مامۆستا مەلا عومەر سوێری بۆ گوڵان: مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕشەكانی كوردستاندا ڕۆڵێكی بەرچاویان گێڕاوە و زۆربەی هەرە زۆریان پەیوەندییەكی توندوتۆڵیان لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی هەبوو

مامۆستا مەلا عومەر سوێری بۆ گوڵان:     مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕشەكانی كوردستاندا ڕۆڵێكی بەرچاویان گێڕاوە و زۆربەی هەرە زۆریان پەیوەندییەكی توندوتۆڵیان لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی هەبوو

 

 

 

مامۆستا مەلا عومەر سوێری، زانا و كەسایەتیەكی هەڵكەوتووی شاری هەولێرە، پێشتر ئەندامی مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی زانایان و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەتوا بووە و ڕۆڵێكی بەرچاوی لە خزمەتكردنی ئەو ڕێكخراوە هەبووە، لە بواری نووسینیش خاوەنی دەیان كتێب و بەرهەمی ناوازەیە، كە بوونەتە سەرچاوەی گرنگ بۆ زانایانی ئایینی و خوێندەواران، لە بواری تەدریس و پێگەیاندنی قوتابیی ئایینی جێدەستی دیار بووە، هەڵگری هەستێكی بەرزی كوردایەتی و پابەندییە بە ڕێبازی ڕاستەقینەی گەورە زانایانی كوردو بۆچوونی جوان و تایبەتی هەیە، ئێستا پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی سەوافە لە شاری هەولێر. گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ سازدا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

 

 

* چۆن دەڕواننە ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی نێوان ئیمان و خۆشەویستیی نیشتمان لای زانایانی ئایینیی كوردستان و ڕۆڵی مێژووییان لە هزری نەتەوەییدا؟

- بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان. گومانی تێدا نییە كە مامۆستایانی ئایینی لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا و تەنانەت پێش سەرهەڵدانی شۆڕشە تازەكانیش، هەمیشە خاوەن هەستێكی قووڵی نیشتمانی و نەتەوەیی بوون، كە ئەم دڵسۆزییە لە نووسین و بەرهەمە بەجێماوەكانیاندا بە ڕوونی ڕەنگی داوەتەوە. تەنانەت زۆربەی شاعیر، ئەدیب و نووسەرە گەورەكانی ڕابردووی كورد لە ڕیزی زانایانی ئایینیدا بوون، چونكە لە غیابی قوتابخانە حكوومییەكاندا، حوجرە و مزگەوتەكان ناوەندی سەرەكیی خوێندەواری و پەروەردە بوون.

لەبەر ئەوە، لە شۆڕشەكانی هەر چوار پارچەی كوردستاندا، مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵێكی بەرچاویان گێڕاوە، بەتایبەت لە شۆڕشی ئەیلوولدا كە زۆربەی هەرە زۆریان پەیوەندییەكی توندوتۆڵیان لەگەڵ خوالێخۆشبوو مەلا مستەفادا هەبوو، بەشێك لە مامۆستایان لە دەرەوە بوون پێشمەرگایەتییان دەكرد، ئەوانی دیكەش لە حوجرەكانی خۆیانەوە خزمەتیان دەكرد و حوجرەكانیان ببووە مۆڵگەی كۆبوونەوەی پێشمەرگە.

یەكێك لەوانە باوكم بوو كە زانایەكی ناسراوی كوردستان و خەڵكی سۆران بوو، لە شەستەكان و لە سەردەمی حەرەس قەومیدا كە دۆخێكی دژوار بوو، پێشمەرگەكان شەوانە چەكەكانیان لە ماڵی ئێمە دادەنا و كۆبوونەوەكانیشیان لە حوجرەكەی باوكمدا دەبەست. ئێستاش زۆربەی زۆری مامۆستایانی ئایینی خاوەن هەستێكی بەرزی نەتەوەیین، سوپاس بۆ خودا مێژوویەكی پاكیان هەیە و كارنامەیان لە هەر خیانەتێك بەدوور بووە.

* ڕۆڵی مێژوویی حوجرەی مزگەوتەكانی كوردستان لە پاراستنی زمان، گەشەكردنی بیری نەتەوەیی و پێگەیاندنی سەركردەی سیاسی و نیشتمانی لە كوردستاندا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

- بە ڕاستی هیچ گومانێك لەوەدا نییە، بۆ نموونە، قازی محەمەدی زانایەكی ئایینی گەورە بوو. مەلا مستەفا بارزانی بە هەمان شێوە، خوێندن و پەروەردەكەیان لە سەرەتادا خوێندنی مەلایەتی بووە. لە باكووریش، شۆڕشەكانی شێخ سەعیدی پیران و نەهرییەكان، لەگەڵ شێخ سەعیدی نوورسی كە زانایەكی گەورەی كورد بوو، لە حوجرەكاندا پێگەیشتن. مێژووی شۆڕش و خەباتی ئەوان هێندە ڕوونە، كە تا جیهان مابێت هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

