نێچیرڤان بارزانى ،سەرکردەیەکى بەهێز و دیپلۆماسییەکى بونیاتنەر ومتمانەپێکراو
گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى خاوەن خاک و نیشتیمان کەلتوور و ڕەسەن و دۆزێکى رەوا ، کەوتۆتە ناوچەیەکى پڕ ئاڵۆزى و ئاڵنگارییەوە ، لەو ڕووەوە ، بۆ ئێمەى کورد لەم بەشەى کوردستان کە خاوەن قەوارەیەکى دەستوور و یاسایین ، هەوڵدان بۆ خۆ بەدوورگرتن لە بەریەککەوتنى جەمسەرەکان و فەراهەمکردنى ژینگەیە کە تێیدا دڵنییایی و ئاشتى و ئارامى بۆ گەلەکەمان و هەرێمى کوردستان فەراهەم بێت و هەمیشە هۆکاریش بێت بۆ بەهێزبوون و ئاشتى ونەک ، تێوەگلان و شەڕ و هەڕەشە و مەترسییەکان ، ستراتیژییەکە کە لەمێژە سەرکردایەتى سیاسیی کوردستان و بەتایبەت نێچێرڤان بارزانى ، سەرۆکى هەرێمى کوردستان کارى لەسەرکردووە ئەوێش بەرێگەى هێزى نەرم و دیپلۆماسییەتێکى بونیاتنەر و جێگەى متمانە و ئینجا هەماهەنگى لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچەکە و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش لە پێناو وەدیهێنانى مافەرەواکانى گەلى کورد و چەسپاندنى شوناسى فەرهەنگى و سیاسى و وەک گەلێکى ئاشتیخواز لە ناوچەیەکى ئاڵۆزدا و پڕ کێشەدا ، ئەمەش تایبەتمەندى و گرنگییەکى زۆرى بۆ ستراتیژى هەرێمى کوردستان و گەلى کورد ، هەیە ، بەتایبەت ئەو شێوازە دیپلۆماسییەتە بزوێنەرە سەرکەوتووەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە سەر ئاستى ناوچەکە و جیهان و دیدارو گفتوگۆ و متمانەپێکردنە کەلەگەڵ سەرکردەکانى و گەورە بەرپرسان تاوتوێ دەکات
بەهەڵوەستەکردن لە سەر سەردانى نێچیرڤان بارزانى ، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ سووریا و ئەو شێوازە پێشوازییە گەرم و بێ وێنەیەى ئەحمەد شەرع سەرۆکى سووریا ، ئاماژەیە بە کاریگەرى و سەرکەوتنى ئەو دیپلۆماسییەتەى بارزانى و چنینەوەى ئەنجامەکانێتى ، بەتایبەتى ئاست و شێوازە پرۆتۆکۆڵییەکان و دانانى ئاڵا و رەمزەکان و دیدارى لووتکە و زمانى جەستە و گرنگى میدیایی و هەموو ئەمانە دەرخەر و ئاماژەیەکى روونن بۆ ئەو هەنگاوە دیپلۆماسییە و هێنانەدى ئەو ئامانجانەى کە بۆ کوردوکوردستان جێگەى ئومێدە
دیدار و بانگهێشتە فەرمییەکان لەسەر ئاستێکى بەرز لە ناوچەکە و جیهاندا ، دڵنییایی و پشتیوانییەکى بەهێزە بۆ قەوارەى هەرێمى کوردستان ، لە هەمانکاتیشدا بەهێزکردنى سەنگ وپێگەى کوردستان و بەهێزبوون و پەرەپێدانى پەیوەندییە دیپلۆماسى و سیاسى و ئابوورى و بازرگانییەکانە لەنێوان وڵاتانى ناوچەکە و کوردستان و لە هەمانکاتیشدا ، ئاماژەیە بە گۆڕانکارى لە هەڵوێستى سەرکردایەتى ئەو وڵاتانە بەرامبەر ئەو وڵاتانەى کە خاک و گەلى کوردیان بە زۆر پێوە لکاندووە و ئینجا نەتەوە کورد و دۆزەرەواکەى کە دەیان ساڵە نکۆڵى دەکرێت و هەوڵى پەراوێز خستنى دراوە و بەڵام نەیانتوانى
سیاسەت و دیپلۆماسى لە مێژینەى سەرکردایەتى سیاسى هەرێمى کوردستان و بەتایبەتى سەرۆکى هەرێمى کوردستا، لە سەر بنەماى ئاستى و ئاسایش و ڕێزگڕتن بووە لە دراوسێیەتى ، بەتایبەتى پەیوەندى بەهێز لەگەڵ گەل و نەتەوەکان ناوچەکە بووە ، ئەوەش بەو مانایە نییە کە گەلى کورد ئەگەر ماف و خاکى زەوتکراوى بۆ نەگەڕێتەوە ، هەموو رۆژێک ستەمکارى بەرامبەر بکرێت و شکۆمەندى و ئیرادەى پێشێڵ و بن پێ بکرێت ، ئەوا ناوچەکە دەتوانێت بە ئاشتى و سەقامگیرى بمێنێتەوە ، بەڵکو هەموو هەنگاوەکان لەسەر بنەماى هاوبەشییە لە ئاشتیخوازى و پێکەوەژیان ، ئەو کاتەى مافەکانى گەلى کورد مسۆگەر بوو ، دڵنیاییى و گەشە و خۆشگوزەرانى بۆ هەموو گەل ونەتەوەکانى دیکەش فەراهەم دەبێت
