سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: داوام لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کردووە، نابێ نرخی لیتری بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە 850 دینار زیاتر بێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: داوام لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کردووە، نابێ نرخی لیتری بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە 850 دینار زیاتر بێت.

 

 

داوایان کردووە لە حکومەتی عێراق پشکی سووتەمەنیی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی رێژەی دانیشتووان لە 50 هەزارەوە بۆ زیاتر لە 126 بەرمیلی رۆژانە زیاد بکات. راشیگەیاند، داوای لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کردووە، نابێ نرخی لیتری بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە 850 دینار زیاتر بێت.

مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ 27ـی تەممووز کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی ئەنجامدا، تێیدا ئاماژەی بە دۆخی ناوچەکە بەگشتی، نێوخۆ و نرخی بەنزین کرد و گوتی، دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری نۆرماڵ بەردەوام دەبێت و داوای کردووە، پێداچوونەوە بە نرخی بەنزینەکانی سووپەر و موحەسەن بکرێت.

سەرۆکوەزیران: پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوت 126 هەزار بەرمیلە

لەبارەی نرخی بەنزینەوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "لەم ماوەیە نرخی بەنزین و سووتەمەنی زیاد کرا، ئەمە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شەڕ و گرژییەی لە ناوچەکەدا هەیە، کە نرخی نەوت لە جیهان بەرزبووەوە، بێگومان کاریگەری لەسەر نرخی نەوت لە نێوخۆش دەبێت، تێچووی دەرهێنانیش وەکو خۆی ماوەتەوە، ئەو قەیران و ئاڵۆزییەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، بە دڵنیاییەوە کاریگەریی لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش کردووە".

مەسروور بارزانی گوتی، "کاتێک نرخی سووتەمەنی زیاد دەکرێت هاووڵاتییان داوای دابەزینی نرخ دەکەن، ئێمە هەوڵمان بۆ داوە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی تێروتەسەلمان هەبوو لەسەر ئەوەی بزانین باشترین نرخ بۆ هاووڵاتی چەندە کە واقیعی بێت لەگەڵ دەرهێنانی نەوت و تێچووەکەی".

سەرۆکوەزیران گوتی، "خەڵکێکی زۆر قسە دەکەن بێ ئەوەی داتاکانیان لایان بێت، من هەندێک خاڵ دەخەمەڕوو بۆ ئەوەی بۆ خەڵک دیار بێت؛ لە هەرێمی کوردستان تێچووی دەرهێنانی نەوت لەسەر کۆمپانیاکانە، حکومەتی فیدراڵی بە ملیاران دۆلار لە نەفەقاتی سیادی بۆ تێچووی نەوت تەرخان دەکات، بەڵام بەداخەوە هەرێمی کوردستان سوودمەند نییە لە هیچ یەکێک لەو تێچووانەی دابین دەکرێت، تێچووەکان هەموویان دەکەونەوە ئەستۆی حکومەتی هەرێم، ئەویش ناچارە بەگوێرەی رێککەوتنەکان ئەو تێچووە لەگەڵ کۆمپانیاکان دابین بکات، بۆیە نرخی سووتەمەنی ئەوە نییە بڵێی زیاترە لە عێراق بەڵام عێراق هەژماری ناکات، بە پێچەوانەوە بە ملیاران دۆلار زیانمەند دەبێت کە سووتەمەنی دابین بکات".

مەسروور بارزانی گوتی، "داوامان کردووە بەگوێرەی رێژەی خۆمان پشکی سووتەمەنیمان هەبێت، حکومەتی عێراق ئێستا یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ دەداتە هاووڵاتییان، بەگوێرەی رێژە بێت کە تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق بە رێژەی 12.6 مامەڵەمان لەگەڵ دەکات، 126 هەزار و 700 بەرمیل نەوت بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت [رۆژانە]، کە رێژەیەکە و دەبێت خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەوەیان لەبەردەست بێت، بەڵام بەداخەوە حکومەتی پێشووتر لە بەغدا ژمارەیەکیان بەسەردا سەپاندین کە گوتیان ناتوانن 50 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر بۆ نێوخۆ بەکاربهێنن، ئەمە هیچ دادپەروەرییەکی تێدا نییە، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی قسە دەکەین، بۆ ئەوەی رێژەکە راستبکرێتەوە".

