د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان: نووسینەوەی مێژوو بۆ گەلێکی بێدەوڵەت و دەستگرتنی نەوەکان بە دەستکەوتەکانی دوێنێوە زۆر گرنگە

د.سالار عوسمان  بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:     نووسینەوەی مێژوو بۆ گەلێکی بێدەوڵەت و دەستگرتنی نەوەکان بە دەستکەوتەکانی دوێنێوە زۆر گرنگە

 

 

لە ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی حەوتەمین كتێبی بازنەی گفتوگۆ، د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیڤێكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد، تیایدا وێڕای بەخێرهاتنی گەرمی میوانەكان، جەختی لەسەر میتۆدی كاركردنی «بازنەی گفتوگۆ» كردەوە و ئاماژەی بەوە دا، ئامانجی ئەم پلاتفۆرمە كراوەیە ئەوەیە كە كۆی جیاوازییەكان پێكەوە گرێ بداتەوە و سەكۆیەك بێت بۆ ئەوەی هەموومان، خەمەكانی ئەم نیشتمانە بە ئەرك و بەرپرسیاریەتیی سەرشانی خۆمان بزانین.

سەبارەت بە كارەكانی بازنەی گفتوگۆ و ئەو بەرهەمانەی لە ماوەی سێ ساڵ و نیودا پێشكەشی كردوون، د.سالار عوسمان بەم جۆرە هاتە ئاخافتن:

شانازی دەكەین كە بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیوە وەك تاكە پلاتفۆرمی گفتوگۆ لە هەموو كوردستان بەردەوام جیاوازییەكان كۆ دەكەینەوە، بیروڕاكان لێك گرێ دەدەین، بیروڕا جیاوازەكان دەخەینە نێو پەیڤ و ڕستە و گۆڤار و كتێبەوە و دەمانەوێ هەموو جیاوازییەكان بە نیشتمان و نەتەوە و پرسە گەورەكان بسپێرین. شانازی دەكەین، هەر قسە نا، بەڵكو لە ڕێگەی تۆمار و بەڵگەكاری و دۆكیومێنتارییەوە، حەوت كتێب بە دوو زمانی زیندوو( كوردی و عەرەبی) دەخەینە نێو خەرمانەی كتێبخانەی كوردی و ئەپارتمانی وشەی كوردی باڵاتر دەكەین.

شانازی دەكەین، لەگەڵ هەموو ئالنگاری و بەربەست و هێرش و هەڕەشەكان، پلاتفۆرمی بازنەی گفتوگۆ یەك ڕۆژیش دوا نەكەوتووە و كاتژمێرێك لە چاپكردن سارد نەبووەتەوە و ئەمڕۆ لە نێو گەرمەی هاوین و گرژیی سیاسیی كوردستان و عێراق، هەموومان بەیەكەوە گوێ لە جیاوازییەكان دەگرین.

شانازی دەكەین، كوردستان و شەڕەكانی لە هەر كوێیەك بن، ئێمە بەرگریكارێكی لۆژیكی و عاقڵانەین بۆ بەرگری و بەرقەراریی هەرێمی كوردستان و بەردەوام لەوە تێدەگەین، ئەم شەڕە درێژە مێژووییە چییە بە هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەفرۆشرێتەوە. هەمیشە ئێمە لە چیاوە، لە سەروەریی لووتكەوە سەیری بنار و شەڕەكانی بنار دەكەین و لەو بەردە پۆخلانە تێدەگەین كە دەكەونە نێو دەریای سپیی ڕێبازی بارزانی. شانازی دەكەین پەیڤێك بین، ڕستەیەك بین، پەرەگرافێك بین، دەقێك بین لە بەرگری لە خوێنی شەهیدان و ڕەنجی بەرهەمداری پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان.

ئێمە كە باسی شانازی دەكەین، ملیۆنان وشە و هەزاران ڕستە و حەوت كتێب بە زمانی كوردی و عەرەبی لە خزمەتتاندایە. ئێمە بەردەوام فێر بووین كە لە ڕێی بەڵگەوە قسە بكەین و هەموو ئەو شەڕ و چەواشەكاری و درۆیەی دەرهەق بە ئێمە، هەرێمی كوردستان، دوێنێی سەروەرییەكان، ئەمڕۆی حكومەتی هەرێم و دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێ، بە هێمنی وەڵام بدەینەوە، دوور لە تانە و تەشەر، بە لۆژیكییەوە بە هەمووان بڵێین: كوردستان هی هەموومانە و دەبێ ئارام گوێ لە جیاوازییەكان بگرین».

بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە پەیڤەكەیدا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی هەموو ئەو بەڕێزانە كرد كە بەشداریی ئەڵقەكانی بازنەی گفتوگۆیان كردووە و هەروەها هەموو ئەوانەشی كە بەشداربوون لە ڕاپرسی و ڕاپۆرتە مەیدانییەكان، هەر لەم بارەیەوە گوتی: «لێرەوە دەمەوێ بە سوپاسەوە ئاوڕێك لە سێ ساڵ و نیوی بازنەی گفتوگۆ بدەمەوە و سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی بە پیتێك، بە وشەیەك، بە ڕستەیەك لەگەڵمان بوون و بەیانیش لەگەڵمان دەبن. بەخێرهاتنی هەموو ئەو میوانانە دەكەین كە ئەمڕۆ لێرەن و ڕێز و دیاری و كتێبی بازنەی گفتوگۆ وەردەگرن. سوپاس بۆ میدیاكاران كە بەردەوام لەگەڵمانن و لەڕێی ڕووماڵە فراوانەكانیانەوە دیدگاكانی ئێمە دەگوێزنەوە، كە دیدگای هەرێمی كوردستانە، دیدگای ڕاستەقینەی دیالۆگە».

دواتر هاتە سەر گرنگیی نووسینەوەی مێژوو بە زمانی «گفتوگۆ و لێكتێگەیشن» و لە بارەی نووسینەوەی مێژوو بۆ نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت گوتی: «ئێمە ئەمڕۆ كتێبێك بە دیاری پێشكەش دەكەین كە خاوەنی كتێبەكە ئێوەن، بیروڕا جیاوازەكانن، ئەو هاووڵاتییە ئازیزانەن كە لە قۆناغە جیاوازەكان لەڕێی ڕاپۆرتەكانی بازنەی گفتوگۆوە ئاخافتنیان كردووە، ئەو تێكۆشەر و ئەكادیمی و نووسەر و لێكۆڵەرانەن كە لە ڕێگەی بازنەكانی گفتوگۆوە بیروڕایان دەربڕیوە، كە ناونیشانەكەی جێی هەڵوەستەیە: «نووسینەوەی مێژوو بە زمانی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن».

گوتیشی: «نووسینەوەی مێژوو، بۆ گەلێكی بێدەوڵەت و هەڕەشە لەسەر، زۆر گرنگە. دەستگرتنی نەوەكان بە دوێنێوە، بۆ خەمەكانی دوێنێ، بۆ دەستكەوتەكانی دوێنێ زۆر گرنگن، لەوەش گرنگتر ئەوەیە ئەو نەتەوە قوربانیدەرە دەبێ لەڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە لە یەكتر بگات، نەك لەڕێگەی شەڕ و توندوتیژی و ئازاردانی یەكترەوە، كە بەداخەوە ئێستا بەشێك لەو كەشوهەوا نەرێنییە باڵی بەسەر ژیانی سیاسی، كولتووری، كۆمەڵایەتیی كوردستاندا كێشاوە. دەبێ لەوە تێبگەین كە نەتەوە و دیوارەكانی نەتەوە، نەتەوە و ژێرخانی نەتەوە، نەتەوە و خەونی نەتەوە لە ڕێگەی لێكتێگەیشتنەوە بەرهەم دێت، واتە ئەگەر ئێمە گفتوگۆشمان كرد، بەڵام گفتوگۆ دەستپێك نەبوو بۆ لێكتێگەیشتن، كەواتە گفتوگۆ بێ بەرهەم دەمێنێتەوە و ناگاتە لێكتێگەیشتن، وەك بەشێك لەم گفتوگۆیەی كە ئێستا لە كوردستاندا هەیە و ناگاتە لێكتێگەیشتن. گفتوگۆی عاقڵانە و گفتوگۆی دڵسۆزانە ئەو گفتوگۆیانەن كە دەمانگەیەننە لێكتێگەیشتن.

Top