* بنەما شەرعی و ئەخلاقییەكانی هەڵوێستی مێژوویی زانایانی ئایینی كوردستان دژ بە ستەم و داگیركاریی ڕژێمەكانی عێراق لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟

- سەبارەت بە زانایانی ئایینی، ڕوونە كە ئەو زانستەی هەیانە، بریتییە لە زانستی شەریعەت و ئایینی ئیسلام. ئایینی ئیسلامیش بەردەوام فەرمان بە دادپەروەری، بەزەیی، لێبوردەیی و برایەتیی نێوان مرۆڤەكان دەكات. مامۆستایانی ئایینی هەمیشە لەگەڵ گەلەكەیاندا بوون و پەیوەندیی برایەتییان لەگەڵ عەرەب، تورك و نەتەوەكانی تردا پاراستووە، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڤێنیزمی عەرەبی و دیكتاتۆریەتدا، ئەو برایەتییە كۆتایی هات، لێرەوە مەلاكانیش شانیان دایە شانی گەلەكەیان و دەستیان بە خەباتی كوردایەتی، پێشمەرگایەتی، پاراستنی خاك و ڕەتكردنەوەی زۆرداری كرد.

تەنانەت لە ساڵانی ١٩٦٢ و ١٩٦٣دا، لە بەغداوە بانگهێشتی سەرجەم مەلایانی عێراق، لەوانەش مەلایانی كورد كرابوو، تاوەكو فەتوا بدەن كە شەڕی دژ بە كورد جیهاد و غەزایە و وەك یاخیبوو وێنایان بكەن. بەڵام مەلایانی كورد كە بە ژمارەیەكی بەرچاو بەشدار بوون، بە توندی ئەمەیان ڕەت كردەوە و گوتیان: نەخێر، ئەم فەتوایە ڕاست نییە، كورد گەلێكی موسڵمانە و تەنیا داوای مافە ڕەواكانی خۆی دەكات.

لەوێدا مەلایەكی عەرەبی خەڵكی مووسڵ بە ناوی مەلا عەلی شیمالی، قسەی ڕەق و نەشیاوی دژی كورد كرد، لە بەرانبەردا مامۆستا مەلا ساڵحی كۆكەیی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) كە لە هەولێر بوو و یەكێك بوو لە زانا هەرە دیارەكانی عێراق، بە توندی تووڕە بوو و پێی گوت: «تۆ كەسێكی گومڕایت و زانایەكی نەزانی...»، تەنانەت لەبەر زۆریی تووڕەییەكەی، كورسییەكەی ژێر خۆی هەڵگرت و لە ناوەڕاستی ئەو كۆبوونەوە گەورەیەی بەغدادا كێشای بەو مەلایەدا.

* زانایانی ئایینی لە هەر چوار پارچەی كوردستان خاوەن یەك گوتار و یەك هەڵوێستی نەتەوەیی بوون، ئەم یەكگرتووییەی زانایان چۆن بووەتە هەوێنی پاراستنی یەك پارچەیی خاكی كوردستان لە ڕووی مەعنەوییەوە؟

- بێگومان ئەركی سەرشانی زانایانی ئایینییە، كە زیاتر لە خەڵكانی دیكە هەست بەم بەرپرسیارێتییە نەتەوەییەی خۆیان بكەن، چونكە زیاتر لەسەر شانی ئەوانە كە داوای مافەكانی گەلی خۆیان بكەن لە هەر پارچەیەكی كوردستان بێت، بەبێ جیاوازی. من لەبیرمە پێشتر زۆرێك لە زانایانی ئایینی لە هەر چوار پارچەكەوە دەهاتنە پارچەكانی دیكە. بۆ نموونە مەلایانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لێرە بوون. تەنانەت چاكم لەبیرە لە حوجرە و قوتابخانە ئایینییەكەی باوكمدا، ژمارەیەك فەقێ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە هاتبوون و لای باوكم دەیانخوێند، هەندێكیشیان خەڵكی باكوور و تەنانەت هی سووریاشیان تێدا بوو. لە دەوروبەری ساڵانی شەست و یەك و ئەوانەدا، یەكێكیانم لەبیرە بە ناوی مەلا سەڵاحەدین كە خەڵكی باكوور بوو و لای باوكم دەیخوێند، زۆر لێهاتوو و نیشتمانپەروەر بوو، هەمیشە باسی كوردایەتی دەكرد. تەنانەت كاتێك مەلا مستەفای بارزانی لە ڕووسیا گەڕابووەوە، ئەو فەقێ نیشتمانپەروەرە لەگەڵ باوكمدا پێكەوە بەرەو دۆڵی گەلاڵە بەڕێكەوتن بۆ لای مەلا مستەفا بارزانی و پێشوازییان لێكردبوو. لەو سەردەمەدا كە مەلا مستەفا بارزانی لە سۆڤیەت گەڕابووەوە و لە گەلاڵە بوو، باوكم چووبوو بۆ لای و هەر لەوێشەوە پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لەنێوانیاندا دروست ببوو.