سەرۆکوەزیران بۆ حکومەتی عێراق: رێگە بدەن سووتەمەنی بۆ نێوخۆ زیاد بکەین یان خۆتان بینێرن

مەسروور بارزانی گوتی، "رێژەی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ نێوخۆی هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنین، یان ئەوەیە رێگە بدەن بەرهەمی نێوخۆ بۆ سوودی نێوخۆ زیاد بکرێت، یان حکومەتی فیدراڵی ئەو 70 هەزار بەرمیلە کە ماوە ئەگەر دەتوانن بۆمان بنێرن، بێگومان کاریگەریی زۆر دەکات لە دابەزینی نرخ و پێداویستیی سووتەمەنیی خەڵک، ئەوەی هەیە لە هەرێمی کوردستان کەمترە لەو بڕەی خواستی لەسەرە، پێشتر لە دەرەوە هاوردە دەکرا، بەڵام ئێستا کە نرخەکان زیاد بوون کاریگەری کردووەتە سەر نرخ لە هەرێمی کوردستانیش".

لەبارەی نرخی ئەمڕۆی بەنزینەوە مەسروور بارزانی گوتی، "هەوڵمان داوە خەڵکی کوردستان زیاتر لە هەموو کەسێک سوودمەند بن، بۆیە داوامان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کردووە پێداچوونەوە بە نرخەکاندا بکەن، نرخی حکومەت بۆ بەنزینی نۆرماڵ بە رێژەیەکی دیاریکراو 750 دینار دەبێت و بازرگانییەکە لە 850 دینار تێنەپەڕێت، بۆ بەنزینی سووپەر و موحەسەنیش داوام کردووە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان قسەیان کردووە، پێداچوونەوەیەک بکەن، چونکە دیارە لە بازاڕ ئەو جۆرانەی بەنزین وەکو پێویست نییە، پێداچوونەوە بکەن و چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەم کێشەیەش بکرێت".

سەرۆکوەزیران: بەشێکین لە شەڕی ناوچەکە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە دۆخی ناوچەکە کرد و گوتی، "گرژی و شەڕ و پێکدادان لەم ناوچەیە تاوەکو ئێستا بەرەو کۆتایی نەچووە، ئەوەش لە هەموو ناوچەکە دڵەڕاوکێی دروستکردووە و ئێمەش بەشێکین لەو دۆخە، بەڵام هەڵوێستمان روونە و ئێمە بەشێک نین لە هیچ شەڕ و تووندوتیژییەک".

مەسروور بارزانی گوتی، "سوپاسی خۆڕاگری و هەڵوێستی خەڵکی کوردستان دەکەم، کە لە دۆخەکە تێدەگەن و بەردەوام پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئێمەش هەرچیمان پێ بکرێت درێخی ناکەین و لە هەموو کەس زیاتر پەرۆشی خەڵکین، دەزانم ئێستا ژیانێکی کەمێک ناخۆشتر و دژوارتر هەیە، نرخەکان بەرزبوونەتەوە و چەندین کێشە و قەیران ناوچەکەی گرتووەتەوە، کە هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە قەیرانەکانی تێدایە".

مەسروور بارزانی: ئامادەین یارمەتیی حکومەتی عێراق بدەین

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کرد و گوتی، "جارێکی دیکە دووپاتی دەکەمەوە، کە پشتیوانیی حکومەتی ئێستای بەغدا بە سەرۆکایەتیی بەڕێز عەلی زەیدی دەکەین. بەشدارییەکی کارای ئەو حکومەتەمان کردووە و بەردەوام دەبین لە پشتیوانیی سیاسەتی ریفۆرم و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و باشترکردنی دۆخی ئابووری لە عێراق، کە بەداخەوە عێراقیش وەکو وڵاتانی ناوچەکە بە قەیرانێکی تووند و گەورەدا تێپەڕ دەبێت بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز. ئامادەین بە هەموو شێوەیەک یارمەتیی حکومەتی عێراق بدەین".

مەسروور بارزانی گوتی، "هەوڵی جیددیمان هەیە لە بابەتی چارەسەرکردنی بازرگانی و کێشەی ئەسیکۆدا، کە تاوەکو ئێستا ماوە، بەڵام چارەسەرییەکان خەریکن بە ئەنجام دەگەن، ئەمە یارمەتیی بازرگانی و زیادکردنی داهات لە هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق دەدات".