لەو دیدگایەوە ، سیاسەت و دیپلۆماسى نێچیرڤان بارزانى ،سەرۆکى هەرێمى کوردستان ، بەئاراستى ئاشتى و ئارامى و سەقامگیرى ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بووە ، چونکە کاتێک ڕێز لە دۆزى کورد دەگیرێت ، ئەوا حاڵەتى بەریککەوتن و گرژییەکان بە ئاراستى سەقامگیرى و دڵنییایی دەرۆن ، بەتایبەتى کە گەلى کورد و هەرێمى کوردستان خاوەن ئیرادەیەکى ئاشتیخوازانەبووە و هەرگیز باوەرى شەڕانگێزى نەبووە و بەدرێژایی مێژووییش هەمیشە شەڕى بە سەردا سەپێنراوە ، بۆیە هەمیشە خوازیارى ئەوە بووە کە وڵاتانى ناوچەکە بەهەمان هەڵوێست و شێواز مامەڵە لەگەڵ گەلى کورد و دۆزە رەواکەى بکەن
ئەوەى لە رابردوو و ئێستاشدا سەرۆکى هەرێمى کوردستان ، هەنگاو و کارى بۆ کردووە دیپلۆماسییەتێکى بونیاتنەرەانە لە سەر بنەماى ئاشتى و متمانە بووە ، بەشێوەیەک زۆر سەرکەوتووانە دۆز و ویستە رەواکانى گەلى کورد ، خستۆتە بەردەم کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بە واتایەى ، هەرگیز بەڕێگەى شەڕو کوشتن و وێرانکردن دۆزى کورد چارەسەر نابێ و بەڵکو بەردەوام هەم کورد و هەمیشە ناوچەکە ڕووبەڕووى شەڕو وێرانکارى و گرژى دەبێتەوە و هەمووان تێیدا زەررمەند دەبن ، بەتایبەتى هەوڵەکانى سەرکردایەتى سیاسى کورد لە پێناو چارەسەرى ئاشتیانە و ڕێگریکردن لە ڕشتنى خوێن و وێرانکارى ئاماژەیەکى روون و دیارە بەوەى دۆزى کورد تەنها بەڕێگەى ئاشتى نەک شەڕ چارەسەرى هەیە
بۆیە، هەوڵە بەردەوامەکانى سەرکردایەتى سیاسى کوردستان و بەتایبەتى نێچیرڤان بارزانى ، لەو چوارچێوەیەدا بووە کە ، جگە لە دیپلۆماسیەت و گفتوگۆ هیچ ڕێگە چارەسەرییەکى دیکە نییە ، شەڕیش تەنها زیانى گیانى و ماددەى گەورەى زیاتر بەدواى خۆیدا جێدەهێڵێت ، بەتایبەتى بەردەوامى پرۆسەى ئاشتى نێوان پەکەکە و حکوومەتى تورکیا و هەوڵەکان بۆ چارەسەرى ئاشتیانە و ئینجا لە سووریایش بەهەمان شێوە پێدانى ناسنامە و ڕەگەزمانە بە گەلى کورد ، دواى چەندین ساڵ پێشێڵکردنى سەرەتایترین مافەکان ئاماژەیە بە دانپێدانانى سیاسى و یاسایی بە مافەکانى گەلى کوردو ئەوەش هەنگاوى باشى بڕیووە ، هۆکارەکەشى بۆ سەرکەوتنە سیاسى و دیپلۆماسییەى سەرۆکى هەرێمى کوردستانە دەگەڕێتەوە کە ڕاستەڕێرێکى بەرەو چارەسەرى و متمانە و دڵنییایی
راستە کاروانى خەباتى سیاسى و دیپلۆماسى کوردستان ، ڕێگەى سەختى بڕیووە ، هەنگاویی زۆریشى ماوە ، وێراى هەموو ئەو ناکۆکییە سیاسییە ناوخۆییانە ،بەڵام هەرێمى کوردستان ، قۆناغى گرنگ و باشى لە سەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتى بڕیووە بۆ بونیاتى دیپلۆماسییەتێکى بەهێز کە ئەندازیارەکەى بارزانی بووە ، هەموو ئەو ئاڵنگارى و کۆسپانەى کە مەرامیان ڕاوستاندن و بەڵارێدا بردنى ئەو کاروانە سەرکەوتووە بوو نەیانتوانى پێش بە سەرکەوتنى دیپلۆماسى کوردستان بگڕن

رێبوار حەمەلاو شوانی