* ڕۆڵی مەلا و زانایانی ئایینی لە كوردستان چی بووە لە چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان و پاراستنی شیرازەی كۆمەڵگە و مافەكانی ئافرەت بەپیی شەریعەتی ئیسلامی؟

- دیارە زۆربەی زانایانی ئایینی دوو كار دەكەن، بەشێكیان بیروباوەڕ و پەروەردەی ئیسلامی پێشكەش دەكەن، بەشەكەی دیكەشیان خەریكی كێشەی شەریعەت، چاكسازی و ئاشتكردنەوەی خەڵكن. مامۆستای ئایینی بە گشتی، هەمیشە ئاشتی، برایەتی و پێكەوەژیانی قەبووڵە. تەنانەت مەلایان لەو سەردەمە كۆنانەدا، كاتێك جووەكان لە كوردستان دەژیان و ستەمیان لێ دەكرا، یان كێشەیان دەبوو، دژیان نەدەبوون، بەڵكو بەرگرییان لێدەكردن. تەنانەت كاك ئەحمەدی شێخ ڕەحمەتی خوای لێبێت، ڕێبەرێكی مەزن بوو، جوو و خەڵكانی دیكەش لای كاریان دەكرد و لە حوجرە و مزگەوتەكەیدا خزمەتی دەكردن. كەواتە ڕۆڵی مامۆستای ئایینی بەپێی بنەماكانی ئیسلامی پیرۆز، هەمیشە ڕۆڵی بەدیهێنانی ئاشتی، پێكەوەژیان و برایەتی بووە.

هەروەها ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە یەك چاو سەیری ژن و پیاو دەكات، بەڵكو لە زۆر حاڵەتدا ئافرەت بە پێشتر و پیرۆزتر لە پیاوان دادەنێت. زۆر جار لە نێو ئافرەتاندا هاوەڵانی پێغەمبەر (د.خ) هەبوون، زانای گەورەیان تێدا بووە، لە ئافرەتانی كورد لە بنەماڵەی مەلایان، كچ و ژنی خوێندەوار و زیرەك و تێگەیشتوو هەبوون. لەبەر ئەوە مامۆستای ئایینی بە چاوی ڕێزەوە سەیری ژنی كردووە، هەرگیز وا نەبووە مەلا بڵێت ژن كەمترە و نكوڵی لە مافەكانی بكات. بەڵكو لە دیدی مامۆستایانی ئایینیدا ژن و پیاو یەكسانن و پێویستە بە یەك چاو سەیر بكرێن. هەر مافێك پیاو هەیبێت، ئافرەتیش هەیەتی. ئەوەتا قورئانی پیرۆز و پێغەمبەر (د.خ) ئەمەمان پێ ڕادەگەیەنن.

مافی ئافرەت لە ئایینی ئیسلامدا لە ئاستێكدایە كە تەنانەت لە زۆر یاسای كۆمەڵایەتیی ئەوروپیش زیاترە. ئەوانەی ئێستا زۆر باسی مافی ژنان دەكەن، گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی ئازادیی بێ سنوور زیانی بە ئافرەتان گەیاندووە. ئێستا لە ئەوروپا نزیكەی پەنجا ساڵە كە ژن دەچێتە دەرەوە و ناچارە كار بكات و خزمەتی ماڵ بكات، پیاوەكانیش قازانج دەكەن. ئێستا لە زۆر ناوچەی ئەوروپادا ڕێكخراو هەیە بە ناوی ڕێكخراوی «مافەكانی پیاوان»، بەڵام تا ئێستاش لە ئەوروپا زۆرجار ژنان هاوار دەكەن كە ستەمیان لێ دەكرێت و دەیانەوێت بگەڕێنەوە نێو ماڵ و خێزانی خۆیان. كەواتە لە نێو ئایینی ئیسلامدا، ئافرەت بە ڕێز و كەرامەتی خۆیەوە دەژی و هیچ ستەمێكی لێ ناكرێت.

