یاسای کۆتەکان و واژۆی دیلەکە لە زیندان

یاسای کۆتەکان و واژۆی دیلەکە لە زیندان


هیچ شتێک هێندەی "ڕێککەوتنی ناو زیندان" گاڵتەجاڕی بە چەمکی ئازادی و ئیرادەی مرۆڤ ناکات. کاتێک مرۆڤێک لەژێر سایەی دیوارە بەرزەکان، لەژێر سێبەری قامچی و لە ژینگەی زەبروزەنگدا واژۆ لەسەر کاغەزێک دەکات، ئەوە ڕێککەوتنی دوو لایەنی هاوتا نییە، بەڵکو تەنیا نووسینەوەی مەرجەکانی کۆیلایەتی و تەسلیمبوونە بە زمانی یاسا.
چۆن دەکرێت دانوستان لەگەڵ کەسێکدا بکەیت کە کلیلەکانی ژوورەکەی لە گیرفانی خۆتدایە؟ دیل، کاتێک لەژێر دەسەڵاتی ڕەهادایە، مافی هەڵبژاردنی نییە؛ ئەو تەنیا لە نێوان "مانەوە لە تاریکییەکی ڕەها" یان "قبوڵکردنی ڕووناکییەکی ساختە و مەرجدار" دانەیەکیان هەڵدەبژێرێت. لێرەدا، پێنووسەکە خۆی دەبێتە بەشێک لە کۆت و زنجیرەکە، نەک کەرەستەیەک بۆ دەربڕینی ڕای ئازاد.
ئەم جۆرە هاوپەیمانی و سازشانە، پێش ئەوەی ڕێککەوتنی سیاسی بن، بەڵگەی هەرە ڕوونی شکستی ئەخلاقیی هێزن. مێژوو هەمیشە سەلماندوویەتی کە ڕێککەوتنی ژێر زەبروزەنگ، وەک ئەو تەوقەکردنەیە کە دەستێک مەرەکەبی ڕێککەوتنەکە بڕێژێت و دەستەکەی تریش لەسەر ماشینی چەک بێت. ئەوەی لە زینداندا دەنووسرێت و واژۆ دەکرێت، تەنیا مەرجەکانی گرتووخانەیە کە گۆڕدراون بۆ دێڕی سەر کاغەز، نەک ئیرادەی ڕاستەقینەی مرۆڤێک کە لە دەرەوەی دیوارەکان بڕیار بدات.

 

Top