نێچیرڤان بارزانی؛ نەخشەسازێکی دیپلۆماسی لە گەردەلوولی ململانێکاندا
لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ناڕوونی و گۆڕانکارییە سیاسییە خێراکاندا تێدەپەڕێت، نێچیرڤان بارزانی توانیویەتی وەک دیپلۆماتکارێکی سەرکەوتوو و سەرکردەیەکی پراگماتیک، هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە زیندوویی بهێڵێتەوە. بەخشینی مێدالیای "ئەستێرەی ئیتاڵیا بە پلەی سوارچاکی خاچی مەزن" بە ناوبراو، تەنها ڕێزلێنانێکی ئاسایی نییە، بەڵکو ددانپێدانانێکی قووڵی جیهانییە بەو ڕۆڵە بێ وێنەیەی کە لە هاوسەنگکردنی پەیوەندییەکاندا دەیگێڕێت.
ئەم مەدالیایە کە لە ساڵی ١٩٤٧ دامەزراوە، باڵاترین خەڵاتی کۆماری ئیتاڵیایە بۆ کەسایەتییە بیانییەکان و بۆ کەسانی وەک نێچیرڤان بارزانی تەرخان کراوە کە کاریگەرییان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەیان و ئیتاڵیا هەبووە. سەرکەوتنی نێچیرڤان بارزانی لەوەدایە کە توانیویەتی لە جیهانێکی پڕ لە ململانێی بەرژەوەندییە دژبەرەکاندا، سیاسەتێکی میانڕەو و هاوسەنگ پەیڕەو بکات. ئەو نەک هەر پردی پتەوی پەیوەندییەکانی لە بوارە ئەمنی، سەربازی، کولتووری و مرۆیییەکاندا دروست کردووە، بەڵکو توانیویەتی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی جێی متمانە لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پیشان بدات.
بە کورتی، نێچیرڤان بارزانی بە دیدگا دیپلۆماسییە سەردەمیانەکەی خۆی، جیهانی سەرسام کردووە. ئەم ڕێزلێنانە نیشانەیەکی دیپلۆماسی ڕوونە بۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان خاوەنی سەرکردەیەکە دەتوانێت لە ئاستی ئەوروپا و ناوچەکەدا، هاوسەنگییەکان بە ژیرانە ڕابگرێت و ڕۆڵێکی کاریگەر لە سەقامگیری و گەشەپێداندا بگێڕێت.

سەنار شێرۆكی