دەستیان لە وێرانکاری و چەوساندنەوەی گەلی کورددا هەبووە. ئەوان ئەندازیار و بەڕێوەبەری سەرەکیی کارەساتەکانی سەر گەلی کورد بوونە، دەستیان هەیە لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوەخۆ، تیرۆرکردنی سەرکردە کوردەکان، و تێکدانی شیرازەی سیاسی و ناو ماڵی کوردی.
هەر ئەوان بوون کە دەرگایان بۆ هێنانی ماددە هۆشبەرەکان و مەترسییەکانی داعش کردەوە، بڕینی مووچە و قووتی خەڵکی کوردستانیان کردە چەکی برسێتی، و لە ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆم و سەپاندنی دۆخی دوو ئیدارەییدا نەخشەی سەرەکییان گێڕاوە!
دەستی چەپەڵی ئەم ڕژێمە لە شەهیدکردنی کۆڵبەرە بێتاوانەکان، ئاوارەکردنی هەزاران هاووڵاتی کورد بەرەوهەندەران و کوشتنی ڕۆڵەکانی وەک ژینا ئەمینی و ژینا پێشڕەو دزەیی، و تاوانە هەمیشەییەکانی وەک هەڵواسین و لەسێدارەدانی گەنجان بە روونی دیارن و لە مێژوودا تۆمارکراون.
ئەمڕۆ، ئەم دەسەڵاتە دوای ئەوەی لە هەموو بەرە و مەیدانەکاندا لەبەردەم ئیسرائیل و ئەمریکادا تووشی دۆڕان و شکستی گەورەی ئابووری و سەربازی و سیاسی و سەرووەری بووە، وە دوای لەناوچوونی ئەو هەموو کەلەگا و سەرکردە توندوتیژەی کە چل ساڵە وەک مژۆکە خوێنی ئەم میللتانە بەتایبەتی کورد دەمژن، کەوتووەتە وێستگەیەکی تری شکستخواردوو.
ئەوان لە کاتێکدا لەژێر قورسایی قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی خۆیاندا دەتلێنەوە، هاتوون پەلاماری ماڵێک دەدەن کە بە خوێن و قوربانیدانی ئەنفال و کیمیاباران و خەباتی چەندین ساڵەی میللەتەکەما بنیات نراوە. هێرشی درۆنیی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر ئۆفیسی سەرۆکوەزیران بەڕێز (مەسروور بارزانی و بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن)، دەربڕینی ڕوونی ئەو عەقڵییەتە شکستخواردووەیە کە پێی وایە بە پەلاماری بێسەروبەر دەتوانێت شکستی ستراتیژیی خۆی بشارێتەوە.
ئەمە نیشانەی ترسنۆکیی ڕژێمێکە، کە لەبەرانبەر نەیارەکانیدا تووشی شکستێکی بێوێنە بۆتەوە لەناو مێژووی گەلانی ئێراندا!
مێژوو سەلماندوویەتی کە هێرشە دڕندەکان و پیلانە چەپەڵەکان هەرگیز ناتوانن ئیرادەی گەلێک بشکێنن کە مێژوویەکی لە قوربانیدان و سەروەری هەیە. ئەوانەی ئەمڕۆ بە درۆن پەلاماری ئارامی و سەقامگیری کوردستان دەدەن، دەبێت باش بزانن کە ئەم کردەوە گڵاوە تەنها پاشەکشەی زیاتر و ڕووخانێکی یەکجارەکی بۆ خۆیان بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چونکە ئیرادەی پۆڵایینی ئەم خاکە لە هەموو پەلامارێک بەهێزتر و نەبەزترە.

لافاو عوسمان