گرنگیی تەندروستیی حەسانەوەی ئاوخواردنەوە لە یاریی تۆپی پێدا

گرنگیی تەندروستیی حەسانەوەی ئاوخواردنەوە  لە یاریی تۆپی پێدا

حەسانەوە بۆ ئاوخواردنەوە Hydration break كە بە زۆرەملێ لە یارییەكانی تۆپی پێدا ئەنجام دەدرێت، لە لایەن فیدیراسیۆنی نێودەوڵەتیی یەكێتیی تۆپی پێ FIFA لە 7ی كانونی یەكەمی ساڵی 2025 بڕیاری لەسەر دراوە، كە بریتییە لە دوو جار ڕاگرتنی یاری لە لایەن ناوبژیانەوە بۆ ماوەی سێ خولەك بە مەبەستی خواردنەوەی ئاو یان شلەمەنیی دیكە، كە گرنگن بۆ ڕێگرتن لە وشكبوونەوەی لەش Dehydration یان كەمبوونەوەی ڕێژەی شلەی لەش، جارێكیان لە ناوەڕاستی نیوەی یەكەم و جارێكیتر لە ناوەڕاستی نیوەی دووەمی یاریدا. حەسانەوە بۆ ئاو خواردنەوە، هەنگاوێكی زۆر گرنگە بۆ پاراستنی یاریزان لە سترێسی گەرما، دواخستنی هەستكردن بە شەكەتی و ماندووبوونی جەستەیی، هەروەها كەمكردنەوەی ئەگەری ئازاری ماسوولكەكان. سوودە تەندروستییەكانی دیكەی حەسانەوە بۆ ئاوخواردنەوە: بەخشینی هەستی فێنكبوونەوە بە دابەزاندن یان ڕێكخستنەوەی پلەی گەرمیی لەش، قەرەبووكردنەوەی كانزا گرنگەكان (ئێلیكترۆلایەتەكان Electrolytes)، چەوربوونەوەی جومگەكان و ئاسانكردنی جووڵە، هەروەها خۆپاراستن لە گرفتەكانی ماسوولكەی پەیوەست بە یاری.

 

Top