بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ ٧ کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ ٧ کەس گیانیان لەدەستدا

 

 

بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە پارێزگای پەنجاب لە پاکستان، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

دەسەڵاتدارانی پارێزگای پەنجاب لە پاکستان ڕایانگەیاند: کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم ٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی داون نیوز، باران بارینی بەخوڕ لەو ویلایەتە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانی پەکخستووە.

دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی پەنجاب لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٠ کەسیش برینداربوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ژمارەیەکی زۆر لە باڵەخانەکان زیانیان بەرکەوتووە و بەشێکی ئاژەڵیش گیانیان لەدەستداوە.

بەڵام سەرەڕای بەردەوامی بارانبارینی وەرزی، ئاستی ئاوی ڕووبارە سەرەکییەکانی ویلایەتەکە لە سنوورێکی ئاساییدایە و لە ئێستادا هیچ مەترسییەکی جددی لافاو نییە.

هەروەها ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، کە لە سەرەتای بارانبارینی وەرزیەوە تا ئێستا ٢٢ کەس لە سەرانسەری پارێزگای پەنجاب گیانیان لەدەستداوە و ١٨٣ کەسیش برینداربوون.

بارانبارینی وەرزی کە لە مانگی حوزەیران تا مانگی ئەیلول لە باشووری ئاسیا هەموو ساڵێک بەردەوام دەبێت، دەبێتە هۆی کارەساتی سروشتی و ڕووداوی بەربڵاو لە وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی هیندستان و پاکستان.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top