هێرشی درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر نووسینگەی تایبەتی بەڕێز سەرۆكی حکومەتی هەرێم ڕیسوا و ئیدانە دەکەین
هێرشی درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر نووسینگەی تایبەتی بەڕێز سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن ڕیسوا و ئیدانە دەکەین
جەماوەری خۆڕاگری کوردستان ...
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتی 17ی ئابی 2026 لەو دیوی سنووری ئێرانەوە بە درۆن هێرشكرایە سەر نووسینگەی تایبەتی بەڕێز کاک مەسرور بارزانی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام.
ئێمە لە یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، بە توندی ئەو هێرشە تیرۆریستییە ریسواو ئیدانەی دەکەین و، بە هەڕەشە و پێشهاتێکی مەترسیداری دەزانین بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان.
بێگومان بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکرایە کە هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك بەشێك نەبووە لەو شەڕ و ئاڵۆزی و گرژییانەی لە ناوچەكەدا روویانداوەو هەن، بۆیە ئەم جۆرە هێرشە ناڕەوایانە کە هیچ بیانوویەك هەڵناگرن، هەوڵدانە بۆ تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان.
هیچ کات هێرش و پەلامار نەیانتوانیوە ئیرادەی گەلی کوردستان بشکێنن، بەڵکو وایانکردووە گەلی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان سوورتر و خۆڕاگرتر بن لەسەر هەڵوێستە نیشتمانییەکان، لێرەوە وەک هەمیشە پشتیوانی خۆمان بۆ بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رادەگەیەنین و داواکارین کەوا هەموو لایەنە سیاسییەکان یەكڕیز و هاوهەڵوێست بین بۆ پاراستنی کوردستان لەهەر هێرش و دەستدرێژییەک.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
17ى ئابی 2026
