لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی؛ هیوای نوێ، نەک ترسی کۆن

لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی؛ هیوای نوێ، نەک ترسی کۆن

 

با کەمێک ئاوڕ بدەینەوە؛ کام کێشەی گەورە و ئاڵۆز لە مێژوودا هەبووە کە بە گفتوگۆ و ئاشتی چارەسەر نەبووبێت؟ بێگومان هیچ کێشەیەک نییە. ڕێک لەم کاتەدا کە ناوچەکە لەناو دەریایەک لە ململانێ و ناسەقامگیریدایە، ئەندازیاری ئاشتی لە سووریایە. ئەم سەردانە لە ناو جەرگەی ئاڵۆزییەکاندا، هەوڵێکە بۆ هێنانی ئارامی، پەیامێکە کە دەڵێت زمان و لێکتێگەیشتن هەمیشە بەهێزترن لە چەک.

ئەم دیدارە بە پێشوازییەکی زۆر تایبەت دەستی پێکرد. شەکاندنەوەی ئاڵایەکی بەرزی کوردستان لە کۆشکی گەل، تەنها ڕێوڕەسمێکی ئاسایی نەبوو. ئەم دیمەنە لە نێوان فەرمیبوون و سادەییدا، نیشانەی پێگەی بەرز و هێزی دیپلۆماسیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. ئەم پێشوازییە دەیسەلمێنێت کە هەولێر هەمیشە پردێکە بۆ گۆڕینی ناکۆکییەکانی ڕابردوو بۆ دۆستایەتی ئێستا.

ئەمە یەکەمین سەردانە دوای دەستپێکی حکومەتی نوێی سووریا. کورد بەشێکی سەرەکییە لەم گۆڕانکارییەدا؛ چونکە داڕشتنەوەی حکومەتی نوێی سوریا بەبێ مافەکانی کورد لە دەستوری سوریادا، لە جیاتی سەرکەوتن رەنگە شکست بەدوایدا بهێنێت. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت بێبەشبوونی کۆن بگوڕێت بۆ پشتگیریی نوێ بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووردا.

کورد لەم هاوکێشە نوێیەدا خاوەن پێگەیەکی زۆر بەهێزە و دەتوانێت بە تەواوی سوود لەم دەستپێشخەرییە وەربگرێت. پێکەوەبوونی مێژوویەکی هاوبەش و هاوسێیەتی، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی کورد وەک هێزێکی کاریگەر بەشداربێت لە گەشەپێدانی بازرگانی و پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان. ئەم هاوبەشییە ئاشتیانەیە نەک تەنها دوورەپەرێزی لادەبات، بەڵکو دۆخی دارایی ناوچەکە لە سستییەوە بەرەو بووژانەوەیەکی بەهێز دەبات.

ئەمڕۆ هەموو جیهان چاویان لەسەر هەنگاوی ئەو سەرکردانەیە کە دۆخی ناوچەکە لە شەڕەوە بەرەو ئاشتی دەبەن. ئەم دیدارە مێژووییەش کە نێچیرڤان بارزانی تێدایە، ڕێک هەمان ئەو پەیامە جیهانییەیە کە دەیەوێت ئاڵۆزییەکان کۆتایی پێبهێنێت و لاپەڕەیەکی نوێی ئارامی بونیاد بنێت.

لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی؛ هیوای نوێ، نەک ترسی کۆن
Top