ئەدەب و بەرپرسیارێتی لە گوتاری گشتیدا : ڕامانێک لە پەندەکەی مامۆستا عەبدولکەریمی مدرس
لە مێژووی فكر و ڕۆشنبیریی گەلاندا، (ئەدەب) تەنها چەمکێکی سادە نەبوو ، بەڵکو ستوون و ڕاگر بوو بۆ مانەوەی شەرعییەت و کەرامەتی هەر جۆرە گفتوگۆیەکی گشتی. کاتێک گوتاری گشتی یان سیاسەت خاڵی دەبێتەوە لە ئەدەب و ڕێز ، ئەوا لە ئامرازێکی چاکسازی و بونیادنانەوە دەبێتە وەسیلەیەک بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە.
زانا و عارفی گەورەی کورد ، مامۆستا عەبدولکەریمی مدرس، لە چەند دێڕە هۆنراوەیەکی پڕ مانادا، چەمکی ئەدەب و پەیوەندیی بە حیکمەت و گەورەیییەوە دەستنیشان دەکات و دەفەرموێت:
ئەدەب وەسفێكه هەربوومەرد نەشێ
نامەرد ئەدەبی قەد لێ ناوەشێ
دووربه لەو کەسەی لەئەدەب دووره
مالی بێ ئەدەب مالی بێ نووره
1- ئەدەب نیشانەی ڕەسەنایەتی و بەرپرسیارێتی :
مامۆستا مدرس لە دێڕی یەکەمدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەدەب ، سیفەتێکە تەنها شایستەی کەسانی ڕەسەن و خاوەن بەرپرسیارێتییە (مەرد). کەسێک کە بڕوای بە بونیادنان و خزمەت هەبێت ، هیچ کات پەنا ناباتە بەر زاراوەی نزم و تۆمەتبەخشینەوە و زمان پیسی. چونکە ئەوانەی خاوەن فكر و پڕۆژەی ڕاستەقینەن ، قسەکانیان بە بەڵگە و ڕێزەوە دەڕازێننەوە ، نەک بە هاوار و بێڕێزی.
2- جیاوازیی نێوان ڕەخنەی بونیادنەر و ڕەفتاری بێئەدەبانە :
مافی بەکارهێنانی وتار و ڕەخنە ، دەرفەتێکە بۆ باشترکردن و چاکسازی ، نەک بۆ ڕوخاندن و سووککردنی بەهاکان. کەسانێک کە لە بنەمای ئەدەبی کۆمەڵایەتی و سیاسی دووردەکەونەوە و دروشمی تێکدەرانە بەکار دەهێنن ،
لە جیاتی خزمەت ، ئاڵۆزی بەرهەم دەهێنن ، کاتێک گوتارێک تەنها لەسەر پەلاماردان و بێڕێزیکردن دامەزرا بێت ، توانای چاکسازیی لەدەست دەدات.
ڕوخاندن به قسه ئاسانە ، بەڵام بونیادنان حیکمەتی دەوێت ، هاوارکردن لەسەر دروشمی تێکدان و ڕوخاندن نیشانەی هێز نییە ، بەڵکو نیشانەی دەستەوسانییە لە پێشکەشکردنی چارەسەری ئەرێنی و زانستی.
3- (ماڵی بێ ئەدەب ماڵی بێ نووره) لە بڕگەی کۆتایی هۆنراوەکەدا، مامۆستا داوا لە تاکی وشیار دەکات کە دوور بێت لەوانەی لە ئەدەب دوورن. چونکە هەر ماڵ ، پەیام ، یان ڕەوتێک ئەدەبی تێدا نەبوو ، (نوور) و ڕووناکیی تێدا نییە. تاریکییەکی فکرییە کە هیچ داهاتوویەکی گەش و ئارامی لێ بەرهەم نایه ت.
کۆمەڵگەی وشیار و تاکی تێگەیشتوو ، خاوەنی ئەو توانایەیە کە جیاوازی بکات لە نێوان کەسانی خاوەن ئەدەب و خەمخۆری ڕاستەقینە لەگەڵ کەسانی دروشمباز و بێئەدەب. گوتاری دروست ئەوەیە کە لەسەر بنەمای حیکمەت ، ڕێز و بونیادنان بێت ، هەر پەیامێک لە ئەدەب خاڵی بووەوە ، خۆی لە خۆیدا پووچبوونەوەی ناوەڕۆکەکەی دەسەلمێنێت.

لوقمان عوسمان گە ڵاڵی