هەولێر یاریزانێكی كۆنی خۆی كردە ڕاهێنەر
هەولێر یاریزانێكی كۆنی خۆی كردە ڕاهێنەر
دەستەی كارگێڕیی یانەی وەرزشیی هەولێر دوای چەندین كۆبوونەوە بۆ هێنانی ڕاهێنەرێكی تازە بۆ سەرپەرشتی كردنی مەشقی یانەكە لە هەردوو خولی بژاردەكانی عێراقی و جامی كەنداو، دواجار یانەكە لەگەڵ هەریەك لە باسم قاسم و عەدنان حەمەدی ڕاهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی ئوردەن و ژمارەیەك ڕاهێنەری تری جۆراوجۆر كۆبووەوە بۆ ئەوەی بتوانێ تیپەكەی بدەتە دەست ڕاهێنەرێك بۆ ئەوەی یانەی هەولێر لە قۆناغێكی گرینگدا ببینێ، لەم ناوەشدا دواجار یانەكە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی یانەكە بڕیار درا لوئەی سەلاحی یاریزان و ڕاهێنەری پێشووی یانەكە بەفەرمی ببێتە ڕاهێنەری یانەی هەولێر، ئەم ڕاهێنەرە وەرزی ڕابردوو ڕاهێنەرایەتی یانەكانی زەورا و مینای كردەوە و ئێستاش سەرپەرشتی مەشقی یانەی جەنگاوەرانی قەڵای هەولێر دەكات. لە ئێستادا یانەكە سەرقاڵی هێنانی یاریزانان و تازە كردنەوەی گرێبەستی بەشێك لە یاریزانانن، چونكە یانەكە زیاتر لە یازدە یاریزانی لە تیپەكە نەماون و دەبێت لوئەی سەلاح تیپێكی بەهێز لە یاریزانانی عێراقی و پیشەگەر و كوردی یانەكە دەست نیشان دەكات بۆ ئەوەی ئەمساڵ وەكو ساڵی ڕابردوو نەكەن بە زوویی تیپەكە ئامادە بكەن و بتوانن ناوی یانەی هەولێر بە گەورەیی بهێڵنەوە، كارگێڕیی هەولێر محەمەدخالدی لە یانەی كەرخ گواستۆتەوە و گرێبەستی هەریەك لە یاریزانان نیاز محەمەد و سەفین مەنسور و ئاكۆ عوزێر نوێ كردۆتەوە، چاوەڕێ دەكرێت لە ڕۆژانی داهاتوو گرێبەستی چەندین یاریزانی تریش ڕابگەینن.