* زانایانی ئایینی لە كوردستان چۆن توانیویانە لە ڕێگەی پەیڕەكردنی مۆدێلی میانڕەوی ئیسلامییەوە بەرەنگاری سەرهەڵدانی هزری توندڕەوی ببنەوە و سنوورێك بۆ كاریگەرییەكانی ئەم فكرە لەسەر توێژی گەنجان دابنێن؟

- ئەم پرسە بابەتێكی زۆر هەستیار و پڕ بایەخە. لە ڕاستیدا پێش ئەوەی حكومەت هەنگاو بنێت، ئەركی پێشینەی مامۆستایانی ئایینییە، كە ڕووبەڕووی توندڕەوی ببنەوە و ڕێگری لێ بكەن. ئەو گەنجانەی بە هۆی پلانی نەیارانی گەلەكەمانەوە دەكەونە ژێر كاریگەریی بیری توندڕەوی، پێویستە بە حیكمەت، نەرمونیانی و بەڵگەی دروست بگێڕدرێنەوە. ئێمە بەڵگەی ڕوونمان لەسەر گرنگیی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی هەیە. ئەو تاقم و گرووپە توندڕەوانەی لە شێوازی حزب، یان گرووپەكاندان، ئاشكرایە كە مەلای ڕاستەقینەیان تێدا نییە و لە حوجرەكاندا نەیانخوێندووە. هەر كەسێك لە حوجرەی مەلادا پەروەردە بووبێت، نابێتە توندڕەو و بیری توندڕەوی بڵاو ناكاتەوە، چونكە ئایینی ئیسلام بە سرووشتی خۆی دوورە لە توندڕەوی. ئیسلام پەیامێكی خوداییە كە وەك ڕەحمەتێك بۆ موسڵمانان و ناموسڵمانان نێردراوە. خوای گەورە هەروەك چۆن پەروەردگاری موسڵمانانە، خوای كریستیان، جوو، بوودی و سەرجەم پێكهاتە و نەتەوە جیاوازەكانی دیكەشە. خودا ئایینی بۆ ڕێنماییكردنی مرۆڤەكان ناردووە، نەك بۆ ئەوەی بیاننێرێتە دۆزەخەوە. هەروەكو دەفەرموێت «وما أرسلناك إلا رحمة للعالمین»، پێغەمبەری بۆ ڕەحمەت، ئارامی و ئاشتی بۆ مرۆڤایەتی ڕاسپاردووە. كەواتە توندڕەوی دیدگایەكە كە تەواو پێچەوانەی بیركردنەوە و بنەماكانی مامۆستایانی ئایینییە. وەك ئاماژەم پێدا، لە نێو گرووپە توندڕەوەكاندا هیچ مەلا و فەقێیەك بوونی نییە، ئەوانەی ئەو ناونیشانانەش بەكار دەهێنن، تەنیا بۆ مەرامی سیاسییە.

* ئەرك و بەرپرسیارێتیی ئێستای زانایانی ئایینی چییە لە بەهێزكردنی ناسنامەی نیشتمانی و پارێزگاریكردن لە دەستكەوتە نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستاندا؟

- مامۆستایانی ئایینی بە حوكمی بیروباوەڕ و زانستەكەیان، داكۆكیكردن لە نەتەوە و گەڕاندنەوەی مافە زەوتكراوەكانیان بە ئەركێكی پیرۆز دەزانن، پێویستە مامۆستایانی ئایینی وەك كادیرێكی نیشتمانی و پێشمەرگەیەكی دڵسۆز لە ڕیزی پێشەوەی بەرپەرچدانەوەی دوژمناندا بن.

هەندێك كەس بەناوی ئیسلامەوە، بە هەڵە پرسی نەتەوایەتی وەك بابەتێكی قەدەغەكراو نیشان دەدەن، چونكە جیاوازیی نێوان نەتەوایەتی و ڕەگەزپەرستییان نەكردووە. لە ئیسلامدا تەنیا ڕەگەزپەرستی حەرامە، لە كاتێكدا نەتەوایەتی ڕێزگرتنە لەو جیاوازییەی زمان و ڕەنگانەی خودا وەك نیشانەیەكی دەسەڵاتی خۆی لە قورئاندا باسی كردوون. دژایەتیكردنی زمان و ناسنامەی هەر گەلێك، ناڕازیبوونە بە ویستی خودا.

لەم سۆنگەیەوە، خەریكی نووسینی كتێبێكم بە ناونیشانی «نەتەوایەتی لە ئیسلامدا» كە بەرەو كۆتایی دەچێت. تێیدا ڕوونم كردووەتەوە كە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی نەك هەر ڕێگەپێدراوە، بەڵكو واجبێكی شەرعیشە. هەموو گەلان مافی دەوڵەت و سەربەخۆییان هەیە، بۆیە كوردیش وەك نەتەوەیەكی ماف زەوتكراو پێویستە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی تێبكۆشێت. بە هیوام بەم زووانە ئەم كتێبە چاپ و بڵاو ببێتەوە.

 

Top