سەرۆکوەزیران: بەغدا 120 ملیار دیناری وەکو داهات سەپاندووە

مەسروور بارزانی گوتی، "بۆ دابینکردنی مووچە لەکاتی خۆی بەردەوام لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر هێڵ بووین، هەرچەندە لەسەر بڕیارێکی پێشووتر 120 ملیار لەسەر هەرێمی کوردستان سەپێندراوە، کە دەبێت حکومەتی هەرێم ئەو بڕە پارەیە دابین بکات، کاتێک داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بەشی ئەوە بکات، ئێمە هەمیشە پابەند بووین بەو ئەرکانەی لەسەرمان بووە، بەڵام بازرگانی نەمێنێت، داهات لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان کەم بێتەوە بێگومان کاریگەری لەسەر داهاتی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەو پابەندییەش وادەکات کە حکومەتی عێراقی پێویستە پێداچوونەوە بەو بڕیارەی پێشووتر بکات، بۆ ئەوەی هەردوولامان بتوانین یارمەتیی یەکدی بدەین. چارەسەری ئێمە ئەوەیە داهاتەکان زیاد بکرێن بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم بتوانێت نەک 120 ملیار، زیاتریش یارمەتیی حکومەتی عێراق بدات، بەڵام ئەمە هاوکاریی دوولایەنەی پێویستە".

مەسروور بارزانی بەمشێوەیە ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کرد، "هاوئاهەنگیی زیاتر لە رووی ئەمنی و سیاسییەوە لەگەڵ عێراق هەیە و کێشەکان بەرەو نەمان دەچن، هیوادارین داهاتوو زیاتر بتوانین هاوکاریی یەکدی بکەین، ئێمە لەو پەیوەندییە رازین".

سەرۆکوەزیران: کاراکردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئەستۆی حیزبەکانە

مەسروور بارزانی ئاماژەی بە دواکەوتنی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کرد و گوتی، "نزیکەی 20 مانگە هەڵبژاردنمان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهاتووە، حکومەت حکومەتی خەڵکە و پەرلەمانیش پەرلەمانی خەڵکە، پێمان وایە کاراکردنەوەی پەرلەمان و دروستکردنی حکومەت پێشی هەموو کەسێک لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندایە، بەڵام بەرپرسیارێتیی سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو لایەنانەی وەکو نوێنەری خەڵک دەنگی خەڵکیان هەیە. داوا ئاراستەی هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەم کە خۆیان بە بەرپرس لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەزانن بێنە پێشەوە، بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانین پەرلەمان کارا بکەینەوە و حکومەت پێکبهێنین لە ئاست چاوەڕوانیی خەڵکی کوردستاندا بێت".

"سیستمی کارەبا کێشەی نییە و کەمبوونەوەی بەهۆی بەرهەمهێنانی گازە"

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە دۆخی کارەبا کرد و گوتی، "لەم ماوەیەدا هەندێک قەیران هەن پێویستە باسی بکەم، یەکێکیان بابەتی کارەبایە، بەردەوامین لەسەر بەڵێنی خۆمان کە کارەبای 24 کاژێری بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکەین، پرۆژەکە بەشێوەیەکی رێکوپێک و باش بەڕێوەدەچێت، لێرە کێشەیەک هەیە بۆ دابینکردنی گاز، کە سەرچاوەی سەرەکییە بۆ دابینکردنی کارەبای هەرێمی کوردستان، گازی ئێمە لە کۆمپانیای دانەگاز لە کۆرمۆر دابین دەکرێت، لەم ماوەیە بەهۆی هەندێک مەترسیی ئەمنی، کۆمپانیا یەک لایەنانە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی گازی دەرکردووە".

مەسروور بارزانی دەڵێ، کەمکردنەوەی گاز هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانە. راشیگەیاند، "پرۆژەی کارەبا خۆی هیچ کێشەیەکی نییە، تەنیا بەهۆی دابینکردنی گاز کێشەیەکی تێکەوتووە، کە من هیوادارم و هەوڵمان داوە ئەو قەیرانەش لە رۆژانی داهاتوو بەرەو چارەسەری بچێت".

Top