پیربوونی مێشك

پیربوونی مێشك

 پیربوونی مێشك Brain aging كردارێكی بایۆلۆژییە بە شێوەی گۆڕان لە خانە و پێكهاتە و فرمانی خانەكاندا، كە بە درێژایی تەمەن لە مێشكدا ڕوو دەدات. پیربوونی مێشك گۆڕانە فیزیكییەكان و گۆڕان لە پێكهاتەدا دەگرێتەوە بە شێوەی پووكانەوە، یان بچووكبوونەوەی قەبارە و كێشی مێشك بە ڕێژەی 5% لە هەر 10ساڵدا پاش 40 ساڵی تەمەن، لەگەڵ پووكانەوەی دەمارەخانەكان و كەمبوونەوەی توانای مێشك بۆ دروستكردنی دەمارەخانەی نوێ، هەروەها لەدەستدانی ماددەی سپی White matter یان مایێلن Myelin كە بریتییە لە چینی داپۆشەری دەمارەكان بەمەشەوە توانای گواستنەوەی سیگناڵەكان لە نێوان بەشەكانی مێشكدا لەسەرخۆدە بێتەوە، هاوكات لەگەڵ كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی ماددەی كیمیاییە نامەبەرەكانی وەكو دۆپامین و سیرۆتۆنین لە خانەكانی مێشكدا. ئەو هۆكارانەی ڕۆلیان لە پیربوونی مێشكدا هەیە: بۆماوە (جینەكان)، ستایلی ژیان، ژینگە بەتایبەتی پیسبوونی هەوا، لەگەڵ باری كۆمەڵایەتی/ ئابووری. نیشانەكان: لەسەرخۆبوونەوەی كرداری بیرهاتنەوەی ناو یان وشەكان، گرفت لە دەربڕینی پیت و وشەكان، هەروەها گرفت لە ئەنجامدانی چەند كارێك لە یەك كاتدا.

 

Top