زێرەڤان شێڕوانشی سەرۆكی ڕێكخراوی مەنك لە زاخۆ: بەبێ بوونی حكومەتێكی كارا و یەكگرتوو، ناتوانین كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین
دۆخی سیاسیی ئێستای هەرێمی كوردستان و چەقبەستنی پڕۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بۆ ماوەی نزیكەی دوو ساڵ، هاوشان لەگەڵ ناچالاكبوونی پەرلەمان، پێویستی بە سەرنجدانێكی جددی و نیشتمانی هەیە. پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بگەنە ئەو بڕوایەی كە بەردەوامبوونی ئەم دۆخی چەقبەستووییە، كاریگەری و مەترسیی گەورە لەسەر داهاتووی وڵات و دەستكەوتەكان دروست دەكات. دەرەنجامە نەرێنییەكانی پەككەوتنی پڕۆسەی سیاسی تەنیا لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەكاندا قەتیس نەماونەتەوە، بەڵكو ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆ و قورسیان لەسەر بازاڕ، ئابووری، گەشەی بازرگانی و بژێویی ڕۆژانەی هاووڵاتیان دروست كردووە.
یەكێك لە پرسە هەرە گرنگ و هەستیارەكان، پرسی مووچەی فەرمانبەران و پاراستنی مافە داراییەكانی هەرێمی كوردستانە. بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە ئابوورییەكان، لایەنە كوردییەكان پێویستیان بەوەیە ناكۆكییە ناوخۆییەكانیان وەلابنێن و بە یەك گوتاری هاوبەش، یەكدەنگ و یەكڕەنگ لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ لە بەغدا بچنە سەر مێزی گفتوگۆ. نەبوونی یەكدەنگی لە نێوان لایەنەكاندا پێگەی دانوستاندنی هەرێم لاواز دەكات و دواجار زیانی زیاتر بە بژێوی خەڵك دەگەیەنێت.
لەلایەكی دیكەوە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا بە قۆناغێكی پڕ لە گۆڕانكاریی خێرا و ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت. ئەم بارودۆخە نوێیە وا دەخوازێت كە هەموو هەوڵە ناوخۆییەكان بە ئاڕاستەی پێكهێنانی خێرای حكومەتێكی كارا یەكبخرێن. مانەوەی هەرێمی كوردستان بەبێ حكومەتێكی خاوەن دەسەڵاتی تەواو لەم قۆناغە هەستیارەدا، دەبێتە هۆی دروستبوونی مەترسیی ڕاستەوخۆ لەسەر قەوارە دەستووری و سیاسییەكەی. تەنیا لە ڕێگەی ناوماڵێكی ڕێكخراو و دامەزراوەی بەهێزەوە دەتوانرێت پارێزگاری لە بەرژەوەندییە باڵاكان بكرێت.
ئەو پێشنیار و نەخشە ڕێگانەی كە ئێستا بۆ پێكهێنانی حكومەت لە ئارادان، پێشتر و لە دوو ساڵی ڕابردوودا باسیان لێوە دەكرا و پێشبینی دەكران. هەرچەندە جێبەجێكردنی ئەم پێشنیارانە دواكەوتووە، بەڵام هێشتا كات ماوە و هەر هەنگاوێك كە بەرەو پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانی و گشتگیر بنرێت، بە ئەرێنی هەژمار دەكرێت. پێكهێنانی كابینەیەكی نوێ كە لەسەر بنەمای خزمەتگوزاری، باشتركردنی گوزەرانی هاووڵاتیان، دابینكردنی مووچە و كەمكردنەوەی زیانە داراییەكان دامەزرابێت، پێشنیارێكی تەواو پێویست و لەجێی خۆیەتی. ئەگەرچی پێویست بوو ئەم هەنگاوانە زۆر زووتر بنرێن، بەڵام لە ئێستاشدا خێراكردنی پڕۆسەكە باشترین بژاردەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان و پاراستنی سەقامگیری.
